ته‌ڤگه‌ری ژنانی كوردستان له‌ ئه‌ورووپا: دڵی دایكان له‌ فاشیزم به‌هێزتره‌

ته‌ژه‌كه‌ - ئه‌ورووپا ده‌رباره‌ی هێرشی پۆلیسی توركیا بۆ سه‌ر دایكانی شه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند: «ده‌وڵه‌تی توركی فاشیست و دوور له‌ مرۆڤایه‌تی ده‌بێ بزانێت كه‌ ئه‌م به‌رخۆدانه‌ی دایكانی شه‌ممه‌ به‌ ئازار و توڕه‌یی گه‌شتر ده‌بێت.»

ته‌ڤگه‌ری ژنانی كوردستان له‌ ئه‌ورووپا (ته‌ژه‌كه‌ - ئه‌ورووپا) ده‌رباره‌ی هێرشی دوێنێی پۆلیسی توركیا بۆ سه‌ر دایكانی شه‌ممه‌ له‌ مه‌یدانی گاڵاتاسه‌رای ئیسته‌نبووڵ ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌، چالاكی به‌ پێشه‌نگایه‌تیی دایكی ئه‌و كه‌سانه‌ی بێسه‌روشێنن، سه‌ره‌ڕای هێرشه‌ فاشیسته‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك و هه‌لومه‌رجی سه‌ختی سرووشتیش، ماوه‌ی ٧٠٠ هه‌فته‌یه‌ به‌رده‌وام بووه‌.

ته‌ژه‌كه‌-ئه‌ورووپا سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر هێرشی ده‌وڵه‌تی توركیا بۆ سه‌ر دایكانی شه‌ممه‌ له‌ چالاكیی هه‌فته‌ی ٧٠٠ هه‌مین و گوتی: «ده‌بێ ده‌وڵه‌تی توركی فاشیست و دوور له‌ مرۆڤایه‌تی بزانێت كه‌ ئه‌م به‌رخۆدانه‌ی دایكانی شه‌ممه‌ به هیوا،‌ ئازار و توڕه‌یی گه‌شتر ده‌بێت. له‌ ئێستا به‌دواوه‌ش وه‌ك هه‌فته‌كانی پێشوو، دایكانی شه‌ممه‌ و كه‌سوكاریان هه‌رگیز سه‌ری خۆیان له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م هێرشانه‌ دانانه‌وێنن و هه‌تا ئه‌و كاته‌ی بكوژه‌كان دادگه‌یی ده‌كرێن و دادپه‌روه‌ری به‌دیدێت به‌رده‌وام ده‌بن له‌ چالاكی.»

«ئێمه‌ وه‌ك ژنانی كورد له‌ هه‌موو وه‌ڵاتانی ئه‌ورووپا، به‌ توڕه‌ییه‌وه‌ هێرشه‌ فاشیسته‌كانی سه‌ر دایكانی شه‌ممه‌ و كه‌سوكاریان ئیدانه‌ ده‌كه‌ین. له‌ هه‌ر شوێنێك كه‌ ئێمه‌ی لێ ده‌ژین، له‌ هه‌موو هه‌لومه‌رجێكدا خاوه‌نداره‌تی له‌ تێكۆشانی مافداری ئه‌وان ده‌كه‌ین و له‌پێناو ئه‌وه‌ی به‌رخۆدانه‌كه‌یان به‌ هه‌موو جیهان ڕابگه‌یه‌نین ئێمه‌ له‌ ته‌ك ئه‌وان ده‌بین.»

s.m