دەستەی بەڕێوەبەری کەژەکە بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر رۆژی رەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە دژی ژنان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕاگەیاندراوەکە بەمشێوەیەیە:
بە کوشتنی ژینا ئەمینی، ڕاپەڕینەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیانپێکرد و بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' بە وڵاتەکەمان و سەرتاسەری جیهاندا بڵاوبوویەوە. ئێمە لە ناو شکۆمەندی و گەرمەی جۆش و خرۆشی ئەم پرۆسە و قۆناغەداین. بەتایبەتی تووڕەیی هەزاران ساڵەی ژنان، کە هاوڕێییان شەهیدسارا و شەهید ڕوکەن بە دوژمنیاندا تەقاندەوە، باوەڕی ئێمە بە سەرکەوتن، هەستەکانمان بۆ تێکۆشان و خەبات، تۆڵەسەندنەوە و ڕاپەڕینی ٢٥ی نۆفەمبەر بەهێزتر و گەورەتر دەکات. هەر دوای ئەوە کوشتنی ئەندامی کۆمیتەی ژنۆلۆژیی هەڤاڵمان ناگەهان ئاکارسەل لەلایەن هێزە فاشیستەکانی دەوڵەتی تورکەوە، بۆ تێکشکاندنی هۆشمەندی و هۆشیاری و باوەڕ بە سەرکەوتن بوو، ئەم هاوڕێ شەهیدانەمان هاوڕێیانی ئازادی و سەرکەوتنمانن، کە گەیشتوونەتە ئاستی خوداوەندی، بۆیە لە ٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ دا پێشوازی لەو ئاستە دەکەین، کە خەبات و تێکۆشان، لێهاتووی و هێزی ئاوەز و دانایی ژنانی شکۆمەند گەیشتووەتە لوتکە. ئەمساڵ نەک بە وتن و باسکردن لە لایەنی دەروونیی قوربانییەکان، بەڵکو بە سایکۆلۆژییەتی ڕاپەڕین، تێکۆشان و خەبات و سەرکەوتن پێشوازی لەو ڕۆژە دەکەین.
ئێمە بە ڕێزەوە یادی هەموو شەهیدانی ژنمان دەکەینەوە، کە لە ڕۆزا لوکسەمبورگ و خوشکانی میرابێل تاوەکو سارایاکان، سێوە، دەنیز پۆیراز، ژینا، هەڵبەست و ناگەهان لە دژی دەوڵەتەکانی پیاوی بکوژ، نەریتی ژنانی شۆڕشگێڕ بە گیانی خۆیان بەردەوامی پێدا و میراتێکی گەورەیان بۆ ئێمە دروستکرد. هەروەها هەموو ئەو ژنانە، کە لەلایەن عەقڵییەتی زایەندپەرەستی، نەریتی و دەوڵەتی پیاوەوە کراونەتە ئامانجی دەستدرێژی، ئەشکەنجە و توندوتیژییە، بۆ ئێمە ئەو پاساوەیە، کە تێکۆشانی ژنان زیاتر و گەورەتر بکەین. بۆ یادی ئەو ژنانە، کە کۆمەڵکوژ کران، ئێمە بە پێداگرییەوە سوورین لەسەر ئەوەی تێکۆشانمان بۆ ژیانێکی دیموکراتیک، یەکسان و ئازاد، شۆڕشی ژنان گەورەتر بکەین.
تێکۆشانی ئازادیی ژنانی کورد دەبێتە گۆڕستانی دیکتاتۆریی فاشیست!
لە ساڵی ٢٠٢٢دا بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە لە ئاستێکی نائاسایی و ئاوارتەدایە. بۆ ئێمە دەوڵەتی تورکی فاشیست و هێزە نێونەتەوەییەکانی پشتیانەوە، بۆ پاکتاوکردن و کۆمەڵکوژکردنی کوردان و پاکتاوکردنی تێکۆشانی ئازادیی ژنان هاوکارییان دەکەن و هێرشی فرە لایەنە ئەنجام دەدەن. ئەشکەنجەی گۆشەگیریی تووندی سەر ڕێبەر ئاپۆ بە توندی بەردەوامە، کە رێبەر ئاپۆ ژیان و کەسایەتیی خۆی بە ئازادیی ژنان بەخشیوە. ڕێبەر ئاپۆ بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی کارێکی کرد، کە سەدەی ٢١ ببێت بە سەدەی ژن. بۆیە ئەرکی سەرەکیی ئێمەیە، کە لە دژی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ، تێکۆشان بۆ ئازادییان، ئەرکی سەرەکیی ئێمەیە.
دەوڵەتی تورکی فاشیست بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی قەدەغەکراو لە دژی گەریلا تاوەکو کۆمەڵکوژکردن بە رۆژی ڕووناک، هەموو جۆرە ئەشکەنجەکردنێکی زیندانیان تاوەکو قەدەغەی زمان، کولتور و هەبوون، لە هەموو ئاست و جومگەکانی ژیان دا بە توندوتیژی دەوڵەتی پیاو، بە مردن دایدەپۆشێت. پێش هەموو شتێک ئەرکی سەرەکیمان ریسواکردنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و تاوانەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیستە. دەبێت ئێمە بە هێزی پشتگیری لە گەریلایانە بکەین، کە دەیانەوێت بە چەکی کیمیایی هەناسەیان لێ ببڕن و بیانخنکێنن. گەریلاکانی کوردستان بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی ئیرادەی ئازادانەی ژنان و گەلان بکەن، بە شێوەیەکی بێ هاوتا و نابەرابەر شەڕ دەکەن. ئێمەی ژنان دەبێت ئەو تێکۆشانەی گەریلا بەهێزتر و تەواو و کامڵ بکەین. دەبێت ئێمە هەم فاشیزمی دەوڵەتی تورک و هەم پارتی (پەدەکە) ڕیسوا بکەین، کە بە هاوکاریی دەوڵەتی تورک خیانەت لە نەتەوەی خۆی و ژنان دەکات. هاوکات دەبێت ئێمەی ژنان یەک بە یەک ئەم تاوانانەی دژی مرۆڤایەتی ئاشکرا بکەین و بیانخەینە بەرچاو و لێپێچینەوەیان لێ بکەین و دادگاییان بکەین.
بەم بۆنەیەوە سڵاو لە پرۆسە و قۆناغی چالاکیی هەڤاڵانی ژنمان لە ئەرجەنتین دەکەین، کە لە دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەوڵەتی تورک دەستیان پێکردووە، پیرۆزبایی لە کۆمیتەی پشتیوانی دەکەین، کە ئەم پرۆسەیەیان ڕێکخستووە. هەروەها هەڵوێستی مامۆستامان شەبنەم، کە لە ناو هەلومەرجی قورسی شۆڤێنیزم و فاشیستیدا نیشانی دا و ئەوەی هەڵوێستی شکۆمەندانەی ژنانی تورکیا دەردەخات، کە خۆیان لە ژەهری لیبرالیزم و شۆڤێنیزم ڕزگار کردووە، هەڵوێستی خوشکایەتیی گەلانە. ئێمە سڵاو لە هەڵوێستی شەبنەم مامۆستای خۆمان دەکەین، کە بۆ خۆی دەڵێت، 'لەسەر رێگای حەقیقەت و ڕاستیدایە'.
بۆ ئێمە چۆن ژن مانای ژیانە، بۆ سیستەمی زاڵی پیاوی فاشیست و ئەردۆغان، ژن بە مانای مردنە، بۆیە لە هەر شوێنێک ئیرادەی ژنی ئازاد ببینێت لەوێ کۆمەڵکوژی، مەرگ و دەستدرێژی دەسەپێنێت و هەوڵی لەناوبردنی دەدات. ئەمساڵ کاتێک ئەم جۆرە هێرشەکان گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست، زۆر بە گرنگی دەزانین، کە چالاکییەکانی ٢٥ی نۆڤەمبەر بە چڕی هەڵبسەنگێنین و لە دەوری چالاکی و ڕاپەڕینەکانی ژنان بگەنە لوتکە.
ئێمە کەژەکە، چالاکییەکانی ئەمساڵ بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەرەوە لە ١٥-٢٥ی نۆڤەمبەر بە دروشمی "دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەکی دەوڵەتی پیاوان، ژن، ژیان، ئازادی" رێکدەخەین. لەسەر ئەم بنەمایە، بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەرەوە پڕۆسەی هەڵمەتێک و کەمپیەنێکی دە ڕۆژە بەڕێوەدەبرێت. ئێمە ئەم پرۆسەیە دەکەینە دیاری بۆ ئەو ژنانە؛
لە ڕۆژئاوا دەیکەینە دیاری بۆ ژیان تۆڵهەڵدان، ٥ هەڤاڵی ژنی گەنجمان کە لە خوێندنگادا کۆمەڵکوژکران، زەینەب ساروخان، ژنانی عەفرین، کە لەژێر زوڵمی چەتەکان و دەوڵەتی فاشیستی تورکدان.
لەڕۆژهەڵاتدا پێشکەشی ژینا ئەمینی و شلێر ڕەسوڵیی دەکەین.
لە باشوور دەیکەینە دیاری بۆ بۆ هاوڕێیانمان ناگەهان ئاکارسەل و دەلال و بەرفین.
لەو کامپانەی پەنابەران، کە ئێزدییەکانی تیادا ڕاگیراون، دەیکەینە دیاری بۆ کچی ئێزدی ئاخین، کە لە تەمەنی شەش ساڵیدا دەستدرێژیی کرایە سەر و کوژرا.
لە باکور دەیکەینە دیاری بۆ ژنە زیندانییە شۆڕشگێڕ – دیموکراتیکەکان، کە لە زیندانەکاندا بەرخۆدان و بەرەنگاری دەکەن، فیردەوس بابات، کە لەلایەن جەردەوانانەوە ئەشکەنجەکرا و دەستدرێژیی کرایەر سەر و کوژرا.
پێش هەمووانیش دەیکەنە دیاری بۆ ئەو هەڤاڵانانەمان، کە بە چەکی کیمیایی شەهید بوون. دەیکەینە دیاری بۆ هەموو هەڤاڵانی یەژا ستار، کە تەرمەکانیان لە هێرشی دڕندانەدا لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی تورکەوە جەستە و تەرمەکانیان پارچەپارچە کران، دەیکەینە دیاری بۆ قارەمانە فیداییەکانی چالاکیی مێرسین شەهید سارا و شەهید ڕوکەن، بێریڤان زیلان و دەلال نورهەق.
دەیکەینە دیاری بۆ ژنانی خۆڕاگری ئەفغانستان، دەیکەینە دیاری بۆ ئانوساه ئاپیتیان سەربازی ئەرمەنی، کە لەشەڕدا لەلایەن سەربازانی ئازەرییەوە کوژرا، دەیکەینە دیاری بۆ ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی شیرین ئەبو عاقلە، هەڤاڵی گەریلای فلیپینیمان، کە شەهید بوو و ژنانی شۆڕشگێڕ و ڕاپەڕیو، کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا کوژراون.
بەو تێگەیشتنەوە، کە بکوژ و تاوانباری ڕاستەقینە دەوڵەتی پیاوانەی پیاوسالار و دامەزراوەکانیەتی، دەبێت ئەو جۆرە چالاکییانە بە جۆرێک ڕێکبخرێن، کە هەموو ڕۆژێک زۆر زیاتر مانادار بکەن. دەبێت لە هەموو ئەم چالاکییانەدا بەتایبەتی ژنانی گەنج لە ئاستی پیشەنگایەتی ونمونەیەدا بە ڕۆڵی خۆیان هەستن و ڕۆح و ئیرادەی سەرهەڵدان و ئازادی گەنجان بەشداری لە چالاکییەکان دا بکەن.
کوشتنێ هەر ژنێک بانگەوازێکە بۆ شۆڕشی ژنان
لەم پرۆسە و قۆناغەیەدا لە ڕووی پێشکەوتنی ژنانەوە ڕووداوی بێهاوتا و سەرنج ڕاکێش ڕوو دەدات. دەبینین تێکۆشان لە دژی سیستم لە هەموو شوێنێکی جیهان لەلایەن ژنانەوە پێشەنگایەتیی بۆ دەکرێت و بەڕێوەدەبرێت. لەسەر هێڵی جیاجیای ڕێکخستنە جۆراۆرەکانی بە ناسنامە و شوناسی جیاوازی ژنانەوە، ژنان لە هەموو شوێنێکی جیهان لە دژی هەژمون و باڵادەستی و مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست ڕۆڵێکی دینامیکی و پێشەنگ دەبینن. لێکۆڵینەوە و گەڕانێکی گەورە هەیە بۆ ڕاستی، گەڕانێک بۆ ژیان هەیە. ئەمە شەپۆل بە شەپۆل بە جیهاندا بڵاو دەبێتەوە. لەبەر ئەوەیە، کە ناڕەزایی لە ڕۆژهەڵات دوای کوشتنی ژینا ئەمینی ئەوەندە گەورە بوو و تەقییەوە، بوو بەڕاپەڕینی ژنان و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بووە کۆد و ڕەمزێک لەنێوان هێزەکانی خەبات و تێکۆشانی ژناندا. ئەم شەپۆلە هەموو کەس لە خۆی دەگرێت و لە خۆیدا دەحەوێنێتەوە.
کاتی ئەوە هاتووە ئەم راپەرین و سەرهەڵدانە لە دەوری ژنان بگاتە ئاستێکی نوێ، بگاتە ئاستی شۆڕشی ژنان. بۆ لەناوبردنی مێشکی نێرینەی هەژمون و ڕێکخراوە دەوڵەتپارێز - دەسەڵاتخوازەکەی، پەرسپەگتیڤی شۆڕشی ژنان گرنگییەکی چارەنووسسازە. ئەم هەڵوێستە یەکلاکەرەوە و بوێرانەیە کە لە جیهان و لە کوردستان سەری هەڵداوە، پێویستە بگاتە بنەمایەکی ڕێکخراوتر و سیاسیتر. ڕاپەڕین بەتەنها ناتوانێت دەسەڵاتدارەکان بگۆڕێت، کاتێک ڕاپەڕین لەگەڵ بناغەی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و ڕێکخراوەییدا یەکدەگرێت، ئەو هێزە دروست دەکات کە گۆڕانکاری لەگەڵ خۆی دەهێنێت. زۆر گرنگە ڕاپەڕینەکانی ژنان کە لە سەدەی بیست و یەکەوە دەستی پێکردووە ئەم هێزەی هەبێت.
هەر ژنێک کە لە کوردستان و جیهاندا بکوژرێت، بانگەوازێکە بۆ شۆڕشی ژنان. هێزی پیاوی هەژموونخواز، دەوڵەتی نەتەوەیی، کاپیتالیزم، ژنانیان خستۆتە ناوەندی قەیرانی مرۆڤایەتی و ژیانەوە کە خۆیان خوڵقاندوویانە. سنووریان بەزاندووە و بە شێوەیەکی دڕندانە ژن دەکوژن، منداڵ دەکوژن، سروشت لەناو دەبەن ژیان لەناو دەبەن و جینۆساید ئەنجام دەدەن. لە ڕووی مێژووییەوە گرنگە کەنستراتیژی شۆڕشی ژنان وەڵامی ئەمە بداتەوە. شەڕی بێ ناو لە دژی ژنان تەنیا بە شۆڕشی ژنان دەوەستێنرێت و سەردەکەوێت. هەموو ژنە کوژراوەکان بە شۆڕشی ژنان نەمر دەبن و تۆڵەی هەریەکێکیان بە شۆڕشی ژنان دەکرێتەوە.
دۆخێکی دیکەی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ژنان لە حکومەتەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوادا جێگیر بوون، بەتایبەتی وەک وەڵامێک بۆ ژنانی شۆڕشگێڕ، سەرکردەی ئەو پارتە ڕاستڕەوانەی کە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، ژن بوون. ئەو شەپۆلەی لەژێر سەرکردایەتی ژندا لەنێو کۆمەڵگادا گەشە دەکات، زلهێزەکان ئەم شەپۆلە لەسەر بنەمای بەکارهێنانی ژن بێکاریگەر دەکەن. بە پێشخستنی شەپۆلی ڕاستڕەوی بە سەرکردایەتی ژنان، بە ئامانجی سەرکوتکردنی خەباتی کۆمەڵایەتی ژنان ئەم کارە دەکەن. بە واتایەکی دیکە هەوڵ دەدەن بە ئارگیومێنتەکانی سەردەمی، تاکتیکی بەکارهێنانی ژن لە دژی ژن پەیڕەو بکەن، وەک بۆیاخکرن و ڕازاندنەوەی ژنان ئەم کارە دەکەن. لەلایەکی دیکەوە نزیکایەتیەک هەیە کە لە لایەک ڕێبازێک هەیە کە هێزی ئەو شەپۆلەی کە لە خوارەوە بەرەو سەرەوە دێت، لەسەر بناغەی دەسەڵات لەناوببەن و وەک پیاوی لێبکات و لە لایەکی دیکەشەوە ژنانی سەر هێڵی فاشیستی ڕاستڕەو ئەو کەسانە لەناو دەبەن کە بەو پێیە ڕەفتار ناکەن. بزووتنەوەی نەتەوەیی و هەرێمی و جیهانییەکانی ژنان پێویستە ئەم مەترسیانە بە باشی ببینن و زیاتر سیاسەتی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و ململانێ هاوبەشەکان زیاتر دیاری بکەن. پێویستە سیستەمی کۆنفیدرالیزمی ژنانی دیموکراتی جیهانی وەک سیستەمێکی ئازادی ژنانی جیهانی لە دژی سیستەمی دەسەڵاتدار و دەوڵەتی پیاوسالاری هەژموونگەری جیهانگیری بەرەو پێشەوە ببەین. پێویستە ٢٥ی تشرینی دووەم ببێتە هۆکارێک بۆ ئەم خەباتە.
کێشەیەکی گەورەی دیکە بریتییە لە پەرەپێدان و بڵاوکردنەوە و پیشەییکردنی هۆشیاری و ڕێکخستن و بەرگریکردنی ژنانە. ئەزموونەکانی ئێستای پەیوەست بە بەرگریکردن لەخۆ و گەشەپێدانی ڕێکخراوێکی هاوبەش گرنگییەکی زۆری هەیە. بە تایبەتی ستراتیژێکی هێرشی رێکخستنی و هۆشیار و فرەلایەنە و سیستماتیکی دژ بە ژنانی شەڕڤان ئەنجام دەدرێت. مۆدێرنیتەی سەرمایەداری پیاوە باڵادەستەکان کە وەک جادووگەر مامەڵە لەگەڵ ژنانی ژیر دەکرد و ئیرادەی ژنانی لەناوبرد، بەمەش لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بووە سیستەمێکی هەژموونخواز. ئێستاش بۆ درێژەدان بە سیستەمی پیاوسالاری دەسەڵاتخواز دەیەوێت ژنانی شۆڕشگێڕ و رێکخستنە ژیرەکان لەناو ببات. ژنە رێکخستنکراوەکان و خۆپارێزەکان، ژنە ژیر و شۆڕشگێرەکان دەکرێنە ئامانج. ئامانجیان ئەوەیە ژنان نارێکخستن بکەن بۆ ئەوەی نەتوانن خۆیان بپارێزن و ژنێک دروست بکەن کە گوێڕایەڵی سیستەمی کاپیتالیزم بێت کە لەژێر چنگی سیستەمی پیاو هەژمانخوازدا بمێنێتەوە. بەم هۆیەوە دەستیان بە کاردانەوەیەکی جەستەیی و شەڕی تایبەت کردووە. ئەمڕۆ سیستەمی پیاوسالاری هەژموونخواز وەک بزووتنەوەیەکی دژە شۆڕش هێرش دەکاتە سەر ژن و بەهاکانی کۆمەڵگا. بۆ ئەوەی دەست بەسەر ڕۆح و جەستەی ژندا بگرێت ، توندوتیژی دڕندانەی شەڕی تایبەت بۆ نامۆکردن و وەک پیاوکردن و نەریتکردنی ژن بەکاردەهێنرێت.
ستراتیژی "رێگری لە ژن بکەن" گۆڕاوە بۆ ستراتیژی " ژنانی رێکخستنکرا و هۆشیار کە بەدوای مافەکانیاندا دەگەڕێن و مافەکانیان رەوا دەکەن، بکەنە ئامانج". ئەگەر ژن لە ژیاندا نارێکخستنکرا بێت، بێهۆش، بێ خەبات بێت، ناتوانێت بە دوای مافەکانیدا بگەڕێت، ئەگەر گوێڕایەڵ بێت، ئەوە ژیان نییە. بۆیە وەک بزووتنەوەکانی ژنان ئەرکی سەرەکی ئێمەیە کە ژنانمان ڕێکخستووە، ئامێزمان بۆ ژیانی رێکخستنکراو و زانا بکەینەوە.
لەم چوارچێوەیەدا دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنان کە لە نێوان ٥-٦ی ئەم مانگەدا بەڕێوەچوو، رۆژەڤی زۆر گرنگی خوڵقاند و ئومێد و بوێری بۆ ژنانی جیهان دروستکرد. بەم بۆنەیەوە پێشوازی لە کۆنفرانسەکە دەکەین و ڕایدەگەیەنین کە ئێمە وەک کەژەکە ئامادەین ڕۆڵی خۆمان لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنفرانسدا بگێڕین.
ئەو ژنانەی خەبات بۆ ئازادی دەکەن جوان دەبن!
وەرن لەم ٢٥ی تشرینی دووەمەدا بە دەنگ و ڕەنگ و هێزمان بڕژێینە نێو گۆڕەپانەکان و هەڵمەتێکی هۆشیاری بەهێزتر بەڕێوەببەین. لە بەرامبەر توندوتیژی سیستماتیک و دڕندانەی دەوڵەتی پیاو، پەرە بە هۆشیاری و خەبات و ڕێکخستنی ئازادیی ژنان بدەین. بەرامبەر ئەوانەی هەوڵی کەمکردنەوە و نەهێشتنمان دەدەن، با هەبوونمان لەسەر تێکۆشاب لەدژیان بنیات بنێین و زیادبوونی خۆمان بکەینە بناغە.
بەو هۆشیارییەی کە گرنگیدان بە ژنان واتای پاراستنی سروشت و پاراستنی منداڵ و کۆمەڵگا و ژیانە، با خەباتمان لە دژی کۆمەڵکوژییەکان زیاتر بکەین و دەنگی هەموو ژنان لە دەنگمان زیاد بکەین. با دەنگی خاک و ئاو و درەخت و هەوا بین، دەنگی منداڵ بین و بچینە سەر شەقامەکان.
لەسەر ئەم بنەمایە، بە پلەی یەکەم ژنانی کورد و ڕێکخراوە جیاوازەکانی ژنان، بزووتنەوەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عەرەب، فارس، ئەرمەنی، ئاشوری، تورکمان، فێمینیست، هەموو ئەو ژنانەی دەیانەوێت بەرەو ئازادی و جوانی هەنگاو بنێن، بە هێزێکی ئەفسوناوی و کاریگەرەوە بێنە گۆڕەپانەکان. با بە دروشمی 'ژن ژیان ئازادی' لە گۆڕەپان و شەقامەکاندا کۆببینەوە.
ئێستا کاتی هۆشیاری و ڕێکخستن و شەڕکردنە بە بیرکردنەوە و هەستی ژنان. ئێستا سەردەمی شۆڕشی ژنانە بە دروشمی 'ژن ژژیان ئازادی'. بەبێ گوێدانە ئایین، نەتەوە، ڕەگەز و رەنگەکان، کاتی ئەوە هاتووە ژنان لە دژی توندوتیژی بوەستنەوە و یەکبگرن. با لەم ٢٥ی تشرینی دووەمەدا کۆمەڵکوژییەکان بگۆڕین بۆ خەباتی ئازادی و سەرکەوتنی ژنان و لە هەموو بوارێکدا وەڵامی پێویست بە هێزی پیاوی فاشیست بدەینەوە.
ژن، ژیان، ئازادی لەدژی قڕکردنی ژن، دروش و منداڵان!...
ژن، ژیان، ئازادی لەدژی فاشیزم، داگیرکەر، چەکی کیمیایی و خیانەت!...
لەدژی توندوتیژی دەوڵەتی پیاوی فاشیست، خۆمان زانا بکەین، رێکبخەین و خۆمان بپارێزین!...
سەدەی ٢١ دەبێتە سەدەی تێکۆشانی گەورەی ژنان، دەبێتە سەدەی شۆڕشی ژنان!...
ف.ق / ژ.ت