٧ ژنە زیندانی سیاسی لە زیندانی ئەوینی تاران، بە ناوەکانی "ئازادە عابدینی، سپیدە قولیان، شەکیلا مۆنفەرێد، گوڵڕۆخ ئیرایی، نێرگس محەمەدی، مەحبوبە ڕەزایی و ویدا ڕەبانی، بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی سەھەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' پەیامێکیان بڵاوکردووە.
لە پەیامەکەدا کە لە ھەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەری نێرگس محەمەدی بڵاوکراوەتەوە، ھاتووە، "ئێمە ژنانی زیندانی سیاسی زیندانی ئەوین بۆ پاڵپشتی لە خەڵک و دەربڕینی ناڕەزاییەتی دژی حکومەت، لە ڕۆژی ١٥ ئەیلولەوە لە حەوشەی زیندان مان دەگرین".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ھاتووە، "ساڵێک بەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی بەدەستی ھێزەکانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی تێپەڕی. کوژران و لەسێدارەدانی ناڕەوای کچان و کوڕانی وڵاتمان لە شەقام و زیندانەکاندا، کوێرکردنی خۆپیشاندەران، گرتن و ئەشکەنجەدان و زیندانیکردنی سەرھەڵدێران برینێکە لە ڕۆحماندا. بەڵام ھاوکات ھیوا و پاڵنەرێکە بۆ بەردەوامیدان بە تێکۆشانمان تا دەگەینە سەرکەوتن".
ئەو ٧ ژنە زیندانییە سیاسیە ھەروەھا ئاماژەیان بەوەکردووە، "ئێمە وەک ژنانی زیندانی سیاسی لە زیندانی ئەوین، لەگەڵ ھەموو ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان، وەک پشتیوانی لە خەڵکی ئێران و دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سیاسەتی توندوتیژی، سەرکوتکارانە و بێ بەزەییانەی دەوڵەتی ئایینی دیکتاتۆر، لە ڕۆژی ١٥ی ئەیلولەوە لە حەوشەی بەشی ژنانی زیندانی ئەوین مان دەگرین و ھاودەنگ و پاڵپشتی گەل دەبین".
لە کۆتایی پەیامەکەدا ھاتووە، داوا لە ڕایگشتی ئێران و جیھان دەکەین ببنە دەنگی خۆپیشاندەران و ناڕازییانی ناوخۆ و گەلی ئێران و ھاوکارمان بن.
ژ.ن