"بوونی ئێمە لە پێناو پاراستنی گەل دایە"

گەریلای یەژاستار، بێریڤان ڕایگەیاند، تێکۆشانی گەریلا لە پێناو پاراستنی گەل دایە، جەختیشیکردەوە، "هێرش بۆ سەر گەل قبوڵ ناکەین و لە بەرامبەر ئەو ھێرشانە بێدەنگ نابین".

گەریلای یەژاستار، بێریڤان لە ھەرێمەکانی پاراستنی مێدیا بۆ ئاژانسی فورات (ANF) قسەی کرد و وتی: هیچ هێرشێک ناتوانێت گەلی کورد لە ڕێبەرایەتی و گەریلا دور بخاتەوە، وتیشی: گەل ھەموو کات شکۆمەندی خۆی پاراستووە.

ئەو گەریلایەیی یەژاستار ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، سیستمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی لە سەرتاسەری کوردستان لە دژی گەلی کورد بڵاوبووەتەوە و گۆڕاوە بۆ جینۆسایدێکی پلان بۆ داڕێژراو و وتی: بۆ لاوازکردنی گەلی کورد، درێژە بە ھەموو جۆرە هێرشی نا ئەخلاقی دەدەن.

گەریلا بێریڤان ھێمای بۆ ئەوەشکرد، بە قۆناغێکی ھەستیار و مێژووییدا تێدەپەڕین. دوژمن چونکە ناتوانێت ئەنجام بەدەستبهێنێت، چەکی کیمیایی و ئەتۆمی تاکتیکی بەکاردەهێنێت؛ لە دژی گەل بە هێرشەکانی پاکتاوی سیاسی و شەڕی تایبەت هەوڵ دەدات ترس و تۆقاندن بە هەموو کۆمەڵگادا بڵاوی بکاتەوە.

"گەلەکەمان شکۆمەندی خۆی دەپارێزێت"

گەریلا بێریڤان ڕوونیشیکردەوە، گەلی کورد درک بە ڕاستی دوژمن و هۆکاری هێرشەکان دەکات و به هۆی ئەوەشەوە به سیاسی بووه، ھەربۆیە لە دژی هێرشەکان خۆڕاگری دەکات. جەختیشیکردەوە، گەل هەمیشه شانبەشانی گەریلا بووە. هەربۆیە کەشی ترس و تۆقاندن ناتوانێت گەل لە ڕێبەر ئاپۆ و گەریلا دوور بخاتەوە. گەلەکەمان ھەموو کات لەبەرامبەر ئەو کردەوە نائەخلاقیانە شکۆمەندی  خۆی پاراستووە. لە ناوەندی تێکۆشانی گەریلادا دۆخی ڕێبەر ئاپۆ یەکلاکەرەوەیە. ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە بۆ ئێمە ناوەندە. ئیمە دەزانین; ئەگەر هێرشەکانی سەر ڕێبەر ئاپۆ شکست بدرێن، ئەو کات دەتوانین باسی ئازادی گەلەکەمان بکەین.

ئەو گەریلایەیی یەژاستار لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: هەمووان بەوە دەزانن، ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بە واتای ئازادی گەلی کوردە. سەرکەوتن کاتێک بەدی دێت، کە تێکۆشانی گەریلا و گەل پێکەوە و بە یەکدەنگی بەڕێوە بچێت. دۆخی دوژمن لە گۆڕەپانەکانی شەڕ ئاشکرایە. هەرچەندە شەڕەکە پشت بە شەڕی تەکنیکیش دەبەستێت، نەیتوانیوە بەرخۆدانی گەریلا تێکبشکێنێت، بە پێچەوانەوە شکستی هێنا. دوژمن کە ئیرادەی تێکشکێندرا، ترس و تۆقاندن بڵاودەکاتەوە و بە سیاسەتی شەڕی تایبەت هێرش دەکاتە سەر گەلەکەمان و هەوڵ دەدات گەریلا بە تەنیا بێڵێتەوە.

گەریلا بێریڤان لە کۆتایشدا وتی: "بناغەی تێکۆشانی گەریلا پاراستنی گەلە. هیچ جۆرە هێرشێک لە دژی گەل قبوڵ ناکەین و بێدەنگ نابین. گەریلا دڵسۆزی گەل، وڵات و ڕێبەرایەتی خۆیەتی. هەڵوێستی گەلە بەھێزەکەمان شکۆمەندە. بەڵێن دەدەین تۆڵە بستێنینەوە".