دەستپێشخەری بانگەوازێکی مێژوویی لەلایەن ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان لە دوڕگەی زیندانی ئیمرالیەوە، لەلایەن شاندی دەم پارتییەوە خوێندرایەوە. لەو کاتەوە، بانگەوازەکە لە هەموو بەشەکانی کوردستان، لە تورکیا و لە سەرانسەری جیهان، باس و خواسی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا: چۆن لەم بانگەوازە تێبگەین؟ هەنگاوەکانی داهاتوو چین؟ ئاکامەکانی بانگەوازەکە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی چین؟ با بەیەکەوە بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارانە و هەوڵی تێگەیشتن لە بانگەوازەکە بدەین!
پێڤاژۆی نوێی ئاشتی و چوارچێوەی جیۆپۆلەتیکی
ئەم پێڤاژۆ نوێیەی ئێستا لە ئارادایە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەیلوولی ٢٠٢٤، ئەمەش دوای لێدوانی سیاسەتمەدارانی تورکیا کە ئاماژەیان بە کرانەوەی ئەگەرەکان بە ڕووی یەکلاکردنەوەی پرسی کورد و کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی هەمیشەیی ئۆجالان دا. بێگومان، پێشتر و لە ڕابردوودا، لە سەردەمی جۆراوجۆردا، پێڤاژۆی هاوشێوە بوونیان هەبووە. بەڵام، بۆچی پیڤاژۆی ئەم جارە جیاوازە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، پێویستە لە چوارچێوەی جیۆپۆلەتیکی هەنووکەیی تێبگەین.
دوای شەڕی ڕزگاری نیشتمانی لە ژێر هەژموونی زلهێزەکانی ڕۆژئاوا لە ئەنادۆڵ، لە ساڵی ١٩٢٣ کۆماری تورکیا دامەزرا. لەو کاتەدا، گەلی کورد و یەکێتی سۆڤیەت پاڵپشتی شەڕی ڕزگارییان دەکرد. بەڵام کاتێک کۆماری تورکیا دامەزرا، کۆمار ناچار بوو جارێکی دیکە خۆی لەگەڵ بەرژەوەندیی زلهێزەکانی ڕۆژئاوادا ڕێک بخاتەوە، ئەگەرنا دەبوایە ڕووبەڕووی مەترسی ڕووخان ببێتەوە. بەمشێوەیە، کۆمار دوو ئەرکی پێ درا: [یەکەم] ئامادەکردنی زەمینە بۆ درووستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل و [دووەم] بڵاوکردنەوەی مۆدێلی دەوڵەت نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دوای سەدەیەک، دەببینین نەتەوەی عەرەب بە سەر ٢٢ دەوڵەتی نەتەوەیی دابەش بووە و هەنووکە ئیسرائیلیش پێشەنگایەتی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری [لە ناوچەکەدا] دەکات. بەهۆی نەمانی هیچ ڕۆڵێک و شوێنگرتنەوەی لەلایەن ئیسرائیلەوە، هەنووکە تورکیا کەوتووەتە دۆخی بنبەستەوە.
لە ناو ئەم قەیرانە قووڵەدا، کە لە ئاکامدا قەیرانێکی گەورەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لێ کەوتەوە، تورکیا درکی بەمە کردووە ئەو شەڕەی لە غەزە و لوبنان هەڵگیرسا و لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ڕژێمی ئەسەدی ڕووخاند، دەکرێت بە خێرایی دزە بکاتە ناو خاکی تورکیاشەوە. لەم چوارچێوەیەدا، دەوڵەتی تورک ناتوانێت ئیدارەی شەڕی ناوخۆیی لە سەر خاکەکەی بە سەرکردایەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بدات. بە ئاگاداریی لەم ئەم پرسان، چەند مانگێک لەمەوبەر پێڤاژۆیەکی نوێی ئاشتی دەستی پێ کرد.
ڕوانینێك لە مێژوو
عەبدوڵا ئۆجالان، لە بانگەوازەکەی ٢٧ـی شوبات و جارانی دیکەش، پێشتریش چەندین جار تیشکۆی خستووەتە سەر پەیوەندیی مێژوویی تورک و کورد، پەیوەندییەک کە سەدان ساڵە لەسەر بنەمای هاوکاری و هاوپەیمانی یەکدی دژی هێزە هەژموونخوازەکانی ناوچەکە دامەزراوە. هەڵوەشاندنەوەی ئەم [پەیوەندییە مێژووییە] بە دەستێوەردانەکانی هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری هاتووەتە ئاراوە، هێزگەلێك کە هەوڵی دابەشکردنی گەلان دەدەن بۆ ئەوەی باشتر جڵەویان بکەن. ئەو چارەسەرەی ئۆجالان کە ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵە خستوویەتە ڕوو، پێکەوەژیانە لە ڕێگەی برایەتی گەلانەوە. بەم پێودانگە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە تا ئەمڕۆ، پەکەکە دەستپێشخەری چەندین ئاگربەستی یەکلایەنە و بانگەوازی ئاشتی دەست پێ کردووە.
لە ساڵانی نەوەدەکاندا، لەگەڵ داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت، ئۆجالان درکی بەوە کرد چیدی ناتوانرێت لە چوارچێوەی مارکسیزم-لینینیزمی کلاسیکیدا پرسی کورد چارەسەر بکرێت، بۆیە پێویستە پەرە بە تیۆری نوێ بدرێت. ئۆجالان، لە نێوان شتەگەلی دیکەدا، لەمە تێگەیشتووە کێشەی مێژوویی کۆمەڵگە مرۆییەکان پەیوەستە بە پرسی دەسەڵات و دەوڵەتەوە، ئەمانەش هەردووکیان بنەچەیان دەگەڕێتەوە بۆ باوکسالاری و چەوساندنەوەی کۆمەڵایەتی ژن. دوای پیلانێگێڕییەکی نێونەتەوەیی، ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٩، لەلایەن سی ئای ئەی و مۆسادەوە دەستگیر کرا و پاشان ڕادەستی تورکیا کرا. لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ـدا، ئۆجالان، لە دوورگەی زیندانی ئیمرالیەوە، پارادایمێکی نوێی لەسەر بنەمای ژینگەناسی کۆمەڵایەتی، ڕزگاری ژنان و دیموکراسی بنچینەیی، بۆ کۆی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد پێشنیار کرد.
هەر لەم ماوەیەدا، پەکەکە، خۆڕێکخستنەوەیەکی بونیادییانەی قووڵی بەخۆیەوە بینی و بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەژێر ناوی “کۆنگرەی ئازادی و دیموکراسی کوردستان” ناسرا، دواتر ناوی کۆنگرەی گەلی وەرگرت، دامەزراوەیەك، کە تا ئەمڕۆش لە کارەکانی بەردەوامە.
بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد
بە درێژایی مێژووی پەکەکە، سەدان کۆمەڵە و ڕێکخراو درووست بوون. بەمشێوەیە، بزووتنەوەیەکی تەواو سەربەخۆ، بە شەهید، ئایدۆلۆژیا و ستراتیژی و لایەنگر و هەڵسوڕاوانی تایبەت بە خۆی، گەشەی سەندووە. بەم پێیە، ئەگەر مەرجەکانی [پێڤاژۆکە] جێبەجێ بکرێن، ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە هیچ شێوەیەک مانای هەڵوەشانەوە یان کۆتاییهاتنی ئەم بزووتنەوەیە ناگەیەنێت. بە پێچەوانەوە، ئەمە سەرەتای قۆناغێکی تازە دەبێت لە فۆرمێکی نوێدا. پاش گۆڕینی پارادایمەکە، لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، ڕۆڵی پەکەکە گۆڕانکاریی بە سەردا هاتووە، ڕۆڵی سەرەکی بۆ کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەجێ هێشتووە، کە نوێنەرایەتی سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی کە جڤاکەکانی کوردستان بنیاتیان ناوە، دەکات.
دیدگای دوورمەودا
پێویستە، بانگەوازەکەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕێگەی دیدگای دوورمەودا بۆ کۆمەڵگە، تێبگەین. ئۆجالان بە قووڵی لێکۆڵینەوەی لە مێژووی مرۆڤایەتی کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە، لە سەردەمی بەردینی نوێوە تا ئێستا، هەموو ئیمپراتۆریەت و دەوڵەتەکان یەک بە دوای یەک داڕماون، بە پێچەوانەوە، ئەمە تەنیا کۆمەڵگەی دیموکراسی بووە بەردەوام هەبوونی خۆی پاراستووە،. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش، لە بانگەوازەکەی ٢٧ـی شوباتدا دەڵێت “هیچ جێگرەوەیەك بۆ دیموکراسی لە بەدواداچوون و بەدیهێنانی سیستەمێکی سیاسیدا بوونی نییە. کۆدەنگی دیموکراسی ڕێگای بنەڕەتییە.” هەروەها دەشڵێت، “کۆمەڵناسی مێژوویی کۆمەڵگە،” کۆمەڵگەیەکە لەسەر بنەمای “ڕێزگرتن لە شووناسەکان، ئازادی خۆدەربڕین، خۆڕێکخستنی دیموکراسیانەی هەر توێژێکی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای پێکهاتە کۆمەڵایەتی-ئابووری و سیاسییەکانی خۆیان.” چارەسەر، بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکە بە پێوەری دەسەڵاتی گەل و خۆڕێکخستن.
لەسەر ئاستی جیهانی، سیستەمی دەوڵەت نەتەوە، لە چەند سەدەی ڕابردوودا پەرەی سەندووە، بە ناو گۆڕانکاریی قووڵدا دەڕوات. ململانێیەکی بەهێز لە نێوان هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا لە ئاردایە و پێداگری لەسەر مانەوەی دۆخی هەنووکەیی دەکەن لەگەڵ ئەو هێزانەی وا مۆدێلێکی نوێیان بۆ ڕێکخستنی سەرمایەداری دەوێت.
پارادایمەکەی ئۆجالان، ڕێگای سێهەم بۆ مرۆڤەکان ئاوا دەکات، ئەمەش بە بەهێزکردنی کۆمەڵگە لە ڕەگوڕیشەوە بۆ خۆڕێکخستنی دیموکراسی. جا کاتێک هەلومەرجەکە گونجاو بێت، دەکرێت ئەم سیستەمە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی دانپێدانانی بەیەکدی لەگەڵ دەوڵەتدا پەرەی پێ بدرێت. بۆ ئەوەی ئەمە ڕوو بدات، پێویستە هێزە دەوڵەتییەکان هەنگاوی دیاریکراو هەڵبنێن، ئەمەش بۆ ئەوەی پێکەوەژیان بێتە ئارا.
بڕیارە تورکیا چی بکات؟
عەبدوڵا ئۆجالان، لە سەردانەکەی ٢٧ـی شوباتدا، بە پەرلەمانتارانی ڕاگەیاند “بێگومان، بە کردەوە دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، پێویستی بە دانپێدانانی سیاسەتی دیموکراسی و چوارچێوەیەکی یاسایی هەیە.” بەم شێوەیە، بە ڕوونی ئەمەی پشتڕاست کردووەتەوە کە بەر لەهەر جۆرە هەڵوەشاندنەوەیەک، دەبێت تورکیا کرداری ڕاستەقینە بنێت تا نیازپاکی خۆی نیشان بدات و چوارچێوەیەکی یاسایی دەستەبەر بکات، لە نێویدا بتوانرێت فۆرمێکی نوێی سیاسەت ئازادانە پەرە بسێنێت.
لە دوایین ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵێک لەمەوبەرەوە، (١٠) شارەوانی دەم پارتی لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە، بە سەدان کەس دەستگیر و زیندانی کراون، شەڕ دژی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژھەڵاتی سووریا (ڕۆژاڤا) و هەرێمەکانی گەریلا بەردەوامە. دەکرێت هەنگاوی یەکەم، ڕاگەیاندنی ئاگربەست بێت لەلایەن تورکیاوە، پاراستنی یاسایی بۆ شارەوانییەکانی دەم پارتی و ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالان لە دوڕگەی زیندانی ئیمرالی، گواستنەوەی بۆ زیندانێک کە بە ئاسانی بتوانێت کارە سیاسییەکانی لێ ڕابپەڕێنێت.
ئۆجالان لە بانگەوازەکەیدا بە ڕوونی دەڵێت، “سەدەی دووەمی کۆمار تەنیا لە دۆخێکدا دەتوانێت دڵنیایی بەردەوامیی هەمیشەیی و برایانە بەدەست بهێنێت کە تاجی دیموکراسی لەسەر بنێت.” واتە، دەبێت کۆماری تورکیا بە ڕیشەیی خۆی بگۆڕێت و ڕێوشوێنی ڕاستەقینەی دیموکراتیبوون بگرێتە بەر، ئەگەرنا کۆمار سووڕی سەدەی دووەمی خۆی تەواو ناکات.
دەبێت تورکیا هەنگاو بنێت
لەم هەلومەرجانەدا عەبدوڵا ئۆجالان ئەوپەڕی هەوڵی خۆی داوە بۆ ئەوەی چارەسەرێک بدۆزرێتەوە. ئێستا، نۆرەی تورکیایە کرداری واقیعی بگرێتە بەر و بەزووترین کات شەڕ بوەستێنێت. تا ئەمڕۆش بۆردومانی ڕۆژاڤا بەردەوامە و چەکی کیمیایی لە چیاکانی باکووری ئێراق دژی چەکدارانی گەریلا بەکار دەهێنرێت.
فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، موراد قەرەیلان، لە ٦ـی شوباتدا ڕایگەیاند، لە بارودۆخی ئێستادا مەحاڵە پێشبینی دانانی چەک بکرێت. قەرەیلان گوتی: “ئەمڕۆ لە زاپ، هەڤاڵانمان و سەربازانی دەوڵەتی تورک لە مەودای ٢٠٠ مەتردا شەڕ لەگەڵ یەکدیدا دەکەن. چۆن دەتوانم بە هەڤاڵانی ئەوێ بڵێم چەک دابنێن؟” هەروەتر ئاماژەی بەوەشدا؛ پەکەکە بزووتنەوەیەکی خاوەن “دەیان هەزار چەکدارە… ئەم هێزە، هێزێکی مووچەخۆر نییە، بەڵکوو هێزێکی ئایدیۆلۆژییە و جڤاتێکی باوەڕدارە.” ناوبراو، بە ڕوونی ئەوەی خستە ڕوو کە لێدوانێکی ڤیدیۆیی بەس نابێت تا چەکدارەکان ڕازی بکات چەکەکانیان دابنێن، جا بۆ ئەوەی [تاوتوێی پرسی چەکدانان] بکرێت، پێویستە عەبدوڵا ئۆجالان بە شێوەیەکی جەستەیی ئازاد بکرێت و ڕێگەی پێ بدرێت بە ئازادی لەگەڵی قسە بکرێت.
بەرپرسیارێتییەکان
لەم قۆناغە مێژووییەدا، هەر یەکێک لە ئێمە دەتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت: پێویستە لەگەڵ ئەوانەی لە دەورماندان، بانگەواز و پارادایمی عەبدوڵا ئۆجالان بخەینە بەرباس و داوای ئازادکردنی جەستەیی ئۆجالان بکەین؛ با بەیەکەوە دەست بخەینە ناو دەستی یەکتر و لە گردبوونەوەکان بەشدار بیین و داوای هەنگاو و کرداری واقیعی لە تورکیا بکەین!
*ئەم نووسینەی سەرەوە؛ شیکاری و هەڵسەنگاندنی گۆڤاری 'لێگەڕین'ە سەبارەت بە بانگەوازی (ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک)ـی ڕێبەر ئاپۆ.
*گۆڤاری لێگەڕین lêgerîn بە ناوی ئەلینا سانچێز (لێگەڕین) کە ئەنتەرناسیۆنالیستێکی ئەرجەنتینی بوو لە ڕۆژاڤا شەهید بوو. وتارێکی لەسەر پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بە ناوی گۆڤارەکەوە بڵاو کردووەتەوە.
سەرچاوە: ئازادی کۆمەڵگە