سیاسەتی سەرکوتکەرانەی دەوڵەتی ئێران بەرامبەر ژنان، چالاکوانان و بنەماڵەی گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' بەردەوامە.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، شەوی ٢٧ی ئەم مانگە هەر یەک لە سۆلماز حەسەنزادە، خوشکی 'محەمەد حەسەنزادە' یەکێک لە گیانبەختکردووانی سەهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' و سێ هاوڕێی بە ناوەکانی 'شەیدا ڕەزایی، شیرین خەیات و سیمین خەیات' لە بازگەی چوونە نێو شاری سەقز لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
ئەوەش خراوە، حەسەنزادە و هاوڕێکانی بەبێ خستنەڕووی فەرمانی دادوەری دەستگیر کراون و تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە. دوای دەستبەسەرکردنیشیان، هێزەکانی سەر بە دەسەڵات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سۆلماز حەسەنزادە لە شاری بۆکان و ماڵەکەیان پشکنیوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە سۆلماز حەسەنزادە پێشتریش ڕۆژی ٥ی ئەیلوول لەگەڵ باوکی ئەحمەد حەسەنزادە، دوای بانگهێشتکردنیان بۆ ئیتلاعاتی شاری بۆکان، دەستبەسەر کرابوو.
ژ.ن