کەژەکە: دەوڵەتی تورک تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات

دەستەی بەڕێوەبەریی کەژەکە ڕایگەیاند، کە دەوڵەتی تورک لە پێش چاوی هەموو جیهان لە دژی گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات.

دەستەی بەڕێوەبەریی کەژەکە سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 کەژەکە ڕایگەیاند، "دەوڵەتی تورکی فاشیست ومرۆڤ کوژ هێشتا ڕووخساری دڕندە و شکست خواردووی مێشکی داعش لە دژی خەڵکی ڕۆژئاوا و باکور- ڕۆژهەڵاتی سوریا نیشان دەدات. بە هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بەژیانی گەلەکەمان، هەوڵی کۆچبەرکردن، پەنابەرکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی بە ڕوونی، سیاسەتە دوژمنکارییەکانی بە روونی بەرامبەر بە کورد نیشانداوە، ئاو و کارەبا و گەنم کە پێداویستی سەرەتایی ڕۆژانەی ژیانی مرۆڤن بەئامانج دەگرن، بۆردومانی ژێرخانە سەرەکییەکانی ژیانی کۆمەڵگا دەکەن و لەکاریان دەخەن. ئێمە هەموو ئەو شەهیدانەی لە هێرشەکاندا ژیانیان لەدەستداوە بەبیر دێنینەوە، بەڵێن دەدەین بە تێکۆشانی خۆمان خاوەنداری لە تێکوشانی ئەوان بکەین، بە سەرکەوتنی بگەینین. هەروەها پرسە و سەرەخۆشیمان ئاراستەی بنەماڵەکانیان و گەلەکەمان دەکەین”.

ڕاگەیاندراوی دەستەی بەڕێوەبەریی کەژەکە بەم شێوەیە بەردەوام بوو:

"بەبەرچاوی چاوی هەموو جیهانەوە دەوڵەتی تورک بەشێوەیەکی روون لە رۆژئاوا تاوانی جەنگی ئەنجامدا، جیهان چاوی خۆی بەڕووی ئەم ڕاستییەدا گرتووە، زلهێزە ئیمپریالیست و هەژموونخوازەکان و دەوڵەت نەتەوە ستاتۆپارێزەکانی ناوچەکە لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان، بێدەنگ بێ هەڵوێستن، لەهەمان کاتدا پشتگیریان کرد. ئێمەی ژن و گەل ئەم ڕاستییە دەزانین و ئاگادارین، بەڵام دەوروبەرمان، ڕێکخراو و ئەوهێزانەی کە خۆیان بە چەپ و سۆسیالیست و لایەنگری ستەملێکراو پێناسە دەکەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن لە پێناویدا تێدەکۆشن، بێدەنگ و بێ هەڵوێست بوون، ئەمەش جێگای شەرمەزاریە و قبوڵکراو نییە، جگە لەوەش بێدەنگی بەشێک لە حزب و لایەنە کوردییەکان بەتایبەتی ئەوانەی باشووری کوردستان، دروست نییە کەبە ترس یان خۆپارێزییەوە پێناسە بکرێت، یان بەو شێوەیە نزیک ببنەوە دیسان قبووڵ ناکرێت، ڕەوشێکە دوژمن کوردی خستۆتە ناویەوە، بۆ هەندێک لەوانەیە ترس یان خۆپارێزی بێت، بەڵام ڕوونە بۆ هەندێکی تر کۆیلایەتی و خیانەتە.

دەوڵەتی تورکی فاشیست بەئەقڵیەتی لەنابردن و سڕینەوە هێرش دەکات و تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات. منداڵ و ژن و ژنانی تەمەن ٦٥ ساڵ دەکوژێت. وەک بزوتنەوەی ئازادی ژنانی کوردستان نەک هەر ئەو هێرشانە شەرمەزار دەکەین، بەڵکو لە هەمان کاتدا هەر ناوچەیەک کە گەل و ژنانی ئێمە لێدەژین دەیکەینە گۆرەپانی بەرخۆدان و تێکوشان دژی ئەم هێزە فاشیستە. جارێکی تر ڕایدەگەیەنین کە لە سەر کوشتنی گەلی کورد و وێرانکردنی شوینی ژیانمان بە دڵنیاییەوە لێپرسینەوەیان لێدەکەین.

 وەک لە نموونەی هەڤرین خەلەف و زۆر نموونەی دیکە کە لە ڕۆژئاوادا دەبینرێت، دەوڵەتی تورک بە تێگەیشتن و ئەقڵی داعشەوە، ژنی کورد وەک دەستکەوت و کەرستەی جەنگ دەبینێت و بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ دەکات. بۆ نموونە لە کاتی پڕۆسەی خۆبەڕێوەبەریدا تەرمی هەڤاڵ ئەکین وان و دەیان ژنی ڕوتکردەوە و بێ حورمەتی پێکردوون. دیمەنی هاوشێوەی ئەوە لە زۆرێک لە گۆڕەپانەکانی شەڕدا بینراوە. هەمان دیمەن لە شەڕی باڵکان و لە شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان و دواجاریش لە شەڕی حەماس و ئیسرائیلدا دەبینین. تەرمی ژنی مەدەنی و سەربازە کوژراوەکان ڕووت دەکەنەوە و بێ حورمەتیان پێدەکەن ئەمە ڕێبازێکی پیس و دواکەوتوانەیە، کردەوەیەکە لە ئەقڵییەتی داعش و فاشیزمدا هەیە، گرنگ نییە کێ بێت و چ ناوێک یان ناسنامەیەک هەبێت، ئەم هێرشانە دژی ژنان هێرشی فاشیست و پیاوی سالارە و ئێمە شەرمەزاری دەکەین وداوا لە هەموو ژنان دەکەین بەرامبەر ئەم کردەوە دژی مرۆڤایەتی، و ئابڕوبەرانە و قێزەونانەی پیاوسالاری، هەڵوێستی جددیان هەبێت.

ئاشکرایە کە هێرشی جینۆسایدی دەوڵەتی تورک لەسەر گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا درێژەی ئەو پیلانەیە کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ لە دژی ڕێبەرایەتیمان ئەنجامدرا. پێویستە گەلەکەمان، ژنان و گەنجانمان هەر بوارێک کە تێیدان وەک مەیدانی ڕەوای تێکوشان و پاراستن ببینن و وەڵام بدەنەوە. بێدەنگی و بێ هەڵوێستی واتە بێدەنگی لە بەرامبەر جینۆساید و پیلانگێڕیدا. سەرەتا باکور، باشوور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا و ئەوروپا، پێویستەلە هەموو شوێنێک و لەهەر دەرفەتێک تێکۆشان بەرز بکرێتەوە. ئەرکی هەموو وڵاتپارێزێک و مرۆڤێکی کوردە بەو زمانەی لێی تێدەگات وەڵام بداتەوە. لە بەرامبەر سیاسەت و هێرش لە سەر کوردان کە دەیانەوێت لەڕووی سیاسی و ماددی و مەعنەویەوە لەناویان بەرن، پێویستە ئێمە چالاکی سیاسی، ئابووری و مەعنەوییمان بەئەنجام بگەیەنین و وەڵامێکی بەهێزیان بدەینەوە و شکستیان پێ بهیێنین.

داوا لە ژنان و گەلانی ستەملێکراوی جیهان دەکەین کە لە بەرامبەر ئەم هێرشە جینۆسایدە هەڵوێستێکی بەهێز نیشان بدەن. بە هەڵوێست و چالاکییەکانیان لەگەڵ شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا بن و تێبکۆشن.

 سەرەتا داوا لە هێزەکانی ئەمریکا وهاوپەیمانان دەکەین واز لە سیاسەت و دووڕوویی بێنن، کە کورد وەک ئامرازێکی بەکارهێنان لە دژی دەوڵەتی تورکیا ببینن، واز لەو هەڵوێستانەیان بێنن بۆ بەرژەوەندییەکانیان کورد نەکەنە قوربانی. ئێمە دەڵێین ئەم هەڵوێستە قبوڵکراو نییە”.