لە سلێمانی بە دوو چالاکی ناگیهان ئاکارسەل یادکرایەوە

لە شاری سلێمانی لە باشوری کوردستان، لە ساڵیادی تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەلدا، دوو چالاکی بەڕێوەچوو.

لە ساڵیادی تیرۆرکردنی ئەندامی ناوەندی لیکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی و نوسەر و ڕۆژنامەوان، ناگیهان ئاکارسەل، لە شاری سلێمانی دوو چالاکی بەڕێوەچوو.

لە یەکەمین ساڵیادی شەهیدکردنی ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژۆنۆلۆژی و نوسەر و ڕۆژنامەوان، ناگیهان ئاکارسەل، ئەمڕۆ لە گەڕەکی بەختیاری لە شاری سلێمانی و لە شوێنی شەهیدکردنیدا، ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان (ڕژاک)، مەراسیمێکیان بۆ یادکردنەوەی ئاکارسەل ڕێکخست، تاجە گوڵینەیان دانا و داوای بەسزاگەیاندنی تاوانبارانیان کرد.

لە مەراسیمەکەدا، ژنان دووپاتیان کردەوە، سەرەڕای هەڕەشە و کوشتن و بەئامانجگرتن، ناوەستن و درێژە بە ڕێگەی ناگیهان ئاکارسەل و تێکۆشەران دەدەن.

هەر ئەمڕۆ، لە هۆڵی خاک لە شاری سلێمانی، بە پێشەنگایەتی ڕژاک و تەڤگەری ئازادی، مەراسیمێک بۆ یادکردنەوەی ناگیهان ئاکارسەل بەڕێوەچوو. نوێنەری ڕێکخراوەکان و چالاکوانان و ڕۆژنامەوانان ئامادەی یادکردنەوەکە بوون.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدان و داگیرساندنی مۆم، ئەندامی ڕژاک، تانیا کەریم، ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە و گوتی: "پێویستە هەموو ژنان و لایەنە پەیوەندیدارەکان خاوەندارێتی لە تێکۆشان و خوێنی بە ناحەق ڕژاوی شەهید ناگیهان بکەن، کۆتا تیرۆر بێت کە لەناو خاکی خۆماندا بەرامبەر ژنان و تێکۆشەرانی ئازادی بکرێت".

بە ناوی ناوەندی ئەرشیف توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد، زیلان ڕەحمان، گوتی: شەهید ناگیهان ئاکارسەل تەمەنی خۆی بۆ دۆزی کورد و تێکۆشانی ئازادی ژنان تەرخانکردبوو، بۆ تاکە ساتێکیش لە خەبات و تێکۆشان دانەبڕا".

ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان، شێرکۆ حەمە ئەمین، گوتی: "بە ئامانجگرتنی خەڵکی تێکۆشەر لە هەرێمی کوردستان بەبێ مەبەست نییە، ئەو کەسانەن کە لە بواری کەلتوور و هونەردا پێشکەوتوون ئاستی ڕۆشنبیریان بەرزە، کردنە ئامانجی ئەم کەسایەتیانەش هەوڵێکە بۆ لەناوبردنی شوناسی نەتەوەی کورد، شەهید ناگیهان ئاکارسەلیش یەکێک بوو لەو کەسانە، بۆیە دوژمنان کردیانە ئامانج و تیرۆریان کرد".

لە کۆتاییدا، سینڤزیۆنێک دەربارەی ژیان و چالاکییەکانی ناگیهان ئاکارسەل نمایشکرا.