لە سلێمانی ناساندن بۆ کتێبی "ژنۆلۆژی باشوور" کرا
لە شاری سلێمانی لە کۆڕێکدا ناساندن بۆ ژمارەی ٣١ـی گۆڤاری ژنۆلۆژی کرا کە تایبەت کراوە بە باشووری کوردستان و لە دووتێی پەرتووکێکدا بەناوی "ژنۆلۆژی باشوور" چاپکراوە.
لە شاری سلێمانی لە کۆڕێکدا ناساندن بۆ ژمارەی ٣١ـی گۆڤاری ژنۆلۆژی کرا کە تایبەت کراوە بە باشووری کوردستان و لە دووتێی پەرتووکێکدا بەناوی "ژنۆلۆژی باشوور" چاپکراوە.
ئەمڕۆ، لە ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتووكخانەی ژنی كورد لە شاری سلێمانی، لە کۆڕێکدا ناساندن بۆ کتێبی "ژنۆلۆژی باشوور" و زانستی ژنۆلۆژی کرا، کتێبەکە لەلایەن ئەکادیمیای ژنۆلۆژییەوە ئامادەکراوە. کتێبەکە لە شێوەی کۆمەڵە وتارە و ١٧ لە بابەت لە خۆ دەگرێت کە تایبەتن لەسەر ژنانی باشووری کوردستان.
دوو نووسەری بەشداربوو لە کتێبەکەدا سنوور ڕەحمان و شیرین تاهیر، ناساندنیان بۆ کتێبەکە و گۆڤارەکانی ژنۆلۆژی کرد.
سنوور ڕەحمان، گوتی :"لە پێش ساڵی ٢٠١١ زانستی ژنۆلۆژی بە شێوەیەکی بەش بەش بەکاردەهێندرا لە زانست و بیردۆزیدا هەبوو، بەڵام لە دوای ئەو ساڵە بە شێوەیەکی کرداری بەکارهێندرا ئەمەش وایکرد زانست لە تەوەرەی ژندا گەشە بکات"
هەروەها لەبارەی گۆڤاری ژنۆلۆژییەوە گوتی: "گۆڤاری ژنۆلۆژی لە ٨ـی ئاداری ٢٠١٦ یەکەم ژمارەی دەرچوو کە تا ئێستا ٣٣ ژمارەی لێ دەرچووە، لە ساڵی ٢٠٢١ـدا دوای گفتۆگۆیەکی چڕ لە سەر ناوەڕۆک و فۆڕمی چاپکردنی دواتر لەلایەن شەهید ناگیهان ئاکارسەل پێشنیار کرا کە لە هەرچوار پارچەی کوردستان بە دیدێکی ژنانە بنوسرێتەوە، بۆیە هەندێک لە ژمارەکانی ژنۆلۆژی تایبەت کرا بە پارچەکانی کوردستان، ژمارەی ٣١ـی تایبەتە بە باشووری کوردستان".
لای خۆیەوە، شیرین تاهیر، گوتی: "گرنگە کە ژنان ژنۆلۆژی باشوور بخوێننەوە، لە زۆرلاوە قسە لەسەر دۆخی باشوور دەکات و کۆمەڵگاکەی دەخوێنێتەوە وەک خەزێنەیەک وایە بۆ تێڕوانینمان لە کێشەی ژن بەتایبەت ئەو کێشانەی کە لە باشوور هەیە بۆ ژنان".
لەکۆتاییدا گفتوگۆیەک ئەنجامدرا و کتێبی ژنۆلۆژی باشووری بەدیاری بەخشرایە بەشداربووان.