مەکەگەپە ناگیهان ئاکارسەلی بیرهێنایەوە

پلاتفۆرمی ڕۆژنامەوانانی ژنی میزۆپۆتامیا (مەکەگەپە) بەبۆنەی ساڵیادی کوشتنی ئەکادیمیست ناگیهان ئاکارسەلەوە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "دژی نایاسایی و دەستبەسەرکردن و زیندانی کردن و کۆمەڵکوژی دەنگمان هەڵدەبڕین".

پلاتفۆرمی ڕۆژنامەوانانی ژنی میزۆپۆتامیا (مەکەگەپە) بەبۆنەی ساڵیادی کوشتنی ئەکادیمیست ناگیهان ئاکارسەلەوە، ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە، بانگەوازی کرد بۆ بەشداربوون لە چالاکی یادکردنەوەی ئاکارسەل لە ئامەد و گوتی: "لە چالاکی یادکردنەوەی ناگیهاندا دژی نایاسایی و دەستبەسەرکردن و زیندانی کردن و کۆمەڵکوژی دەنگمان هەڵدەبڕین".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

"ڕەوشی تورکیا لەڕووی ئازادی بیرکردنەوە و کاری پیشەی ڕۆژنامەوانییەوە ڕۆژ بە ڕۆژ سەختتر دەبێت، پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان و نادادپەروەری بەرامبەر ڕۆژنامەوانان کۆتایی نایەت، هەموو ڕۆژێک گوێبیستی پێشێلکردنی مافەکان دەبین. بە تایبەتی هێرشێکی سیستماتیکی دژ بە ڕۆژنامەوانانی ژنان لەلایەن دەسەڵاتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو فشار و چەوساندنەوەیە، ئەو ڕۆژنامەوانانەی کە لە ژێر چەتری چاپەمەنی ئازاددا کار دەکەن، لە هەڵوێستی خۆیان لایان نەداوە، هەمیشە پێداگر بوون لەسەر گەڕان بۆ ڕاستی، ئەو ژنە ڕۆژنامەوانانەی دژی پێشێلکردنی مافەکان بەرخۆدان دەکەن بە شێوەیەکی شکۆمەندانە لە پیشەکەیان بەردەوام دەبن بۆ پاراستنی مافی جڤاک لە وەرگرتنی هەواڵ.

لە ئێستادا لە کوردستان و تورکیادا ڕۆژنامەوانان سەلامەت نین. ناتوانن بە ئازادی درێژە بە پیشەکەیان بدەن. خراپ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و هەڕەشەیان لێدەکرێت. تەنها ئەو ڕۆژنامەوانانەی کە پشتگیری حکومەتی ئێستا دەکەن دەتوانن کاری خۆیان بکەن. زۆرجار ڕێگری ڕۆژانامەوانانی چاپەمەنی ئازاد دەکرێت کە بەدواداچوون بۆ هەواڵەکان بکەن. ڕۆژنامەوانان بە شێوەیەکی نایاسایی دادگایی دەکرێن و داوای یاساییان لەسەر تۆمار دەکرێت و دەستگیر دەکرێن. لە ئێستادا ٦٣ ڕۆژانامەوان لە تورکیا بە شێوەیەکی نایاسایی زیندانی دەکرێن. ئەم پێشێلکاریانەی مافی ڕۆژنامەوانان ئاستی دیموکراسی و ئازادی لە تورکیا نیشان دەدەن.

پێشێلکاری مافەکان و هێرش و فشارەکان بۆ سەر ڕۆژنامەوانانی چاپەمەنی ئازاد لە هەموو لایەکی کوردستان بەردەوامە. لە هەموو لایەکی کوردستان ڕۆژنامەوانان دەستگیر دەکرێن و دەکرێنە ئامانج و دەکوژرێن. ڕۆژنامەوان ناگیهان ئاکارسەل کە لە بوارە جیاجیاکاندا ڕەنجی دا و بوو بە یەکێک لە سیمبولەکانی تێکۆشان بۆ دۆزی گەلی کورد، ساڵی ڕابردوو لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان کوژرا. ڕۆژنامەوان، ئەندامی ناوەندی لیکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی، ئەکادیمیست و سەرنوسەری گۆڤاری ژنۆلۆژی، ناگیهان ئاکارسەل، لە هێرشێکی چەکداریدا لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی کوژرا. پەیڕەوکاری ڕاستی، تێکۆشەر و داکۆکیکاری ئازادی ژنان، ناگیهان ئاکارسەل کە ئازایانە بەرەنگاری هەموو ستەم و چەوساندنەوە یەک بووەوە و سەری نەوی نەکرد، لە هێرشێکی دڕندانەدا کوژرا. ئێمە ئەم هێرشە وەک هێرشێک بۆ سەر هەموو ژنانی کورد دەبینین. لە کەسایەتی ناگیهان ئەم هێرشە لە دژی هەموو ژنانی کورد و دۆزی گەلی کورد کرا.

ناگیهان بۆ دامەزراندنی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە سلێمانی و هەروەها بۆ دامەزراندنی کتێبخانەی ژنانی کوردستان کاری کردووە و لەو ڕووەوە بەخششێکی مەزن بوو بۆ ژنان. بە هەڵوێستی خۆی کاریگەری لەسەر زۆر کەس دروست کرد. ئێمەش خاوەندارێتی لەم هەڵوێستە بەنرخە دەکەین، بۆیە وەک پلاتفۆرمی ڕۆژنامەوانانی ژنی میزۆپۆتامیا (مەکەگەپە)، سبەی کاتژمێر ١٧.٠٠ لە ناوەندی چاند و هونەری دیجلە فورات لە ئامەد، بەشداری یادی ناگیهان ئاکارسەل دەکەین. لە یادی ناگیهان دەنگی خۆمان لە دژی نادادپەروەری، نایاسایی، گرتن، دەستبەسەرکردن، کوشتنی ڕۆژنامەوانان بەرز دەکەینەوە. ئێمە دەنگی خۆمان لە دژی ئەو زیهنیەتە تاکپەرست و پیاوسالارییە یەکدەخەین کە چەوساندنەوە و کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەدەبات".