پشتیوانی ژنانی ئەوروپا: بڕیاری لە سێدارەدانی وریشە مورادی ڕادەگرین

پشتیوانی ژنانی ئەوروپا (ئاکەدە) دەستنیشانی کرد دەوڵەتی ئێران کوردان و ئۆپۆزسیۆن دەکاتە ئامانج و داوای لە ڕای گشتی دیموکراسیخواز کرد هەوڵ بدەن بڕیاری لە سێدارەدانی وریشە مورادی بوەستێنن.

وریشە مورادی

دەوڵەتی ئێران سزای لە سێدارەدانی بۆ ئەندامی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(کەژار) وریشە مورادی دەرکرد.

پشتیوانی ژنانی ئەوروپا (ئاکەدە) کە لە تەڤگەری ژنانی کورد، یەکێتی ژنانی سۆسیالیست، لە چاوی ژنەوە، تەڤگەری ژنانی دیموکراتیک، هێڵی سووری ژنی نوێ پێک دێت، ڕاگەیەنراوێکی نووسراوی بڵاو کردەوە و تیشکی خستە سەر گرنگی ئەو نامەیەی کە وریشە مورادی لە زیندانی ئەوین نووسیویەتی.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین بڕیاری لە سێدارەدانی دەرکردووە و تاکو ئێستا  بڕیاری سەدان کەس  جێبەجێ کراوە و بەردەوامی سزای لە سێدارەدانی نوێش دەردەکرێت. لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "دواین سزاکانی لە سێدارەدان دژی ٦ کەس دراوە کە بەشداریان لە چالاکییەکانی ژینا ئەمینی کردووە. هەروەک  زۆرترین سزای لە سێدارەدان دژی پارێزەرانی مافی مرۆڤ، ژنانی چالاکوان، خەباتکارانی کورد، هەموو تێکۆشەران و  هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان جێبەجێ کراوە. لە سێدارەدان و زیندانی کردن سیاسەتی چەوساندنەوە و لە ناوبردنی تێکۆشان، ڕەوشی ژنان و گەلانی ژێردەستەیە.

لە هەموو جیهان، سەدان ساڵە ژنان دژی سیستەمی پیاوسالاری تێدەکۆشن. ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و بە تایبەت لە ئێران لە شەڕ  دژی سیستەمی پیاو سالاری کە بە شێوەیەکی ڕێکخراو تێکۆشان و دەستکەوتەکانی ژنان دەکەنە ئامانج، بەشێوەی ڕێکخراو لە تێکۆشاندان.

پێویستە دەوڵەتی ئێران کۆتایی بە سیاسەتی فشار و قڕکردن بێنێت. سزا دەرکراوەکان ڕاگرێت و هەموو زیندانیانی سیاسی و بەتایبەتی زیندانی سیاسی وریشە مورادی ئازاد بکات. دژی بڕیارەکانی لە سێدارەدان کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، دەبێت هەموو ڕێکخراوەکان، پێشکەوتنخواز و دیموکراسییەکان و بە تایبەتی ڕێکخراوەکانی ژنان بە فراوانکردنی تێکۆشانەکانیان دژ بە بڕیارەکانی لە سێدارەدان بڵێن نا".