'شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی گۆڕدراوە بۆ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی'
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەژار پەیمان ڤیان سەربارەت بە ساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی وتی، "شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی وێڕای گوشار و ستەمی دەوڵەتیش گۆڕدراوە بۆ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی".
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەژار پەیمان ڤیان سەربارەت بە ساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی وتی، "شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی وێڕای گوشار و ستەمی دەوڵەتیش گۆڕدراوە بۆ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی".
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) پەیمان ڤیان بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە رۆژهەڵات و ئێران قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
پەیمان ڤیان لە سەرەتای قسەکانیدا لە کەسایەتی ژینا ئەمینیدا هەموو شەهیدانی شۆڕشی بە بیرهێنایەوە و بەم جۆرە دوا: "ساڵێک بەسەر شۆرشی ژن، ژیان، ئازادیدا تێپەڕبوو. ئێمە بە خۆشەویستیەوە سڵاو لە بنەماڵەی شەهیدان و دایکانی ئاشتی دەکەین، کە رۆڵەکانیان بەم شۆڕشە بەخشی و پێشەنگایەتیان کرد. ئێمە ساڵێکی تێکۆشان، بەرخودان و پێداگری گەورە لە سەر ئازادیمان تێپەڕاند. بێ گومان ئەمە ساڵێک بوو کە تیایدا قوربانی گەورە دران. گەلی رۆژهەڵات و ئێران بینیان کە ئازادی چەندە پێویستی بە قوربانیدانی گەورەیە. بەڵام قوربانیدان و تێچووەکە چەندە گەورەش بێت، دیسان پێداگرن لەسەر ئازادی. سەلماندیان کە بە تێکۆشان دەتوانن بەدەستیبهێنن.
گەلی رۆژهەڵات و ئێران خاوەنی ئەزمونی تێکۆشانە. بە شێوەیەکی روون نیشانیاندا کە تا ساڵی ٢٠٢٢ بە ئازادی هەنگاو بۆ دواوە نانێن. لەبەر ئەوەی دەیانزانی کە هەنگاونان بۆ دواوە بە واتای مردنە بۆ ئەوان. ئەوە زۆر گرنگە. دوای کوژرانی ژینا ئەمینی تەقینەوەیەکی گرنگ هاتە ئاراوە. ئەوە تەقینەوەی رق، توڕەیی و بێزاری ژنانە کە چەندین ساڵە لە دژی سیستمی زۆرداری کەڵەکە بووە و پەنگی خواردبووەوە. ئەو توڕەییە نەک هەر لە رۆژهەڵات، لە هەموو شارەکانی ئێران لە رۆژێکدا بڵاوبووەوە. ئەوەی نیشاندا کە کێشە و ئازارەکانی ژنان و گەنجان یەک شتن. لەبەر ئەوەش تەقینەوەیەکی بەم جۆرە گەورە روویدا. هەڵبەتە ئەو سەرهەڵدانە لەبەر ئەوەی لە سەر بنەمای پاڕادایمێک بوو زۆر کاریگەر تر بوو. لەبەر ئەوەی ژنان و گەنجان بە ئامانجێکەوە رژانە شەقامەکان، دەیانزانی پرۆژە و بەرنامەیان چییە. لەبەر ئەوە ژنان بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی شۆڕشیان بڵاوکردەوە و نیشانیاندا کە لە سەر چ پاڕادگمایەک دامەزراوە.
بۆ ماوەی چەندین ساڵە سیستمی نەتەوە-دەوڵەت بە ئەقڵیەتی باوکسالارانە ویستی واتای ژن، ژیان، ئازادی لەناوببات و پەیوەندییەکەی لەگەڵ ژنان دادبڕێنێت. بەڵام لە شۆڕشدا ئاوێتەبوونی ژنان و ژیان سەرلەنوێ واتای بەدەستهێنایەوە. پرسیارەکانی پەیوەست بە پەیوەندی نێوان ژنان و ژیان سەرلەنوێ وەڵامدرانەوە. ژن، ژیان، ئازادی ئێستا لە سەرووی دروشمێکەوە، وەک فەلسەفەی شۆڕش و فەلسەفەی ژیان و تەنانەت رێنێسانس و رۆشنگەریەک لە ئێران، رۆژهەڵاتی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڵاوبووەتەوە.
لەم شۆڕشەدا دوو خاڵی زۆر گرنگ هەیە. یەکەم؛ ژنان پێشەنگ بوون، دووەم لە رۆژهەڵاتەوە سەریهەڵدا. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی یەکەم جار بۆ یەکەم جار ئەو سنوورانەی تێکشکاند کە رژێم لە نێوان گەلاندا کێشابووی. لەبەر ئەوەی هەموو ئەوانەی بەشدارییان لە شۆڕشەکەدا کرد ئێش و ئازاری هاوبەشیان هەبوو. لەبەر ئەوەش تەنیا بە تێکۆشانێکی هاوبەش لە پێناو ژیانێکی نوێ و ئازاد دەتوانن لە دژی رژێم بوەستنەوە".
ئەم شۆڕشە هەموانی لەخۆگرت
پەیمان ڤیان ئەوەی خستەڕوو کە ژن، ژیان ئازادی وەک شۆڕشی ژنان دەستیپێکرد، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات گۆڕدرا بۆ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و وتی، "ئەگەر ئەو شۆڕشە بە پێشەنگایەتی ژنان دەستیپێنەکردایە، بەو رادەیە بڵاونەدەبووەوە. لەبەر ئەوەی ژنان پێشەنگی کۆمەڵگان، رەنگ و روخساری ژیانن. لە کەسایەتی ژندا، ژیانی کۆیلایەتی ئافرێندرا، هەربۆیە کاتێک بە پێشەنگایەتی ژنان سەرهەڵدان هاتە ئاراوە، هەموان لە ناو شۆڕشدا جێگەی خۆیان کردەوە. شۆڕشی هەموان بوو. کرێکاران، مامۆستایان، هونەرمەندان بەشدارییان لە شۆڕشدا کرد. گەنجان رۆڵی گەورەیان گێڕا. لەبەر ئەوەش شۆڕشەکە گۆڕدرا بۆ شۆڕشی هۆشمەندی و وشیاری. واتە لە هۆشمەندی و ئەقڵیەتدا گۆڕانکاری سازکرد و ئەو گۆڕانکاریە بەردەوامە و بووەتە شۆڕشێکی سیاسی، کولتوری و کۆمەڵایەتی. هەموان لەئامێز دەگرێت و دەیانگرێتەخۆ. هەموان خۆیان لەم شۆڕشەدا بینیەوە. گەلی رۆژهەڵات و ئێران بە پێشەنگایەتی ژنان لە دژی سیستمی هەنوکەیی وەستانەوە. خۆی لە خۆیدا لە پەیجوری و بەدواداچووندا بوو، بەڵام نەدەزانرا کە لە کوێ و چۆن دەتەقێتەوە. لەبەر ئەوەی هەبوونی خۆیان لە شۆڕشی ئازادیدا بینیەوە، هەموان خاوەندارییان لێکرد. رەنگە ئەو شۆڕشە چەندین ساڵ بەردەوام بێت، بەڵام لە بنەڕەتیدا ئامانج، فەلسەفە و پاڕادیگمای خۆی بە شێوەیەکی روون نیشانداوە. لەبەر ئەوە ئێمە دەڵێین؛ بەڵێ شۆڕش بە پێشەنگایەتی ژنان دەستیپێکرد و هەموان خاوەندارییان لێکرد.
پەیمان ڤیان بە ئاماژەدان بەوەی "دوای شەهیدبوونی ژینا، بە سەدان کەس شەهیدبوون و بە هەزاران کەس زیندانی کران، ئێران دەیویست شۆڕش سەرکوت بکات و هەموان بێدەنگ بکات، لەبەر ئەوەی ئەوەی رژێم لێی دەترسا روویدابوو. ئەوەی ئێران چەندین ساڵ بوو لێی دەترسا وشیاربوونەوەی گەنجان، گەل و ژنان بوو، ئەوەبوو کە ئەوانە رانەپەڕن، لەپێناو مافەکانیان نەڕژێنە شەقام. بەڵام پێچەوانەکەی روویدا. لە هەموو گەلان، ژنان و گەنجان رژانە شەقامەکان و بە تێکۆشانێکی هاوبەش داواکارییەکانیان خستەڕوو. لەبەر ئەوەی زانیان تاکە شوێنی بەدەستهێنانی ئازادی گۆڕەپانەکانی تێکۆشانە.
ژنان، گەنجان و کۆمەڵگا چەندە وشیاربن، بەو رێژەیە رژێم لاواز دەبێت و شۆڕشیش ئەوەندە سەردەکەوێت. بێگومان ئەوەش پێویستی بە تێکۆشان و قوربانیدانە. هەموو ئەو گەنجانە و ئەو ژنانەی رژانە شەقامەکان دەیانزانی کە رووبەڕووی شەهیدبوون، گرتن و ئەشکەنجە دەبنەوە. بێ سڵکردنەوە لە هەموو ئەو تێچوو و قوربانیدانانە رژانە گۆڕەپانەکان. ئەوەش زۆر گرنگە. ئەو دۆخە کولتوری بەرخودانی ئافراند. بەتایبەتی کاتێک سەریری بنەماڵەی شەهیدانمان دەکرد، بینیمان کە چ بەرخودان و خۆڕاگرییەک نیشان دەدەن، بنەماڵەکان چۆن خاوەندارییان لە رۆڵەکانیان کرد و دەبێت چ رۆڵێک بگێڕن. ئەوە کولتوری بەرخودانی خوڵقاند. سەرباری ئەوەی رژێم بە هەڕەشەی لە سێدارەدان لە زیندانەکان ویستی خۆڕاگران بترسێنێت، زیندانەکانیش بوونە گۆڕەپانی بەرخودان. بە سەدان ژنی وەک زەینەب جەلالیان هێشتا لە زیندانەکاندا خۆڕاگری دەکەن. زەینەب جەلالیان ١٦ ساڵە بێپسانەوە بەرخودان دەکات و یەک خولەکیش نەیگوت کە پەشیمانە. پێداگری لەسەر ئازادی کرد. لەسایەی بەرخودانی ئەو ژنانە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی هاتە ئاراوە. ئەوانەی وەک زەینەب کە ١٦ ساڵە خۆڕاگری دەکەن، دەزانن لە چی دەبێت با ببێت رۆژێک ئەم سیستمە دەخەنە ژێر لێپرسینەوە".
گەل درکی بە هێزی خۆی کرد
پەیمان ڤیان ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەوڵەتی ئێران تێگەیشتووە کە ئیتر بە هەڕەشەی لەسێدارەدان، ئەشکەنجە و کۆمەڵکوژی ناتوانێت ئیرادەی گەل تێکبشکێنێت و بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: "شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی بەرخودانی گەیاندە بەرزترین ئاست. رۆحێکی هاوبەش هاتە ئاراوە، ئیتر هەموان تێگەیشتن کە ئەگەر یەکگرتووبن، سەردەکەون. لەبەر ئەوە گەلانی کورد، بەلوچ، ئازەری و فارس بینیان کە کێشەکانیان وەک یەکن و کولتوریکی هابەش هاتەکایەوە.
ژن ژیان ئازادی هیوا و بڕوای خوڵقاند، لە شۆڕشەکاندا ئەوە زۆر گرنگە، بەهۆیەشەوە درێژەی کێشا و بەردەوام بوو. گەل گەیشتە ئەو بڕوایەی کە چیتر رژێم بەم شێوەیە ناتوانێت بەردەوام بێت و هێزی خۆی بینی. ئەوەی بینی کە هێزی گەل کە بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان هاتووەتە مەیدان چەندە گەورەیە و بەو هێزەوە بە دەیان دیکتاتۆر دەڕوخێن. ئەوەش بڕوا و هیوا و هێزی خوڵقاند. ئامانجی رژێم و دەوڵەتەکان ئەوەیە کە خۆڕاگران بێ هیوا بکەن و بێ بڕوا بکەن. بەڵام ئەم شۆڕشە هیوا و بڕوا و خوڵقاند. هەربۆیەش هەموو گەلانی لەخۆیدا کۆکردەوە. دەوڵەتی ئێران کە لە شۆڕشەکەدا سەدان کەسی کوشت، منداڵ و بنەماڵەی شەهیدان کە پشتیوانی شۆڕش دەکەن، دەیانگرێت و ئێستا لە هەر بنەماڵەیەکی شەهیدان ٢-٣ کەسی دەستگیرکردووە و ئەشکەنجەیان دەدات.
ئێران هەڕەشە لە هەموو کەس دەکات بۆ ئەویە نەڕژێنەوە شەقام و گۆڕەپانەکان، ماوەی ٤٤ ساڵە ئەو ستەمە بەردەوامە، بەڵام چیتر خەڵک لەو هەڕەشە و گوشارانە ناترسن و لەو بڕوایەدام کە بەشێوەی بەهێزتر خاوەنداری لە شەهیدەکانیان دکەن. نەک هەر بنەماڵەی شەهیدان دەبێت سەرجەم بنەماڵەکان بەرپرسیارێتی سەرشانیان بەجێبگەیەنن. دەبێت گەلەکەمان بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان جارێکیتر بیسەلمێنێت کە لەبەرامبەر شەهیدانی خۆیدا بەرپرسیارانە مامەڵە دەکات.
دەبێت ئەو قوربانییەی دراوە بە فیرۆ نەچێت
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەژار پەیمان ڤیان ئەوەی خستەڕوو کە دەوڵەتی ئێران لە دوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی تۆڵە لە ژنان دەکاتەوە و بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "بەهەزاران ژنی گەنج ژەهراویکران، زیندانی کران و ئەشکەنجەدران و کوژران. دەوڵەت ویستی بەم جۆرە تۆڵە بکاتەوە. بەڵام سەرباری هەموو ئەمانەش نەیتوانی ئەم شۆڕشە رابگرێت. سیاسەتە کۆلۆنیالیستیەکانی رژێمی ئێران ئیتر شکستیان هێناوە. بەو سیاسەتانەوە ناتوانن بەرامبەر بە گەل بوەستنەوە. لەبەر ئەوە دووەم ساڵی شۆڕش زۆر گرنگە، ئێمە چۆن تێبکۆشین و شۆن درێژە بەم شۆڕشە بدەین؟ لەبەر ئەوەی شۆڕش لە چەند مانگدا ناگاتە ئەنجام. لەبەر ئەوە وتم، شۆڕشێکی هزری، شۆڕشێکی سیاسی، شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی هەیە و دەبێت بەردەوام بێت. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئێمە بە باشی خۆمان بۆ ئەم شۆڕشە ئامادە بکەین. دەبێت رێکخستنی بەهێز هەبێت و ئەو قوربانیانەی دراون بە فیڕۆ نەچن.
لە دووەم ساڵی شۆڕشەکەدا، بەهێزکردنی یەکگرتوویی زۆر گرنگە، بەتایبەتیش دەبێت ژنان یەکبگرن. دەبێت بە تێکۆشانێکی رێکخراوتر، زانایانە، پەروەردەکراوانە و بەهێزتر نەهێڵین ئاگری سەرهەڵدانەکە بکوژێتەوە. مامۆستایان لە ناوەندەکانی خوێندندا رۆڵی گرنگیان هەیە و دەبێت هەموان خاوەنداری لە ئەرکی خۆیان بکەن و بەجێیبگەیەنن. دەبێت لە کۆمەڵگادا یەکگرتوویی و تێکۆشانی هابەشی بەهێز بوونی هەبێت، گەر تێکۆشان پرش و بڵاوبێت ناتوانێت بگاتە ئەنجام، بەڵام تێکۆشانی هاوبەش و یەکگرتوو بە دڵنیاییەوە سەرکەوتن مسۆگەر دەکات. وەک کەژار ئامانجمان بۆ دووەم ساڵی شۆڕش بریتیە لە بەهێزکردن و پتەوکردنی رێکخستنبوون و یەکێتیی ژنان. چەندین ساڵە لەو پێناوەدا تێدەکۆشین، قوربانی و تێچووی زۆریشمان داوە. دەبێت پارێزگاری لەو کەسایەتیە بکەین کە شۆڕش ئافراندوویەتی. پێویستی بە بوونی بەرەیەکی بەهێزی ژنان هەیە و لەوپێناوەشدا تێدەکۆشین و هەوڵ دەدەین. دەبێت ژنانی بەلوچی، عەرەب، کورد، ئازەری و فارس پێکەوە لە بەرەیەکی بەهێزی دیموکراتیکدا تێکۆشانی ئازادی بەڕێوەببەن.
وەک ژنان دەبێت رێگە نەدەین چیتر پیاوان بڕیار بدەن کە چۆن بژین، یاخود بەلەبەر چاوگرتنی ئەو هەموو تێکۆشان و قوربانیدانە نابێت پیاوان بە تەنیا بڕیاردەر بن. ئێمە ئێستا بۆ ئەوە تێدەکۆسین و وەک ژنان لە هەموو کایەکانی ژیاندا درێژە بە تێکۆشان دەدەین. ئەو شۆڕشەی بە پێشەنگایەتی ژنان نەکرێت، بێگومان شکست دەهێنێت. رێبەر ئاپۆ چەندین ساڵە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات. روونە کە تا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگاش ئازاد نابێت. ئەوە لە کەسایەتی شۆڕشی رۆژهەڵات و ئێرانیشدا دەردەکەوێت. لەبەر ئەوەی ئەگەر ژنان بە مافەکانیان بگەن و ئازاد بن، هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا ئازاد دەبن. ئازادی هەموو گەلان بە ئازادی ژنانەوە بەستراوەتەوە، وەک چۆن کێشەکانی ژنان دەبنە کێشەکانی هەموو کۆمەڵگا، ئازادی ژنانیش بە واتای رزگاری و ئازادی کۆمەڵگایە. لە دووەم ساڵی شۆڕشەکەدا ستەم و زۆرداری رژێم چەندە گەورە بێت، دەبێت بەرخودان و تێکۆشانی ئێمەش بەو ڕادەیە گەورە بێت. چی دەبێت با ببێت تێکۆشانی ئێمە بەردەوام دەبێت".
هـ . ب