تەژەئا: ئامانجی سەرەکیمان ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالانە
تەژەئا بە درووشمی "بە ژن، ژیان، ئازادی بەرەو ئازادی" دووەمین قۆناغی کەمپینەکەی دەستپێکرد.
تەژەئا بە درووشمی "بە ژن، ژیان، ئازادی بەرەو ئازادی" دووەمین قۆناغی کەمپینەکەی دەستپێکرد.
تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) بە دروشمی "بە ژن، ژیان، ئازادی بەرەو ئازادی" کەمپینەکەی ڕاگەیاند کە تا ڕۆژی ٨ی ئازاری ٢٠٢٤، ڕۆژی جیهانی ژنان، لە شاری ڕحا بەردەوام دەبێت. دوای ناوچەی سلۆپی، تەژەئا دووەم دەستپێکی کەمپینەکەی بە چالاکیەک لە هۆڵێکی ناوچەی کاگیتانی ئەستەنبوڵ بەڕێوەدەبات. رێکخراوەکانی ژنان و دایکانی ئاشتی و نوێنەری ڕێکخراو و دامەرزاوە سڤیلەکان ئامادەی چالاکییەکە بوون. ژنان بە جلوبەرگی هەرێمیی خۆیانەوە دیمەنێکی ڕەنگاوڕەنگیان پیشاندا.
لە هۆڵەکەدا پانکارتی "بەڵێن دەدەین تێکۆشانەکەیان سەربخەین" لەگەڵ وێنەی ناگیهان ئاکارسال و ژنە تێکۆشەرەکانی تر هەڵواسران. دەقی ڕاگەیاندراوەکەی تەژەئا، لەلایەن فەلەک ئەردەم خوێنرایەوە.
پوختەی ڕاگەیاندراوی تەژەئا بەم جۆرەیە:
"ئێمە گەواهیدەری شۆڕشی جڤاکی "ژن، ژیان، ئازادی"ی ژنانین کە لە ڕۆژهەڵاتەوە دەستی پێکرد و بە پارچەکانی دیکەی کوردستان و هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە. بەو ڕۆحی ئەم شۆڕشەوە و بە باوەڕمان بە تێکۆشانی ژنان، بەڵێن دەدەین پەرە بەم تێکۆشانە دەدەین و سڵاو لە تێکۆشانی ئازادیی هەموو ژنانی جیهان دەکەین!".
"هەوڵ دەدەن وڵاتی کوردان داگیربکەن"
ئاماژە بەوە کراوە، سیستەمی دەوڵەتپارێز، دەخوازێت کارەساتی بومەلەرزەکە بقۆزێتەوە، لەپێناو ئەنجامدانی گۆڕینی دیمۆگرافی و داگیرکردنی جوگرافیای کوردستان.
"تێکۆشانی ئازادیی ژنان کۆتایی نایەت"
لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: " ئەوانەی لە سلێمانی ناگیهان ئاکارسال و لە پاریس ئەڤین گۆیییان کوشت، پێویستە بزانن تێکۆشانی ئازادی ژنان کۆتایی نایەت! چونکە ئەوانەی ڕۆحی فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" هەڵدەگرن، بوونەتە گەورەترین مەشخەڵی سەر ڕێگای ئازادی جڤاکی".
"پاراستنی خاکەکەمان، پاراستنی مرۆڤایەتییە"
ئاماژە بەوە کراوە، سوتانەکانی دێرسیم و جودی و لجێ و بەدلیس، ڕوویەکی تری شەڕی دژی کوردە، دەڵێن: " ئێمە جارێکی تر دەڵێین، پاراستنی جەوهەر و خاکەکەمان واتە پاراستنی مرۆڤایەتی و دووپاتی دەکەینەوە کە تێکۆشان بۆ ئیکۆلۆژی گرنگترین بەشە لە تێکۆشانی ژنان".
"ڕێکخستن بۆ تەڤگەری ژنان، گرنگە"
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ڕوونکراوەتەوە، لەلایەن دەوڵەت نەتەوەکانەوە، هێرشێکی فرەلایەن بۆ سەر ژنان و دەسکەوتەکانیان هەیە، بۆیە ڕۆژانە کوشتنی ژنان و دەربازبوونی بکوژەکان زیاتر دەردەکەوێت، دەڵێن:
"لەگەڵ ڕێکخراو و تەڤگەر و پلاتفۆرمەکانی ژنان پێکەوە هەوڵمان دا دەنگەکانمان یەکبخەین، تا لەسەر بنەمای ڕێکخستن، دژی هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی سەر ژنان، تێکۆشان و بەرخۆدانی مەزنتر بکەین. جارێکی تر دەبینین کە بۆ ئێمە وەک تەڤگەری ژنان گرنگە پێکەوە بین و ڕێکخستنی خۆمان پێشبخەین، وەک ژن پێکەوە بەهێزترین".
"بە سیاسەتی چاندکوژی، هەبوونی جڤاکیمان تاڵان دەکەن"
ئاماژە بەوە کراوە، سەرەڕای کوشتن و توندوتیژییەکانی نێو زیندان، هێرشی سەر گۆڕستان و تەرمەکان و چەندەها جۆر تاوانی تر، هێرشی چاندی بۆ سەر کورد هەیە، دەڵێن: " لەگەڵ هەموو ئەم هێرشانە؛ زمانی دایک و چاند و ناسنامە و بەهاکانمان نکۆڵی لێ دەکرێت! وەک چۆن لە جزیر و سور و جیلۆ دەیکەن، بە سیاسەتی چاندکوژی هەبوونی جڤاکیمان تاڵان دەکەن".
"لە پاراستنی زمانی زگماکی، هاوکارمان بن"
ڕاگەیاندراوەکەی تەژەئا دەڵێت: "بانگەواز لە ژنانی کورد و هەموو پێکهاتەکانی جڤاک دەکەین، لە پاراستنی زمانی زگماکی و چاند و ناسنامەکاندا هاوکارمان بن. لە کەمپینەکەی ئێمەدا، بوونی زمانی کوردی و زمانەکانی تر بە زمانی پەروەردە و پاراستنی هەریەک لەم زمانانە، دەبێتە ئامرازێک بۆ بڵندکردنەوەی تێکۆشانمان".
"مەزنترین هێز بۆ هەڵوەشاندنەوەی گۆشەگیریی ئیمراڵی، هێزی ڕێکخستنی ژنانە"
لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەختکراوەتەوە، هەموو هێرشە جڤاکییەکان، بەتایبەت هێرشی سەر ژنان و ژنکوژی، گرێدراوە بە سیاسەتی گۆشەگیریی ئیمراڵییەوە، دەڵێن: "جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە، چارەسەری پرسی کورد و هەموو پرسە جڤاکییەکان لە ئیمراڵییە. هەڵبەت ئێمە دەزانین؛ ئەو گۆشەگیرییەی بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپێنراوە، دژی ئایدۆلۆژیا و پارادایمەکەیەتی. بەرخۆدانی فیکری و سیاسی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە دوورگەی ئیمراڵی؛ کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر پەرەپێدانی تێکۆشان بۆ دیموکراسی و ئازادی بەتایبەت لە کوردستان، هەروەها بۆ گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین و گەنجان و ژنان. هەر بۆیە، تێکۆشان بۆ ئازادی و دیموکراسی تەنیا بە دژایەتیکردنی سیستەمی گۆشەگیری ئیمراڵی بەدی دێت. گەورەترین هێز کە گۆشەگیریی ئیمرالی هەڵدەوەشێنێتەوە، هێزی ڕێکخستنی ژنانە کە لەسەر فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" گەشە دەکات. چونکە تاکە ڕێگای ئازادی، خۆڕێکخستنە. لە ڕێگەی کەمپەینەکەمانەوە کە هێزی خۆی لە هێزی ڕێکخستنی ژنانەوە وەردەگرێت، جارێکی دیکە ڕادەگەیەنین، ئامانجی سەرەکیمان شکاندنی گۆشەگیریی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و مسۆگەرکردنی ئازادییەتی".
بانگەوازی بڵندکردنەوەی تێکۆشان
تەژەئا لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەی، بانگەواز لە ژنانی کورد و ژنانی تورکیا و چالاکوانان و ڕێکخراوە فێمینیستەکان و هەموو ژنانی جیهان دەکات، دژی هێرشی سەر ژنان، بە یەک دەنگ بانگەواز بۆ ئازادی جڤاکی بکەن؛ دەڵێت: "وەرن، هەموومان پێکەوە، لە هەموو شوێن و کاتێک هاواربکەین؛ بە ژن، ژیان، ئازادی بەرەو ئازادی".