ژنانی مەخمور لە ساڵیادی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'، بەڵێنی گەشترکردنی تێکۆشانیان دا

لە کەمپی مەخمور، ژنان بە پێشەنگایەتی ئەنجوومەنی عەشتار سڵاویان لە یەکەمین ساڵیادی سەرهەڵدانی 'ژن ژیان ئازادی' کرد و بەڵێنیان دا کە تێکۆشان گەشتر بکەن.

لە کەمپی پەنابەرانی مەخمور، ژنان بە پێشەنگایەتی ئەنجوومەنی عەشتار سڵاویان لە یەکەمین ساڵیادی سەرهەڵدانی 'ژن ژیان ئازادی' کرد، کە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکرد.

ژنان لە پارکی ٤ی نیسان کۆبوونەوە و بە خولەکێک ڕێزگرتن لە کەسایەتی ژینا ئەمینی، یادی سەرجەم شەهیدانی بزوتنەوەی ئازادی کوردستانیان بەرز ڕاگرت، پاشان لەلایەن ڕوکن تونج، بە نوێنەرایەتی لە ژنانی کەمپەکە ڕاگەیەندراوێک خوێندرایەوە.

"دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' بووە فەلسەفەی شۆڕش"

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ساڵانێکە سیستەمی نەتەوە-دەوڵەت بە ئەقڵییەتی پیاوسالاری هەوڵی لەناوبردنی واتای 'ژن، ژیان، ئازادی'ی دەدا. بەڵام لە شۆڕشدا پەیوەندی نێوان ژن و ژیان جارێکی تر واتادار بووەوە. پرسیارەکان لەبارەی ژن و پەیوەندییان بە ژیانەوە جارێکی تر وەڵام درانەوە. 'ژن، ژیان، ئازادی' ئێستا لە دروشمێک زیاترە، وەک فەلسەفەی شۆڕش، فەلسەفەی ژیان و تەنانەت ڕێنێسانسێکی نوێ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبووەتەوە".

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئەگەر ئەم شۆڕشە بە سەرکردایەتی ژنان دەستی پێنەکردایە، بەو ڕادەیە بڵاو نەدەبۆوە. چونکە ژن پێشەنگی کۆمەڵگایە، ڕەنگی ژیانە. بۆیە کاتێک سەرهەڵدان بە پێشەنگایەتی ژنان ڕوویدا، هەمووان جێگەی خۆیان لە شۆڕشدا گرتەوە. لە شۆڕش بە پێشەنگایەتی ژنان، پیاوانیش ڕوویان لە گۆڕەپانەکان کرد، هەمووان لە خوێندنگە و زانکۆکان چوونە ڕیزی شۆڕشەوە".

ئاماژە بەوەشکراوە، ڕاستی دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی'، کە ساڵانێک لەمەوبەر لە لایەن ڕێبەر ئاپۆوە بڵاوکرایەوە، ساڵێک لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا بووە هاواری ئازادی و سەرچاوەی گەشترکردنی تێکۆشانی ژنانی ڕۆژهەڵات کوردستان، ئێران و ژنانی جیهانیش.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، ئێمەی ژنانی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی، ئامانجی سەرەکیمان لە یەکەمین ساڵیادی شۆڕشدا بەهێزکردنی بەڕێکخستنبوون و یەکڕیزی ژنانە. ئێمە ساڵانێکە لەو پێناوەدا تێکۆشان دەکەین، تێچوو و قوربانی قورس دەدەین. پێویستە ئەو کەسایەتیەیی شۆڕشی هێنایە ئاراوە بپارێزین و شۆڕش گەشتر بکەین. لەسەر ئەو بنەمایە هەموو شەهیدانی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' بە ڕێز و پێزانینەوە یاد دەکەینەوە و بەڵێن دەدەین تێکۆشانیان گەشتر بکەین".

ژ.ن