ژنانی رۆژهەڵات و ئێران چوار دەیەیە بێ وچان تێدەکۆشن
ساڵێک بە سەر دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی تێپەڕ دەبێت، کە بە پێشەنگایەتی ژنان سەرتاسەری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە.
ساڵێک بە سەر دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی تێپەڕ دەبێت، کە بە پێشەنگایەتی ژنان سەرتاسەری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە.
لە ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٢، لە تاران یەكەیەكی پۆلیسی ئەخلاقی دەوڵەتی ئێران ، ژینا ئەمینی، خەڵكی شاری سەقزی بە بیانوی نەشیاوی پۆشاکەکەی دەستگیرکرد و بە هۆی ئەو توندوتیژیی و بێڕێزییەی بەرانبەری ئەنجامیاندا ژینا کەوتە دۆخی کۆماوە
دوای ٣ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە لە ١٦ی ئەیلول دا گیانی لەدەستدا، ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو تاوانە تێكەڵ بە ڕق و بێزاری پەنگخواردووی دەیان ساڵەی ژنان لە دژی نادادی و جیاوازی ڕەگەزی و پێشێل کردنی ماف و حیجابی زۆرەملێ بوو، هەرئەمەش بووە سەرەتای ڕاپەڕینێك، بەپێشەنگایەتی ژنان و بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادیی، كە كۆڵەكەكانی دەسەڵاتی ئێرانی خستە لەرزین.
باڵاپۆشی یاخود حیجابی زۆرەملێ لە ئێران پاش ٢ هەفتە لەدوای شۆڕشی ڕژێمی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩بوو، لە ڕێگای سەرکوتکردن و سەپاندنی سزاوە بەسەر ژناندا سەپێندرا، ئەم بڕیارە لەلایەن خومەینییەوە دەرکرا و داوای لە ژنان کرد یان کار نەکەن یان ئەوەی کە ئەگەر دەتانەوێت کار بکەن دەبێت خۆیان باڵاپۆش بکەن.
بڵاوبوونەوەی ئەم گوتارەی ناڕەزایەتی ژنانی بەدوای خۆی دا هێنا و زیاتر لە ٨ هەزار ژن لە زانکۆی تاران دا کۆبووونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا، ژنان بەمەوە نەوەستان و بڕیاریاندا لە ڕۆژی جیهانی ژن ٨ی ئاداری هەمان ساڵ واتە ١٩٧٩بڕژێنە شەقامەکان و ڕێپێوان ئەنجام بدەن، لەم ڕێپێوانەدا ١٥هەزار ژن بەشداریان کرد و وتیان ئێمە حیجابی زۆرەملێ و سەرکوت قبووڵ ناکەین، ئەم ناڕەزاییەتییانە زۆرێک لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی گرتەوە.
بەڵام ئەم دەوڵەتە گوێی بۆ داخوازییەکانی ژنان نەگرت و لە ساڵی ١٩٨٣دا دوای پەسندكردنی یاسای سزادانی ئیسلامی، ڕووبەڕووبوونەوەی یەکەکانی ئاکار بە فەرمی شێوەی یاسایی دەگرێتەبەر و ئەو ژنانەی لە شوێنی گشتیدا بەبێ حیجاب دەرکەوتوون، سزای لێدانی ٧٤ قامچیان بەسەردا سەپێندرا.
لە هاوینی ساڵی ٢٠٠٦ دا بەرپرسانی پۆلیس دەستبەکاربوونی یەکەکانی گەشتی ئیرشاد یاخود گەشتی ڕەوشتیان ڕاگەیاند و گوتیان تەنها بۆ ئاگادارکردنەوەی کەسانی بێ حیجابە، بەڵام سەرکوتکارییەکانی گەشتی ئیرشاد تەنها بە ئاگادارکردنەوە و هۆشداری کۆتایی نەهات و لەو کاتەوە تاکو ئێستا ڕۆژانە دەستبەسەرکردن و ئازاری ژنان بە بیانووی نەکردنی حیجابەوە بەڕێوە دەبەن.
هیچ کات ژنان بێدەنگ نەبوون و ناڕەزایەتییان بەرامبەر ئەم یاسایەدا دەربڕی و قۆناغ بە قۆناغ ناڕەزایەتی ژنان بەرامبەر حیجابی زۆرەملێ بەردەوام بوو و لە هیچ سەردەمێکدا ژنان بێدەنگیان بەرامبەر ئەم فتوایە هەڵنەبژاردووە
لە ساڵی ٢٠٢٠و٢٠٢١چەندین ژن کە ناڕەزایەتییان دەربڕی دەستگیر کران و زیاتر لە ٥٠ساڵ زیندانیان بۆ بڕایەوە.
یاساکانی پەیوەست بە حیجابی زەرەملێ کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا ژیانی بۆ زۆرێک لە ژنانی ئێران قورس کردوە، لەگەڵ دەستپێکردنی دەسەڵاتی ئیبراهیم ڕەئیسیدا توندتر بوون، جهختیش لهسهر ئهوه کراوەتەوە كه گرنگیدان بهم بابهته دهبێت یهكێك لهکارە سەرەکییەکانی حکومەتەکەی بێت.
کە ئەمەش یەكێک لەو هۆکارە بوو کە بەو ڕادەیە ژنانی توڕە و ڕق ئەستور کردبوو کە زۆر بوێرانە و بە ئیرادەیەکی بە هێزەوە لە سەر هەڵدانەکانی ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ ئەوەی قورسترین شێوازەکانی سەرکوتیان بەرامبەر بەکار ئەهێنان ئەوان بەردەوام بوون بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان ، دەستدرێژییەکان و سەرکوتکردنەکان بە جۆرێک بوو زیاتر لە ٥٠٠ خۆپیشاندەر لە سەرانسەری ئێران بە دەستی هێزە ئەمنی و چەکدارەکان کوژران و زیاتر لە ٢٠ هەزار کەسیش دەستەبەسەر کران.
سەرەڕای هەموو کوشتار، فشار و هێرشەکانی دەسەڵات بۆ سەر ژنان و هاوڵاتیان بەڵام ئەو سەرهەڵدانە بەردەوامی هەبوو کە ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵات، پێداگربوون لەسەر بە ئەنجامگەیاندنی تێکۆشانی ٤٤ ساڵەیان، کە بە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیی، زیاتر لە سەرکەوتن نزیک بووەتەوە.
هـ . ب