ژنانی تەژەئا: چەتە دەستدرێژیکارەکان مەپارێزن، دادگاییان بکەن!

ژنانی تەژەئا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا لە ناوچەکانی ئاڤجلار و کارتالی ئیستەنبوڵ ناڕەزایەتیان بەرامبەر ئازادکردنی ٣ دەستدرێژیکار لە مێردین دەربڕی و ڕایانگەیاند، "تا کۆتایی بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکەین".

لە مێردین ٣ کەس کە یەکێکیان جەردەوانە، دەستدرێژیان کردبووە سەر ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵ، بەڵام هەرسێکیان ئازاد کران. بزوتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا) لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا لە ناوچەکانی ئاڤجلار و کارتالی ئیستەنبوڵ ئیدانەی ئازاکردنی ئەو ٣ کەسەیان کرد.

لە کۆنگرەکەدا لە ئاڤجلار لافیتەی "چەتە دەستدرێژیکارەکان مەپارێزن، دادگاییان بکەن!" بەرزکرایەوە، هاوکات دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" وترایەوە. زۆر کەس بەشدارییان لە کۆنگەرەکەدا کرد. هەروەها دایکانیش بە سەرپۆشە سپیەکانیانەوە لە ڕیزی پێشەوە وەستابوون.

گولستان ئایدن، هاووتەبێژی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، لە ناوچەی ٣ی ئیستەنبوڵ، دەقی ڕاگەیەندراوێکی خوێندەوە.

توندوتیژی دژی ژنان و کێشەی کورد

ئایدن ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، شەڕی تایبەت بە تایبەتی دژی کورد و ژنان بەڕێوەدەچێت و سەرنجی بۆ سیاسەتەکانی قوتاربوون لە سزا ڕاکێشا و وتی: "بەو سیاسەتانە هەڕەشە لە ژنان دەکەن و ڕەوایەتی بە کوشتنی ژنان دەدەن. ئێمە ئەو سیاسەتە چەپەڵانە لە ئازادکردنی بکوژان و دەستدرێژیکارانی سەر ژنان دەبینین".

'ئەو سیاسەتە چەپەڵانە شەرمەزار دەکەین'

هاووتەبێژی دەبەپە وتیشی: "لە دۆسیەکانی هەڕەشە و دەستدرێژیدا، کاتێک ئەنجامدەران کەسانێک بە جلوبەرگی سەربازییەوە بن، دۆسییەکان دادەخرێن. ئێمە ڕێگەیان پێنادەین ئەوە بکەن". ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەموو شوێنێک "سیاسەتە چەپەڵەکان" شەرمەزار دەکەن.

کارتال

کۆنگرەکە لە بەردەم بینای پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە ناوچەی کارتال ئەنجامدرا. چالاکوانانی تەژەئا، بەڕێوەبەرانی  هەدەپە و پارتی چەپی سەوز، کامیلە کەندال هاوسەرۆکی گۆچیزدەر، ئەندامانی ئانیاکای-دەر و ماتوهای-دەر و زۆر کەسی دیکە بەشداریان لە کۆنگرەکەدا کرد. دڵبەر دەمیر، هاووتەبێژی دەبەپە لە ناوچەی مارمارای دەقی ڕاگەیەندراوەکەی خوێندەوە.

جەماوەرەکە ویستیان لە گۆڕەپانی تەفیک نەیزەن کۆنگرەکە ئەنجام بدەن هەر بۆیە لە بەردەم بینای پارتەکە بەرەو گۆڕەپانەکە ڕێپێوانیان کرد. بەڵام پۆلیس بە بیانووی "قەدەغە"یە ڕێگەی نەدا ڕێپێوانەکە ئەنجام بدرێت و جەماوەرەکە بە وتنی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرەو بینای هەدەپە ڕێپێوانیان کرد و لە بەردەم بیناکە کۆنگرەکەیان ئەنجامدا.

ژ.ن