بایک: تاوەکو رێبەری گەلی کورد ئازاد نەبێت چارەسەری بەدی نایەت -١٧

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە رایگەیاند، تاوەکو عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئازاد نەبێت، کورد نابێتە خاوەن ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک و راشیگەیاند، "نیشانەى گۆڕینی عەقڵییەت لە کێشەی کورددا، ئازادیی رێبەر ئاپۆیە".

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) سەرنجی راکێشایە سەر دیالکتیکی نێوان ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ئازادیی گەلی کورد و رایگەیاند، خاوەنداریکردن لە ئۆجالان هەم بەرپرسیاریی کۆمەڵایەتی و سیاسییە و هەمیش ناچاربوونێکی ئەخلاقی و ویژدانییە.

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی هەڵمەتی "گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەری بەسە، کات کاتی ئازادییە" بەدیهێنانی ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردە. راشیگەیاند، تێکۆشانێک ئەوە نەکات بە ئامانجی سەرەکیی خۆی، ناتوانێت سەرکەوتن بە دەست بهێنێت.

بایک وتی، لە کوردستان و تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو تێکۆشانەی کە ئازادیی رێبەر ئاپۆ نەگرێتەبەر، لە رووی رۆحی ئازادی، رۆحی شۆڕشگێری، ئیرادە و بڕیارداریی تێکۆشانەوە لاواز دەمێنێتەوە و بەم شێوەیە باسی لێوە کرد:" گەل و بزوتنەوەیەک کە خاوەنداری لە رێبەرەکەیان نەکەن، رێبەرێک کە هەموو تەمەنی بۆ تێکۆشانی ئازادی گەلەکەی تەرخان کردووە، هیچ کات ناتوانن تێکۆشانێکی بەهێز بۆ ئازادی بەرێوە بەرن. لە بارودۆخێکی وەهادا گەل و بزوتنەوەیەک ئەگەر خاوەنداری لە گرنگترین پیرۆزمەندیەکانی خۆی نەکردبێت هیچ کات نابێت بە خاوەنی تێکۆشانێکی بەهێز. پێویست ناکات ئەم بابەتە بە دوو و درێژی باسی لێوە بکرێت. ئەوانەی خاوەنداری لە شکۆمەندیەکانی گەل، وڵات و تێکۆشانەکەیان دەکەن، دەتوانن بە شێوەیەکی بەهێز تێکۆشانی ئازادی بەڕێوە بەرن و دواجاریش سەرکەون. بۆ هەموو گەلێک یان کۆمەڵگایەک، یاسای سەرکەوتن ئەمەیە."

بەرپرسیارێتی گەورە

بایک رایگەیاند، دوای ئەوەی هزری ئازادکردنی گەلی کورد کەوتە دڵ و دەروونی رێبەری گەلی کوردەوە، لەسەر شێوازی سەرکەوتنی تێکۆشان قوڵ بووەوە و وتی:"بۆ ئەم مەبەستەش ئەمەی وەک مەرج دەستنیشان کرد کە، دەبێت ئەم گەلە سەرەتا لاوازیەکانی خۆی نەهێڵێت و لەناو بەرێت. بۆیە مێژووی کورد، راستیی دەوڵەتی تورکی کە سەرکێشی دژایەتی کردنی کورد دەکات، بە وردی لێکۆڵینەوەی لەسەر کرد. لەسەر بنەمای ئایدۆلۆجیای سۆسیالیست و فەلسەفەی کۆمەڵگاپارێزی کە ئەو سەردەمە لەگەڵ کەمومورتیەکان، راستیەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی بە شێوەیەکی نزیک لە راستیەکان ئانالیز دەکرد، بیری لە پرسی کورد و دۆزینەوەی رێگا چارە دەکردەوە و لەم رووەوە قوڵ دەبووەوە. ساتێک یان رۆژێک نیە کە رێبەر ئاپۆ لەسەر رێبازی خوڵقێنەر قوڵ نەبووبێتەوە و بیری لێنەکردبێتەوە. لە ژیاندا هەمیشە بە بەرپرسیارێتی و جدی رووبەرووی کێشەکە بووەتەوە. هیچ بابەتێک نیە کە رێبەرایەتی بە بەرپرسیارێتیەکی گەورە و بە جدیەتەوە رووبەرووی نەبووبێتەوە. زیاتر لە رێبازە شۆڕشگێریەکان، لە ئاستی بەرپرسیارێتی و جدیەتێکی گەورەدا، بیری لە کێشەکانی گەل، مرۆڤایەتی و بەرێکخستنبوون و پرسی تێکۆشین کردووەتەوە. تایبەتمەندی سەرەکی ئەم رێبەرە ئەوەیە کە هەرچیەک بوترێت، دەتوانێت وڵامەکەی وەکو هەست و بەرپرسیارێتیەکی جدی بداتەوە. چونکە هەڵوێستەکە بەم شێوەیەیە کە لە شیرۆڤەکردنی هەموو کێشەکان و دۆزینەوەی چارەسەریەکاندا، بێگومان سەردەکەوێت. لە راستیدا لە بنەمای سەرکەوتنی رێبەرایەتیدا بۆ هەموو بابەتێک ئەمە بوونی هەیە. رێبەرایەتی بەم شێوەیە تەماشای ئەو رێکسختنە و ئەو گەلە دەکات کە بۆ ئازادی تێدەکۆشێت. خاوەنداریکردن لە رێبەرێکی بەم شێوەیە نەک تەنها بەرپرسیارێتیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیە، بەڵکو لە هەمان کاتدا بەپرسیارێتیەکی ئەخلاقی و ویژدانی بۆ خاوەنداریکردن لە رێبەرایەتی دەسەپێنێت."

کورد لە لێواری مەرگدا بوو

بایک راشیگەیاند، سەدەی بیستەم لە مێژووی مرۆڤایەتیدا وەکو سەدەی شەرم جێی خۆی دەگرێت و بەم شێوەیە دوا:"سەدەی بیستەم، سەدەی قڕکردنە. ئەوەی کە ئەمەشی کرد، زیهنیەتی نەتەوە دەوڵەتی تاک پەرەستی کاپیتالیست بوو. ئەم زیهنیەتە لە سەر هەموو ئاستەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتوری رەنگی دایەوە و بەرجەستە بوو. کورد یەکێکە لەو گەلانەی کە بە هۆی ئەو زیهنیەتەوە گەورەترین ئازاری چەشتووە. لە ساڵەکانی ١٩٧٠ گەلی کورد لە ناو سیاسەتی نۆکڵیکردندا، لە هەر چوار پارچەی کوردستان رووبەرووی قڕکردنێکی گەورە ببووەوە. ئەو ساڵانەی رێبەر ئاپۆ تێیدا دەرکەوت و چووە سەر سەکۆی مێژووەوە، ئەو ساڵانە بوون کە کورد لە لێواری مەرگدا بوو. لە بەهاری ساڵی ١٩٧٣دا رێبەر ئاپۆ بە ٥ لە هەڤاڵانی وت، 'کوردستان بووە بە شوێنی داگیرکەران، دەوڵەتی تورک دەیەوێت کوردستان بکات بە گۆڕەپان بۆ بڵاوبوونەوەی نەتەوایەتی تورک، دەبێت ئەم گەلە و ئەم وڵاتە لە دەستی داگیرکەران رزگار بکریت و ئازاد و سەربەخۆ بێت'. لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆکە هەموو هەناسەیەکی ئەو بۆ ئازادی ئەم گەلە و ئازادی گشت گەلان بووە. رێبەر ئاپۆ بەو هەنگاوەی بەهاری ساڵی ١٩٧٣ نەک تەنها لە دژی داگیرکەریی قڕکەر لە باکوری کوردستان وەستایەوە، بەڵکو لە دژی سیاسەتەکانی نکۆڵیکردن و چەوساندنەوەی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان، هەڵوێستی خۆی دەربڕی.

گەورەترین هێزی کورد

بە درێژایی دەیان ساڵی رابردوو، بەو تێکۆشانەی کە لە ناو کورد و لە سەرتاسەری کوردستان بەڕێوەی برد، خۆڕاگریەکی بۆ ژیانەوە هێنایە ئاراوە. لە باکوری کوردستان کە لە لێواری مەرگدا بوو، بە تێکۆشانی گەریلا و سەرهەڵدانەکان، شۆڕشێکی گەورەی دیمۆکراتیکی بەرپا کرد و گەلی کوردی کرد بە دیمۆکراتترین و شۆڕشگێرترین گەلی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. شۆڕشی ئازادی کوردستان کە لەسەر هێڵی ئازادی ژنان بەڕێوە دەچیت، ئەگەر ئەمڕۆ لە جیهان بووە بە رێزدارترین گەل، ئەوا لە سایەی رێبەر ئاپۆدایە و لەبەر ئەوە قەرزداری ئەوین. راستیی کورد کە لە لایەن رێبەر ئاپۆوە کەوتەروو، بوو بە گەورەترین هێزی گەلی کورد. رێز و نرخی کورد لە لای گەلانی جیهان و هێزە سیاسیە دیمۆکراتەکان، ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر بووە.

قەرزداری ئەوەین کە دەبێت رێبەر ئاپۆ ئازاد بکەین

بابەتی ئازادکردنی رێبەرایەتی کە خزمەتێکی گەورە بە گەلی کورد و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەکات، بۆ ئێمە و گەلەکەمان بووە بە بارێک لەسەر شانمان. ئەگەر خۆمان وەکو ئازادیپارێز و دیمۆکرات ببینین، ئەگەر خۆمان وەکو خاوەنی داد و یەکسانی و ماف و ویژدان ببینین، ئەگەر خۆمان بە دیمۆکرات ببینین، ئەگەر لەسەر ناوی گەل بڕوامان وەهایە کە ئەو (رێبەر ئاپۆ) شکۆی گەورەی بەخشیوە بە ئێمە، ئەو کاتە ئازادکردنی ئەو رێبەرەش قەرز و بەرپرسیارێتی سەر ئەستۆی ئێمەیە. ئێمە بەردەوام بلێین، ئەو رێبەرە ئەم دەستکەوتانەی پێ بەخشین، بەڵام بۆ ئازادی ئەو، هیچ هەنگاوێک نەنێین، ئەمە نیە. ئێمە دەڵێین، بێ رێبەرایەتی نابێت، بە گیان و بە خوێن ئێمە لەگەڵ تۆداین. ئەو کاتە دەبێت ئامانجمان ئازادی رێبەرایەتی بێت. بەم شێوەیە نەبێت، بڕوا بە قسەکانمان ناکرێت و کاریگەریشی نابێت. دروستبوونی لاوازی لە بڕوا و کاریگەریەکانماندا، دەبێت بە گەورەترین لاوازیمان.

ئازادی رێبەر ئاپۆ هاوکات ئازادی گەلی کوردە

بەرپرسیارێتی ئێمەیە کە رێبەرایەتی ئازاد بکەین، ئەو رێبەرەی بزوتنەوەی ئازادی کوردی خوڵقاند و گەشەی پێدا و گەلی کوردی لە سەرتاسەری جیهان کرد بە هێز. بۆیە ئەمە، ئامانجی هەنگاوەکەی ئێمەیە. لەگەڵ ئەم بەرپرسیارێتیەمان، ئازادی رێبەر ئاپۆ تەنها مەبەست لێی ئازادی رێبەرێک نیە، بەڵکو ئازادی کەسێکی دیمۆکرات، سۆسیالیستێک، شۆڕشگێرێک، زانایەکی کۆمەڵایەتی و فەیلەسوفێکە. هاوکات ئازادی گەلی کوردیشە. لەسەر بنەمای بەدیمۆکراتیکبوونی تورکیا، بە دیمۆکراتیکبوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشە. تێکۆشانمان بۆ ئازادی رێبەرایەتی، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی هەنگاوەکەش، خاوەن رۆڵێکی گەورەیە.

دەبێت لە پەیوەندیە دیالکتیکەکان تێبگەین

ئەگەر پەیوەندی دیالکتیکی نێوان ئازادی رێبەر ئاپۆ و ئازادی گەلی کورد نەبینرێت، لێی تێناگەین. ئەمەش بە واتای لاوازی دێت لە هۆشمەندی و سیاسەتدا. ئەم بارودۆخە بۆ رێبازە سیاسی و نەتەوەییەکانی هەموو گەلێک راستە. بەڵام ئەم راستیە بۆ گەلی کورد بە ئەندازەی چەندین جارە گرنگە. تا ئەو کاتەی تێنەگەین لەو پێشەنگایەتیەی کە رێبەرایەتی بۆ گەلێک کردوویەتی، ئەستەمە لە هەبوونی ئەو نەتەوەیە، ئەو گەلە یان هێزی سیاسی ئەو گەلە تێبگەین. ئیرادەی گەلان هەمیشە لە لایەن رێبەرەکەی یان بزوتنەوە سیاسیەکەیەوە نوێنەرایەتی کراوە. کاتێک تێدەگەی لە ناسنامەی سیاسی و هەبوونی ئەو گەلە یان ئەو نەتەوەیە، ئەو کاتە رێبەرایەتی ئەو گەلەش قبوڵ دەکەیت. قەبولکردنی ئەو رێبەرەش بە واتای قەبوڵکردنی داواکاری و هەبوونی ئەو نەتەوەیە یان ئەو گەلە دێت. دژایەتیکردنی رێبەری گەلێک، بە واتای دژایەتیکردنی گەلەکەی دیت.

گەیشتە ئەو ئاستەی کە ئیدی خاوەنداری لە مافەکانی دەکات

ئەو دژایەتیەی دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر رێبەری گەلی کورد ، لە هیچ وڵاتێک، لە ناو هیچ دەوڵەتێکدا نەبینراوە. لە کاتی تێکۆشانی ئازادیدا کە گەلی کرد بە درێژایی دەیان ساڵ بەرێوەی بردووە، هەروەها لێدوانی بەرپرسانی دەوڵەتی تورک و ئەوانەی لە راگەیاندنەکاندا بڵاوکرانەوە، ئەگەر لەبەرچاو بگیرێن، ئەم راستیە ئاشکرا دەکات. ئامانجی سەرەکیان قڕکردنی کورد بوو، رێبەر ئاپۆ ئەو ئامانجەی پوچەڵ کردەوە. گەلی کورد کە سەری دانواندبوو، هەروەها ئیرادەی تێک چووبوو، هەڵیساندەوە سەرپێ. گەلی کوردی بۆ ژیانێکی ئازاد و دیمۆکراتیک، بەرێکخستن کرد و دەرباسی قۆناغی تێکۆشانی کرد. رێبەر ئاپۆ دەیوت، بە هۆی ئەوەی گەلی کوردم هێنایە ئەو ئاستەی کە داوای مافەکانی خۆی بکات، واتە خاوەنداری لە مافەکانی خۆی بکات، بۆیە دژایەتیەکی زۆرم دەکەن. هۆکاری فشارە قوڕسەکان، گۆشەگیری و ئەشکەنجەی سەر رێبەر ئاپۆ، ئەمەیە. دەیانەوێت تۆڵەی ئەو ئاستەی کە گەلی کوردی پێگەیشتووە، لە رێبەر ئاپۆ بکەنەوە. ئەم راستیەش ئەوە دەسەلمێنێت کە دژایەتی و هێرشکردنە سەر رێبەر ئاپۆ، دژایەتی و هێرشکرنە بۆ سەر گەلی کورد.

تا ئەو کاتەی رێبەری گەلی کورد ئازاد نەبێت، هیچ کەس ئازاد نابێت

ئەمانە نیشانەی ئەوەن کە تا ئەو کاتەی رێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، ئەستەمە گەلی کورد ئازاد ببێت و تورکیاش بە دیمۆکراتیک ببێت. تا ئەو کاتەی رێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، هەر چیەک بە ناوی چارەسەری کێشەی کورد بوترێت، ئەوە هەمووی بێکارگەر و تەنها قسەیە. هەڵوێستێک کە نرخ و رێز پیشانی رێبەر ئاپۆ نەدات، رێز لە گەلی کورد و هیوا و داواکانی ئەم گەلەش ناگرێت. بۆیە تا ئەو کاتەی رێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، لە تورکیا و باکوری کوردستان بڕوای ئازادی کورد و ژیانی ئازاد تەنها خەونێک دەبێت. وەک چۆن دەوڵەتی تورک کە کێشەی کوردی لە ناوخۆ چارەسەر نەکردووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە دژایەتی تێکۆشانی دیمۆکراتیک و ئازادی لە پارچەکانی تری کوردستانیش دەکات، تا هەڵوێستی خۆی لە بەرامبەر رێبەر ئاپۆ نەگۆڕێت، ئەستەمە کێشەی کورد چارەسەر ببێت. بۆیە تاوەکو گۆڕانکاری لە زیهنیەتی چارەسەری کێشەی کورددا روونەدات، ئازادی رێبەر ئاپۆ بەدی نایەت. نیشانەی گۆڕانکاری لە زیهنیەتی چارەسەری کێشەی کورددا، بریتیە لە ئازادی رێبەر ئاپۆ. بۆیە وەک چۆن پێویستە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد و بەدیمۆکراتیکبوونی تورکیا هاوتەریب بەڕێوە ببرێن، هاوکات تێکۆشانی ئازادی رێبەر ئاپۆ و ئازادی گەلی کوردیش دەبێت هاوتەریب بەڕێوە ببرێن.

دەبێت تێکۆشان لەسەر هێڵی راستی بەڕێوە ببرێت

رێبەر ئاپۆ، چونکە دەزانێت ئازادی ئەو و تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد هاوتەریب دەتوانرێت بەڕێوە ببرێت، رایگەیاند کە هەڵگرتنی گۆشەگیری و ئازادی ئەو، بە تێکۆشانی دەرەوە بەدی دێت. جیاکردنەوە پرسی ئازادی رێبەر ئاپۆ و ئازادی گەلی کورد ئەگەر بە هۆی نەزانینەوە نەبێت، ئەوا هەڵوێستێکی مەترسیدارە، هەڵوێستێکی کاریگەری دەوڵەتی قڕکەری تورکە. چونکە ناوەندی شەڕی تایبەت و قڕکەر ئەوە دەزانێت کە تێکۆشانێک کە خاوەنداری رێبەر ئاپۆ نەکات، ئەوا ئازادیی ناوێت و لاواز دەمێنێتەوە و بیکاریگەر دەبێت. تێکۆشانێک بۆ ئازادی کورد کە ئازادی رێبەر ئاپۆی نەکردووە بە ئامانج بۆ خۆی، تێکۆشانێکی بەلاڕێدا رۆیشتووە و دوورە لە سەرکەوتن. ئێمە ئازادی رێبەر ئاپۆمان کردووە بە ئامانجێکی سەرەکی و لەگەڵ ئەم ئامانجە لە هەوڵداین و تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد کە هەوڵ دەدرێت بە لاڕێدا ببرێت، سەر لە نوێ لەسەر هێڵی راستی بەڕێوە دەبەین.

داوای هەڵگرتنەوەی گۆشەگیری بەش ناکات

ئەو تێکۆشانە بەرفراوانەی تا ئێستا بۆ شکاندنی گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد بەرێوە چووە، بەش ناکات. لەگەڵ کۆتاهیهاتن بە گۆشەگیریەکە، داوای ئەوە دەکرا کە لەسەر بنەمای تەندروستی و پاراستنی ئاسایشی رێبەر ئاپۆ، بتوانێت بە شێوەیەکی ئازادانە قسە بکات. لە چوارچێوەی ئەو تێکۆشانەدا ماوە بۆ ماوە، گۆشەگیری سست دەبووەوە، بەڵام هیچ کات لانەبرا. سستکردنەوەی گۆشەگیریەکەش کە لە کاتی بەرفراوانکردنی تێکۆشانی گەلی کورددا هاتە ئاراوە، لەوانەیە لەسەر بنەمای پێویستیەکانی شەڕی تایبەت هاتبێتە ئاراوە. سستکردنەوەی گۆشەگریی ئیمرالی کە ماوە بۆ ماوە دەهاتە ئاراوە، بە هۆی گۆڕینی زیهنیەتی چارەسەری کێشەی کورد نەبوو. بەڵکو لە چوارچێوەی شەڕی تایبەتدا بوو، واتە لە چوارچێوەی سەرقاڵکردنی کۆمەڵگادا بوو.

لەم ئاستەدا داواکردنی هەڵگرتنەوەی گۆشەگیری، داواکاریەکی بچوک و درەنگگەوتووە، هاوکات لە ئاستی تێکۆشانی ئێستادا نیە. ئەگەر دەمانەوێت فاشیزم هەڵوەشێنین و دیمۆکراسی بەدی بهێنین و کێشەی کورد چارەسەر بکەین، داوای هەڵگرتنی گۆشەگیری بەش ناکات. لە دژی گۆشەگیری، تێکۆشانێکی بەرفراوان بەڕێوە چوو. خۆڕاگرانی ناو زیندانەکان، دایکانی ئاشتی، گەلی کورد و هێزە دیمۆکراتەکان ئەوەیان پیشاندا کە گۆشەگیری سیستمێکی ئەشکەنجەی ناڕەوایە. هیچ لایەکی گۆشەگیریەکە نەماوە کە دەوڵەتی تورکیا بتوانێت بیپارێزێت.

CPT کردەوەکانی ئیمرالی وەکو سیستمێکی ئەشکەنجە پێناسە کرد. ئەو گۆشەگیریەی لەسەر بنەمای دوژمنایەتیکردنی کورد بەڕێوە دەچێت، بە تێکۆشان هەژا. لە رووی ماف و یاساوە ئەو گۆشەگیریە هیچ نرخێکی نەماوە. بۆیە داواکاری بۆ شکاندنی گۆشەگیریەکە نابێت بە شێوازێک لە تێکۆشان. نە بۆ تێکۆشانی ئازادی رێبەر ئاپۆ، نە بۆ تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد، ناتوانێت گەشەدانێک بخوڵقێنێت. هەڵومەرج و ئاستی ئێستا ئەوە دەخانەروو کە کاتی ئەوە هاتووە بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ تێکۆشان بەڕێوە ببرێت. ئەو تێکۆشانەی بەم مەبەستە بەڕێوە ببرێت، لە کوردستان و تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش جۆش و خرۆشێکی گەورە دروست دەکات و چواردەورێکی بەرفاوانتری کۆمەڵایەتی دەخاتە ناو ئەم تێکۆشانە.

'ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت بەم شێوەیە بێت'

بۆ ڕێبەر ئاپۆ داواکاری هەڵگرتنی گۆشەگیری ئیدی دۆخێکی دواکەوتووە، بۆ تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردیش داواکاریەکی تێرکەر نییە. ئەمە دووبارەبوونە، تێکۆشان نەکردن و مانەوەیە لە یەک جێگا. ئەگەر تێکۆشانێک بەڕێوەببرێت، پێویستە تێکۆشان بۆ ئازادی گەلی کورد، بۆ دیموکراتیکبوون بێت. ڕێبەر ئاپۆ ئەم داواکاریەی هەیە. هەڵگرتنی گۆشەگیری بۆ تێکۆشانی کۆمەڵایەتی و تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد واتای خۆی هەیە، بەڵام ئەمە تێکۆشانێکی یەکسەر نییە. تێکۆشان بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ تێکۆشانی یەکسەر بۆ ئازادی گەلی کوردە، تێکۆشانی یەکسەر بۆ دیموکراتبوونی تورکیایە. لەبەرئەوەی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بە واتای ئازادی گەلی کورد و دیموکرسی دێت، ڕێبەری ئاپۆ چاوەرێ دەکات کە تێکۆشان لەم چوارچێوەیەدا بێت. کاتێک کە رێبەر ئاپۆ دەیوت، نەک بۆ من، بەڵکو بۆ ئازادی خۆتان تێبکۆشن، مەبەستی ئەم خاڵە بوو. لەبەرئەوەی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ یەکسەر ئازادی گەلی کوردە. بۆیەش پێویستە جیاوازی نێوان تێکۆشان لەدژی گۆشەگیری و تێکۆشان بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ باش شیبکرێتەوە و ببینرێت و لەسەر ئەم بناغەیە تێکۆشان بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ لە ئاستێکی بەرزدا بدرێت.

خاوەنداریکردن لە ڕێبەر ئاپۆ لە مێژووی جیهاندا نمونەی نییە، واتە کەم وێنەی بەم شێوەیە هەیە. لە سەردەمی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨دا، هەروەها دوای دەستگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ لە ١٥ی شوباتدا، لە ئاستێکی گەورەدا خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ کرا. شەهیدانمان لە دەوری ڕێبەر ئاپۆ بوونە بازنەیەک لە ئاگر. بە دروشمی ' ئیوە ناتوانن ڕۆژی ئێمە تاریک بکەن' شەهیدانمان بازنەیەکی بەرخۆدانیان لە دەوری ڕێبەر ئاپۆ دروست کرد. بەڕێزەوە یادی هەموو شەهیدانمان دەکەمەوە ، سڵاوی خۆم پیشکەش بە غازییەکانمان و گەلەکەمان دەکەم کە بەرخۆدانێکی مێژووییان کرد.

سەرەتا ژنان و گەنجان کە لە ماوەی ٢٢ ساڵی دەستگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆدا وەک فیداییەکانی ڕێبەر ئاپۆ جوولانەوە، هەموو گەلی کورد لە ئاستێکی بەرزدا خاوەنداریان لە ڕێبەر ئاپۆ کرد. هەموو دایکانمان بە وڵاتپارێزیەکی گەورە، بە دڵسۆزیەکی گەورە بۆ ڕێبەر ئاپۆ بەشداریان لە تێکۆشان کرد. ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو ساتەکاندا لە دڵ و دەروونی گەلی کورددا جێی گرت. دۆستەکانی گەلی کورد و هێزە دیموکراتەکانیش خاوەنداریان لە ڕێبەر ئاپۆ کرد. ڕۆشەنبیر و نووسەر و ئەنتەرلەکتوەلەکان لە جیهاندا بۆ هاوکاری زانستی کۆمەڵایەتی، بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەرتی و ئازادی ڕێبەرتی، لەناو هەوڵدابوون. هونەرمەندان کە بینییان ڕێبەرتی نوێنەری باشی و جوانیە، خاوەنداریان لێکرد. سەندیکاکانی بەریتانیا کە خانەی بەهێزی سەندیکاکانی کرێکارین، بۆ ئازادی ڕێبەری ئاپۆ دەستیان بە کەمپین کرد. پرسی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بە تەها پرسی کورد، گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، بووەتە پرس و ئامانجی مرۆڤایەتی.

'بارودۆخی ئازادی خوڵقاوە'

ئاستی نوێی خاوەنداریکردن لەم ڕێبەرەی کە ٢٢ ساڵی دەستگیرکراوە، پێویستە ئەنجامدانی ئازادی بێت. بارودۆخی ئازادی خوڵقاوە. تێکۆشانی ٢٢ ساڵ دەرفەتی بۆ ئازادکردنی ڕێبەر ئاپۆ زیاد کردووە. بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بارودۆخ و مەرجەکان گونجاون. بارودۆخی سیاسی تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ئەم شتە دەسەپێنێت. کاتێک کە تێکۆشان بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بوو، ئێمە ئەمە بە تەئکیدی لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکەین. بەها و هەوڵەکان کە بە خاوەنداریکردنی ٢٢ ساڵ دروست بوون، گەیشتووتە ئەو ئاستەی لە ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بکەین. کەسایەتی و هزری ڕێبەر ئاپۆش ئەم هێزە بەهێزتر دەکات. لەبەرانبەر ئەم هێزە هەرچەند ئاستەنگیش هەبن، هیچ زیندان، دیوارێک ناتوانێت خۆی لە بەرانبەر ڕابگرێت. هیچ تانک، تۆپ و چەکێک ناتوانێت بگاتە هێزی هزر، فەلسەفە، ئایدۆلۆژی و پارادیگمای ڕێبەری ئاپۆ کە هێزێکی گەورەی لە مێژووی مرۆڤایەتی خوڵقاندووە، زیاتریش دەخوڵقێنێت. تێکۆشانی ئازادی ڕێبەرتی بە بای هێزی فکری بە تەئکیدی سەردەکەویت.

'گەلی کورد سەبری نەماوە'

پیلانگێڕی ٩ی تشرینی یەکەم دەکەوێتە ساڵی ٢٣. ئیدی گەلی کورد سەبری نەماوە کە ڕێبەر ئاپۆ لە زینداندا بێت. گەلی کورد لەو بڕوایەدایە کە تا ڕێبەر ئاپۆ لە زینداندا بێت، ئەویش لە زینداندایە و لەژێر فشاری قڕکردندایە. هێشتنەوەی ڕێبەر ئاپۆ لە زینداندا لەسەر گەلی کورد، لە مێشک و دڵی کورددا بارێکی قوڕسە. گەلی کورد ئیدی نایەوێت لەژێر ئەم بارە گەورەیەدا بێت. دەیەوێت ئەم بارە لەسەر شانی هەڵگرێت و لە فشاری قڕکردن و زیندان ڕزگاری ببێت. گەلی کورد لەناو ئەم ٢٢ ساڵەدا باشتر تێگەیشت کە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ئازادی خۆیەتی. لەبەرئەوەش نایەوێت ڕێبەری لە زینداندا بمێنێتەوە. بۆیەش کورد، دۆستەکانی و هێزە دیموکراتەکان بە هەموو هێزیان بەشداری لە هەنگاوی 'کاتی ئازادیە' بکەن کە رامانگەیاندبوو و تێکۆشان بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ فراوان دەکەن.

'کات کاتی ئازادکردنە'

کات کاتی ئەوەیە کە ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت. دەمەوێت جارێکیتر ڕایبگەیەنم کە تەڤگەری ئازادی کورد تا ئازادی ڕێبەر ئاپۆ واتە تا ئازادی گەلی کورد بەردەوامی بە تێکۆشان دەدات. سەرەتا ژن و گەنجان بانگەوازیم بۆ هەموو گەلی کورد، دۆستەکان و هێزە دیموکراتەکان ئەوەیە کە ئەم تێکۆشانە کە بە واتای ئازادی ئەوان دێت لە هەموو دەڤەرێک بڵاو بکەنەوە."

ز.ش