تا دێ گوشاری دەوڵەت بۆ سەر کاسبکارانی وان قورستر دەبێت

لە وان، دوای ئەوەی سەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپە لە سەر کار لادران، بە دەستی قەیومەکان کاسبکاران بە هەزاران لیرە سزا دراون. کاسبکاران بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە تەنگەتاو بوون، بەهۆی سزا داراییەکانی شارەوانی، کاسبکاران وایان لێهاتووە کە نەتوانن کار بکەن.

قەیرانی ئابووری بەهۆی سیاسەتی شەڕخوازانەی ئاکەپە لە وڵات ڕوویدا، زۆرترین کاریگەری بەسەر شارەکانی کوردستانەوە دەبێت. کاسبکارانی وانیش لەو کەسانەن کە قەیرانی ئابووری زۆرترین کاریگەری بەسەر ئەوانەوە دەبێت. دوای دوو بوومەلەرزەی گەورە لە ساڵەکانی ٢٠١١ لە وان ٤ هەزار کاسبکار ناچار بوون دوکانەکانیان دابخەن. هزاران کاسبکار بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بێکار بوون. بەهۆی قەرزەکانیان کە لە بانکی حکومەتەوە کردبویان، تووشی لێپێچینەوە و دەستبەسەرداگرتن بوون.

دوای ئەوەی کە لە ١٩ی ئابی ٢٠١٩ گەورە شارەوانی وان و شارەوانییەکانی دیکە دەستیان بەسەردا گیرا، لە وان بێکاریی لە نووکەوە بەرز بووەوە، کاسبکارانیش ناتوانن کار بکەن. لەگەڵ قەیومەکان، تیمەکانی پۆلیس و دارایی هەموو ڕۆژێک هەڵدەکوتنە سەر دەیان کاسبکار، دەست بەسەر موڵکەکانیان دادەگرن و بە پێبژاردنی هەزاران لیرە سزایان دەدەن. قەیوم و هێزەکانی دەوڵەت کە ناهێڵن کاسبکاران کار بکەن، لەم مانگانەی دواییدا بری دارایی زیاتر سزای کاسبکاران دەدەن.

هەروەها کاسبکارانی وان فرۆشتنی ئەو کەلوپەلانەیان لێ قەدەغە کراوە کە لە ئێران و باشوری کوردستانەوە دێن. بە تایبەتی شەکر، برنج، چا، تەلەفۆن و ئەو جگەرانەی لە وڵاتانی دراوسێ دێن فرۆشتنیان قەدەغەیە. ئەو کاسبکارانەی ئەو شتانە دەفرۆشن دەبنە ئامانجی هەڵکوتانەسەری پۆلیس و دەست بەسەر کەلوپەلەکانیان دا دەگیرێت و ١٠ قات سزایان بۆ دەبڕێتەوە.

پۆلیس هەلیانکوتایە سەر دوکانێکی تەلەفۆن فرۆشتن لە ناوەندی وان و دەستیان بەسەر ژمارەیەک تەلەفۆندا گرت کە بە ١٠ هەزار لیرە مەزنەدە دەکرا، دوای ئەوەش سزای پێبژاردنی ٨٠ هەزار لیرەی بۆ بڕییەوە. کاسبکارەکەش ناچار بوو دوکانەکەی دابخات.

کاسبکارێک کە بەهۆی باری ئەمنی نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات، باسی لەوەش کرد ماوەیەک لەمەوبەر هەلیانکوتایە سەر دوکانێک و وتی: "دەوڵەت نایەوێت ئێمە کار بکەین، من پێشتر شەکر، چا، برنج کە لە بازرگانەکانی سەر سنوورەوە دەهات، دەمفرۆشتن. ئەو شتانەی لە وڵاتانی دراوسێوە دێن هەرزانترن. لە فرۆشتنی ئەو کەلوپەلانە هەم ئێمە و هەم گەلەکەمان سوود وەردەگرێت.

کەلوپەلی تورک زۆر گرانن، هەم ناتوانن بیکڕن هەم خەڵک توانای دارایی نییە. وێڕای ئەوەی کە ئەو کەلوپەلانەی ئێمە لە وڵاتە دراوسێیەکان دەیهێنین یاسایین، بەڵام دەوڵەت هەر دەستیان بەسەردا دەگرێت. هەم دەست بەسەر کەلوپەلەکانمان دەگرن، هەم بە پێبژارنی پارەش سزامان دەدەن. لێرەدا تەنیا یەک ئامانجی دەوڵەت هەیە: دەیەوێت گەلەکەمان برسی بێت".

ف.ق