رابەری رۆحانیی کۆمەڵگەى ئێزدییەکان کۆچی دوایی کرد

شێخ خرتۆ حاجی ئیسماعیل رابەری رۆحانیی ئایینی کۆمەڵگەى ئێزدییەکان ناسراو بە بابە شێخ بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.

بابە شێخ رابەر رۆحانیی ئایینی کۆمەڵگەى ئێزدییەکان دوێنێ ئێوارە لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیی گورچیلە لە نەخۆشخانەى سەردەمی شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.

بابە شێخ چەند رۆژ لەوە پێش بەهۆی نەۆخشییەوە گواسترابوویەوە بۆ نەخۆشخانەی دهۆک و دواتریش گواسترابوویەوە بۆ نەخۆشخانەى سەردەم لە شاری هەولێر.

بڕیارە تەرمەکەى لە پەرستگەى لالەش لە شێخان بە خاک بسپێردرێت. پرسەکەی بابە شێخ بە شێوەی گشتی ماوەى ٣ رۆژ بەردەوام دەبێت، بەڵام کۆمەڵگەى ئێزدی لە شێخان بۆ ماوەى ٧ رۆژیش ماتەمەنی دەگێڕێت.

بابە شێخ باڵاترین پلەى ئایینی کۆمەڵگەى ئێزدییەکانی کوردستان و سەرتاسەری جیهانە.

لە دوای هێرشی داعش بۆ کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان، بابە شێخ فتوایەکی دەرکرد، کە کچان و ژنانی ئێزدیی ژێر دەستی چەتەکانی داعش کچان و ژنانی پاکیزەن و دەبێت لەلایەن کۆمەڵگەى ئێزدی و بنەماڵەکانیان و کۆمەڵگەى کوردستان و جیهانەوە پشتوانیان لێبکرێت بۆ ئەوەى سەرلەنوێ ژیانی ئاسایی دەستپێبکەنەوە.

ژ.ت