رۆژهەڵات بێدەنگی شکاند - ١٤
دوای ئەوەی رێبەری گەلی کورد لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا رفێنرا، توندترین کاردانەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بوو. گەلی رۆژهەڵات دوای بێدەنگیەکی زۆر، رژایە سەر شەقام.
دوای ئەوەی رێبەری گەلی کورد لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا رفێنرا، توندترین کاردانەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بوو. گەلی رۆژهەڵات دوای بێدەنگیەکی زۆر، رژایە سەر شەقام.
هەواڵی بەدیلگرتنی رێبەری گەلی کورد لە سەرتاسەری کوردستان تووڕەیەکی گەورەی دروست کرد. ئەو خۆڕاگریەی کە وەکو '١٥ی شوبات' دەچێتە ناو مێژووی گەلی کوردەوە، یەکێک لە پێشەنگەکانی، رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. دوای ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە سەرتاسەری کوردستان گەلی کورد راپەڕی. چەندین رۆژ لە شارەکانی ئیلام، کرمانشان، سنە، ورمێ و بە تایبەت لە ماکۆ، مەهاباد و مەریوان خۆپێشاندان بەڕێوە چوون. لەم بارەیەوە گوڵان فەهیم هاوسەرۆکی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان-کۆدار دەڵیت، بە هۆی ئەوەی چەندین پێشەنگیان دەستگیر کرابوون و کوژرابوون، گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرامبەر هێزە پلانگێڕەکان راپەڕین و دەستیان بە خۆڕاگری کرد.
گوڵان فەهیم هاوسەرۆکی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان-کۆدار لە بارەی رابردووی تێکۆشانی ئازادی کوردستان و سەرهەڵدانەکانی ١٥ی شوبات و خۆپێشاندانەکانی گەلەوە وڵامی چەند پڕسیارێکی دایەوە.
گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان بەر لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ بە چی چاوێک تەماشای عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردی دەکرد؟
جەنگی نێوان دەسەڵاتی سەفەوی و عوسمانیەکان لەسەر خاکی کوردستان بەڕێوە چوو. ئەم شەڕە بووە هۆی ماڵوێرانیەکی گەورە، هەر دوولایەن کوردیان وەکو سەرباز رەوانەی گۆڕەپانەکانی شەڕ کرد و بە داخەوە ئەوانەی لە هەردوو بەرەکە شەڕیان کرد و کوژران، کورد بوون. بە ئیمزاکردنی پەیمانی قەسری شیرین، جەنگی نێوان هەردوو هیز وەستا، بەڵام ئەوەی کە زیانی بەرکەوت کورد و کوردستان بوون. خاکی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتە ژێر دەسەڵاتی سەفەویەکان. ئەوەی دەبێت سەرنجی بدەین ئەوەیە کە سیاسەتی بەمەستی پارچەکردن و دابەشکردن بوو. هەردوو لایەن کوردیان لە بەرامبەر یەک بەکار دەهێنا، ئەگەر سەرنج بدەین رووداوەکانی دواتریش ئەمەمان بۆ ئاشکرا دەکات. رۆژهەڵاتی کوردستان دوای ساڵی ١٦٣٩ پارچە کرا. دەتوانین بڵێین بە خەیاڵی هیچ کوردێکیشدا نەهات کە بە بەرنامە و سیستماتیک رووبەرووبووی ئەم بارودۆخە ببێتەوە و هەوڵ بۆ بەدیهێنانی یەکێتی کوردستان بدات.
بۆ یەکەم جار رێبەر ئاپۆ ئەمەی خستەروو کە فکر و پراکتیکی کوردستان چوار پارچە نیە و هێزە داگیرکەر و ئەمپریالەکان، کوردستانیان کردووە بە چوار پارچە و دەبێت ئەم پارچە بوونە نەهێڵرێت. رێبەر ئاپۆ بنەمای ئایدۆلۆجی و سیاسی و رێکخستنی ئەم فکر و پراکتیکەی خستەروو. بەم شێوەیە نەک تەنها لە دژی پەیمانە قێزەوەنەکەی لۆزان، بەڵکو لە دژی پەیمانی قەسری شیرینیش وەستایەوە و بۆچوونی ئەوەی کە کوردستان یەکە، خستیەروو. ئەمە بۆ گەلەکەشمان وەکو هەوڵێکی زۆر گرنگ و درەنگ کەوتوو، خرایەڕوو و سەلمێنرا.
رێبەر ئاپۆ سنوورە دەستکردەکانی قبوڵ نەکرد و ئەو راستیەی کە گەلێک پارچە ناکرێت و یەکە، بێگومان لە مێژوو و تێکۆشانی کوردستاندا قۆناغێکی نوێیە و لە رووی شۆڕشیشەوە سەرەتایەکە. لە دژی هەوڵەکانی پارچەکردنی پەیوەندیە نەتەوەییەکان، بە پێی کات و شونێن، دەستوەردان کراوە. بونیادنانی هزری نەتەوەیی کورد، رزگارکردنی کورد و لە هەمووشی گرنگتر دەستپێکردنی قۆناغی ئازادی، لە کوردستان گەشەی سەندووە. ئەم مێژووە سەرەتاییە و ئەم تێکۆشانە بە واتای ئەوە دێت کە گەل سەر لە نوێ خۆی بونیاد بنێتەوە و دەخوڵقێنێت و کلتوری خۆی جێبەجێ دەکات.
لە مێژوودا لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەستی وڵاتپارێزی هەمیشە بەهێز بووە، بەڵام ئەمە تەنها لەناو هەستی تاکی کورددا ماوەتەوە و بەشی هزر و بەرێکخستنکردن و ئاوەدانی نەکردووە. کاتێک پەکەکە لە کوردستان تێکۆشانی شۆڕشگێری دەستپێکرد، بێگومان ئەمە کاریگەری لەسەر رۆژهەڵاتی کوردستان دروست کرد، لایەنگریی گەل بۆ نەتەوەییبوونی رێبەر ئاپۆ دروست بوو، گرنگیاندا بەو دەستکەوتانەی هاتنە ئاراوە و خاوەنداریان لێکرد.
کاتێک ئۆجالان بەدیل گیرا، رفاندن لە رۆژهەت چی واتایەکی هەبوو؟
کاتێک رێبەرایەتی سوریای بەجێ هێشت و بەرەو وڵاتانی رۆژئاوا بەڕێکەوت، گەلی کورد بە سەرنج و گومانەوە تەماشای بارودۆخەیان دەکرد. چوونی بۆ ئەوروپا، سەرەتا وەکو گریمانەی، ناساندنی دۆزی کورد بە جیهان، چارەسەرکردنی دۆزی کورد بە رێگای ئاشتیانە و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ، تەماشا دەکرا. بەڵام هاوکات بۆچوونی دەوڵەتان، سیاسەتی رەشکردن و تیرۆریزەی دەوڵەتی تورک و هێزە ئەمپریاڵەکانیش گومانەکانی زیاد دەکرد. دواجار ئەنجامدان و راگەیاندنی پلانگێری نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات لە کوردستان و هەموو شوێنێک کە کوردی لێبوون، بووە هۆکاری ناڕەزایەتی و تووڕەیی و کاردانەوە.
هێزە رۆژئاواییەکان دیسان خیانەتیان لە کورد کردبوو، بە شێوەیەکی بەرژەوەندیخوازانە دەجووڵانەوە. کاردانەوەی گەلی کوردیش لە بەرامبەر ئەم رەوشە زۆر توند و لە جێی خۆیدا بوو. لە هەموو شار و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان راپەڕین دەستی پێکرد. لە ئیلام، کرمانشان، سنە، ورمێ و بە تایبەت لە ماکۆ، مەهابات و مەریوان چەندین رۆژ خۆپێشاندان و نارەزایەتی بەردەوام بوو. لە چەندین شاری ئێرانیش بە تایبەت لە تەورێز و تاران پەیتا پەیتا خۆپێشاندان بەڕێوە دەچوو و زیادی دەکرد. جەماوەر چەندین رۆژ لە گۆڕەپانەکان مایەوە و لەگەڵ ئەوەی رژێمی ئێران توندوتیژیشی بەکار دەهێنا، بەڵام گەل بەردەوام بوو لە خۆڕاگریەکەیدا. ئەم حاڵەتە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ببووە کاری سەرەکی. سەرەتا گەلی کورد رژایە سەر شەقامەکان و بە بێ ترس و هیچ گومانێک، خاوەنداریان لە رێبەرەکەیان کرد.
بەشێکی گرنگی چالاکیەکانی 'ئێوە ناتوانن رۆژمان لێ تاریک بکەن' لە رۆژهەڵات و ئێران بەڕێوە چوون. ئەو سەردەمە چەند کەس ئاگریان لە جەستەیان بەردا؟
رۆژهەڵات ساڵانێکی زۆر لە ژێر فشار و تیرۆر و قەدەغەکردندا مایەوە و ویستیان بیخەنە ناو ژیانێکی تاریک و بێهیوا و داهاتوویەکی نادیارەوە. رێبەرایەتی هیوا و بڕوابوون بە سەرفرازی و هەستی سەرکەوتنی بەخشی بە هەموو کوردستان و رۆژهەڵاتیش بەو هیوایەوە دیسان خۆی گەیاندە رۆژ و رۆناکی. بۆیە چالاکیەکانی 'ئێوە ناتوانن رۆژمان لێ تاریک بکەن' لە رۆژهەڵات لە لایەن گەلی وڵاتپارێز و گەنجان و ژنانەوە وەکو دەستپێکردنی وڵامێک بۆ سەردەم، شیرۆڤە دەکرێت.
لە شاری ورمێ منداڵێکی ١٢ ساڵان بە ناوی زەهرا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، لە دژی هێرشە فاشیستەکانی رژێمی ئێران خۆڕاگریەکی بەهێز بەڕێوەچوو. بۆیە چەندین کەس شەهید بوون. زۆرترین شەهید لە سنە بوون، وەک دەزانرێت زیاتر لە ٣٠ کەس شەهید بوون. لە ماکۆش شەڕێکی قوڕس روویدا و چەندین کەس شەهید بوون.
کاردانەوەکانی دژی پلانگێریەکە تەنها لە ساڵی ١٩٩٩دا نەوەستانەوە، رۆژهەڵاتی کوردستان هەموو ساڵێک لە ساڵیادی پلانگێریەکەدا وابەستەبوونیان بۆ رێبەرەکەیان، بە میتۆد و چالاکی جۆراوجۆر دەردەبڕن. بەرچاوترین نموونەکەشی، لە سەرهەڵدانی ماکۆ لە ١٥ی شوباتی ٢٠٠٦دا روویدا. جەماوەر چەندین رۆژ لە گۆڕەپانەکان مایەوە و لەو شەڕانەدا چەندین کەس شەهید بوون. ئەمڕۆ وابەستەبوونی گەلی رۆژهەڵات بە رێبەرایەتیەوە، تەنها دەربڕینی هەست و سۆز نیە، بەڵکو وابەستەبوونە بە خۆشەویستی و یەکبوون و تێگەیشتنە لە ئایدۆلۆجی و پڕۆژە و مانیفەستۆی رێبەرایەتی و پراکتیزەکردنیەوە.
بۆچی بە تایبەت ژنان و پیاوە گەنجەکانی رۆژهەڵات، بۆ خاوەنداریکردن لە ئۆجالان دەستیان بەو خۆڕاگریە کرد؟
لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵگای کوردی لە ژێر فشاردایە، بە پلەی یەکەم کاریگەری لەسەر گەنجان دروست دەکات. رژێمی ئێرانیش وەکو سیستمە فاشیستەکانی تر و دەسەڵاتپارێز و داگیرکەران، دەیەوێت فاشار لەسەر ژنان و گەنجان دروست بکات و بەم شێوەیە بەر لە کۆمەڵگا بگرێت و ئازادییان لێ ئاستەنگ بکات. تێکۆشانی ئازادی رێبەرایەتیش بۆ ژنان و گەنجان وەکو پەیامی لەدایکبوون و رزگاریە. بۆیە وابەستەبوونی ژنان و گەنجان بۆ رێبەرایەتی، خۆی دەگەیێنێت بە بنەما سەرەکیەکان. وەکو چۆن هەڵوێستی رێبەرایەتی سەرەتا کاریگەری لەسەر ژنان و گەنجان و رۆشنبیران و رەنجدەران دروست کردبوو و ئەم هەڵوێستە چووە ناو کۆمەڵگاوە، ئەو گەنجانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش کە پێشەنگایەتیکردنیان بۆ گەل وەکو ئەرک و بەرپرسیارێتیەکی مێژووی دەبینی و هەروەها ژنان و خوێندکاران، بەر لە پلانگێریەکەش بە دەوری هزری رێبەرایەتیدا کۆ ببونەوە.
وەکو دەزانرێت لە زانکۆکانی تەورێز، سنە و ورمێ گەنجانی خوێندکار لیژنەیان دروست کردووو و ئەگەر کەمیش بێت خۆیان بەڕێکخستن کردبوو. ئەو گەنجانە لە کاتی پلانگێریەکەدا پێشەنگیان بۆ سەرهڵدانەکان کرد و ژمارەیەکیشان دواتر بەشداریان لە ریزەکانی ئازادیدا کرد. ئاکیف مامۆ زاگرۆس، زاگرۆس بێریتان، زیلان پەپولە، هێمن بێکەس، فەرهاد پەپولە، مانی مەهاباد، سیروان سنە، خۆشمێر کۆتول، تەوار مەهاباد و چەندین گەنجی تری رۆژهەڵات بەو تووڕەییەی کە پلانگێریەکە پوچەڵ بکەنە و لەگەڵیشیدا تێکۆشانی ئازادی بە هێزی رێبەرایەتی سەرفراز بکەن، بە بڕیارداریەوە بەشداریان لە تێکۆشانەکەدا کرد و شەهید بوون. بە دەوری رێبەرایەتیدا بوون بە ئەو ئەستێرانەی کە هیچ کات ناکوژێنەوە.
رێکخستنی بزوتنەوەی ئازادی کورد بەر لە ١٥ی شوبات لە رۆژهەڵات لە چی ئاستێکدا بوو، رۆڵی رێبەری گەلی کورد لەم رووەوە چیبوو؟
بزوتنەوەی ئازادی بۆ جیگیرکردنی رێنوێنیەکانی هەموو کوردستان و تێکۆشانی ناو کۆمەڵگا، ئەو گروپانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتبوون بۆ وڵات لە هەموو پارچەکانی کوردستان دەستیان بە خەبات کرد. هەڤاڵ محمد قەرەسونگور و هەڤاڵ عەگید سەرەتای ساڵی ١٩٨٠ هاتن بۆ رۆژهەڵات و لەوێوە دەرباسی باشور بوون و لەسەر ئەم هێڵە دەستیان بە رێکخستنی گەل کرد و لە ناوچەی کورمانجی ئاخێڤدا رێکخستنیان بە خەڵک و خانەوادەکان ناساند. لەم نێوەندەشدا چەندین کەس بەشداریان لە خەباتەکاندا کرد.
لە جەنگە قوڕسەکەی ساڵەکانی ١٩٩٠دا لەگەڵ ئەوەی لە باکور و باشور روویدەدا، کاریگەری لەسەر رۆژهەڵاتیش دروست کردبوو. گەلەکەمان پشتیوانیەکی گەورەی مادی و مەعنەویان کرد. دوای ئەو ساڵانە چەندین گەنج بەشداریان لە ریزەکانی ئازادیدا کرد. ژنان کاتێک بە هێڵی ئازادی ئاشنا بوون، بە جۆش و خرۆش و هۆشیاریەوە بەشداریان لە ریزەکاندا کرد. ژمارەیەکیشان بە بێ بیرکردنەوە و بێ دوودڵی بەشداریان لە تێکۆشانی نەتەوەییدا کرد و شەهید بوون. چەندین رۆشنبیر و هونەرمەند و سیاسەتمەدار لە رۆژهەڵاتەوە سەردانی رێبەرایەتیان کرد و ئەمەش ئەوە دەخاتەروو کە فەلسەفەی رێبەرایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەریەکی زۆری دروست کردووە. چەندین کادیریش کە لە رۆژهەڵاتەوە چووبوون بۆ گۆڕەپانی سەرۆکایەتی، لەوێ پەروەردە کران. کادیرە بریندارەکانی رۆژهەڵات لە کاتی چارەسەریشدا پەیوەندیان لەگەڵ گەل دروست دەکرد و پەروەردەیان دەکردن.
دوای ساڵی ١٩٩٥ ژمارەیەک لە هەڤاڵانی ژن کە رێبەرایەتی ئامادەی کردبوون، رێنوێنیان کردبوون، لەسەر هێڵی کرمانشان، سنە، ورمێ، ماکۆ و مەهابادەوە دەستیان بە خەباتی رێکخستنی کرد. پەرتوک و پێشبینیەکانی رێبەرایەتی وەرگێڕدران بۆ سەر زمانی کوردی و فارسی و لە ناو رۆشنبیران و خوێندکاراندا هزر و قوڵبوونەوەی دروست کرد. لە ناو ئەو زانکۆیانەی باسم کردن، لیژنەی خوێندکاران دروست کران.
خاوەنداری گەل لە ١٥ی شوباتدا بۆ رێبەرایەتی لە چی ئاستێکی هزریدا بوو، ئایا ترسێک هەبوو لە دووبارەبوونەوەی مێژوو؟
وەکو پێشووتریش باسم کرد، گەلی رۆژهەڵات رێبەرایەتی و تێکۆشانەکەی دەناسی، ئەم تیکۆشانە ببووە زەمینی مۆڕال و بڕوا و زیندووبوونەوە. بۆیە سەرهەڵدانە گەورەکانی دژی پلانگێریەکە تەنها کاردانەوەیەکی هەستیاری نەبوون، بەڵکو ئاگاداری راستی رێبەرایەتی بوون و سەرهەڵدانێکی بە زانابوون بوو.
نەتەوە-دەوڵەتی ئێران دوای کۆتاییهاتنی سەدەی ٢٠ بە رێگای سیاسەتی رەتکردنەوە و لەناوبردن، دەستی بەسەر مافە نەتەوایەتی و پێکهاتەکاندا گرت. کوردیش بە سەرهەڵدان و تێکۆشان وڵامی ئەم سیاسەتەی دایەوە. لە کەسایەتی سمکۆی شکاک، قازی محمد، سلێمان موعینی، کاک فوئاد، دکتور قاسملۆ و شەرەفکەندیدا تێکۆشانێکی بەرفراوان بەڕێوەچوو. رژێمی ئێران بە پلانگێری، تیرۆر، لەسێدارەدان و دروستکردنی فشار، ویستی بزوتنەوە کوردیەکان و پێشەنگەکانی لەناو بەرێت. هیزە دەرەکیەکانیش لە بەڕێوەبردنی ئەم سیاسەتەدا هاوبەش بوون. گەلی رۆژهەڵات ئاگاداری وردەکاری و راستیەکانی ئەو پلانگیریە بوو. ئەمەش لە ناو گەلەکەماندا ئەزموونێکی بەهێز و بڕوا پێنەکردنی هێزە دەرەکیەکان، بڕوا هێنان بە ئیرادەی خۆی و هەوڵدان و تێکۆشانی هێنایە ئاراوە، بەڵام بۆ پراکتیزەکردنی ئەمە، زەمینێکی نەبینی. بە هۆی لاوازیی پارتە سیاسیەکان، تێکۆشانەکە تێکچوو. دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٢دا شەرەفکەندی کوژرا، گەلەکەمان بێ پێشەنگ مایەوە. دواتر لەگەڵ ناسینی رێبەر ئاپۆ، لە تێکۆشانی ئازادیدا سەردەمێکی نوێ دەستی پێکرد و بۆ ئەوەی ئەم ئازارە دوبارە نەبێتەوە، هەمان هەڵە دووبارە نەبنەوە و ژیانێکی بێی رێبەر و بێ پێشەنگ قەبول نەکەن، لە دژی هیزە پلانگێرەکان دەستیان بە تێکۆشان کرد. بە رۆحی سەرهەڵدانی دژی پلانگێری نێودەوڵەتی تۆڵەی کوشتنی پێشەنگەکانیان دەکردەوە.
ئێستا لە ئیمرالی لە دژی رێبەری گەلی کورد گۆشەگیری بەڕێوە دەچیت، بۆچوونی گەلی رۆژهەڵات لە دژی ئەم گۆشەگیرییە چۆنە؟
گۆشەگیریی سەر رێبەرایەتی و سیستمی ئەشکەنجەی ئیمرالی لە لایەن گەلی رۆژهەڵاتەوە وەکو کردەوەیەکی دژی هەبوون، دژی ناسنامە و دژی ئازادی خۆیان تەماشا دەکرێت. لە راستیدا دەوڵەتی ئێرانیش بۆ ئەوەی فیکر و پڕۆژە و رێنوێنیەکانی رێبەرایەتی نەگەن بە دەستی گەل، هاوکاری ئەم گۆشەگیری و سیستمی ئەشکەنجەیەیە. بۆیە شکاندنی گۆشەگیری یەکێکە لە سەرەکیترین ئەرکەکانی سەر شانی گەلی رۆژهەڵات و ئەمە ئامانجێکە کە نابێت دوابخرێت. رێنوێنی و پرۆژە چارەسەریەکانی رێبەرایەتیمان لە لایەن گەلەکەمانەوە بە وردی چاودێری دەکرێن و بۆ جێبەجێکردنیشی هەوڵێکی گەورە دەدرێت.
سبەینێ: لە ئیمرالی بەندیخانە چۆن دروستکرا؟
ز.ش