لەوبارەوە ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز ڕایگەیاند: درەنگان شەوی ۳ شەممە لەسەر ٤ شەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆردومانی دەڤەری زینی وەرتێ-یان کردوە. تا ئێستا زیانەکانی بۆردومانەکەی ڕژێم تورکیا دیار نییە و ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ھێزێ پارتی و یەکێتیی نیشتمانی لەم دوایانەدا لێی بەجێکراون و هێزەکانی پارستنی گەل (هەپەگە) و ژەنە گەریلاکانی (یەژەئاستار)یش دەیان ساڵە لەو سنورەن.
پێش بۆردومانەکە لەسەر لەئێوارەوە تا ساتی بۆردومانەکە فڕۆکەی جەنگی و سیخوڕی ڕژێمی تورکیا بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕابوونەوە.
بۆردومانەکەی ڕژێمی تورکیا هاوکاتە بووە لەگەڵ گواستنەوەی هێزی زیاتری سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ناوچەکە.
پارتی نزیکەی مانگێکە ھێزی بردووەتە ئەو ناوچەیە و دوێنێش ھێزێکی دیکەی بە چەکی قورسەوە گواستەوە بۆ هەمان شوێن.
دوا بەدوای ئەوەش ھێزێکی سەر بە یەکەی حەفتای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە جێگیرکردنی هێزەکەی پارتی برانە ئەوێ و بەجێکراون.
جموجوڵی هێزەکانی پارتی لە زینی وەرتێ و بەجکردنیان لەوێ ناڕەزایەتی خەڵکی ناوچەکە و ڕای گشتیی کوردستانی لێکەوتوتەوە و هەمووان لێی بەگومانن و بەفیتی ڕژێمی داگیرکەری تورکیای دەزانن بۆ هەڵگیرسانی شەڕی کورد بەکورد.
بۆردومانکردنی زینی وەرتێ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی تورکیاوە و جموجوڵەکەی دوێنێ و ئەمڕۆی هێزەکانی پارتی لەناوچەکە هاوکاتە لەگەڵ ۱٤/۰٤ کە ساڵیادی شاڵاوە بەدناوەکەی ئەنفالی باشوری کوردستانە کە هێزەکانی سەددام حوسێن بەهاوکاری هێزە بەکرێگیراوەکانی کورد ئەنجامیان دا و ئەوەش نیگەرانیەکانی زیاتر دەکات و پێدەچێت هەڵبژاردنی ئەو ڕێککەوتە پلانبۆکراو بێت و ئامانجگەلێکی شاراوەی دژە کوردی لە پشتەوە بێت و دووبارەبوونەوەی مێژوو بێت!
هـ.هـ