ئەمرۆ لە پارکی قەلای کەرکوک لە شاری کەرکوک، گروپی شەقام بۆ داکۆکی لە مافی هاوڵاتیانی کەرکوک کە ئەو گروپە ماوەی زیاتر لە مانگێکە دامەزراوە و پێکهاتووە لە مامۆستایان و مامۆستایانی ئاینی و پارێزەران و چالاکوانی کاروباری مەدەنی، هەڵستان بە ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی و داوایان لە هاوڵاتیانی کەرکوک کرد کە سبەی یەکشەممە برژێنە سەر شەقام و خۆپیشاندان لە دژی ئیدارەی شارەکە و قائیمقامیەتی کەرکوک ئەنجام بدەن لەبەرامبەر گران بوونی نرخی مۆلیدە ئەهلیەکان.
هۆکاری ئەنجامدانی ئەو خۆپیشاندانە دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە نرخی مۆلیدە ئەهلیەکان لە کەرکوک جیاواز لە تەواوی شارەکانی عێراق گران کراوە کە نرخی یەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدە لە شاری کەرکوک دەگاتە ١٣ هەزار دیناری عێراقی، نرخی ئەمپێرێکی کارەبای مۆلیدە ئەهلیەکان لە هیچ شارێکی دیکەی عیراق بەم شێوەیە گران نیە، هەروەها بەپێی سەرچاوەکان ئەو گازەی دیاری کراوە بۆ مۆلیدە ئەهلیەکان کەس نازانێت بۆ کوێ دەروات و بەشێکی زۆری کارەبای کەرکوک بۆ ناوچەکانی قەزای حەویجە و دەوروبەری لە باشوری کەرکوک تەرخانکراوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی راکان سەعید جبوری پارێزگاری سەپێندراوی کەرکوک خەلکی ئەو ناوچەیە.
جێگای باسە ڕاکان سەعید جبوری پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت، ناسراوە کە جیاکاری لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک دەکات و رۆلێکی خراپی بینیوە لە پرۆسەی بەعەرەب کردنی ناوچەکانی باشوری کەرکوک.
بەیاننامەی گروپی شەقام بۆ ڕایگشتی لەلایەن مامۆستا شاهۆ محەمەد خوێندرایەوە کە تیدا هاتبوو: "مامۆستایانی ئاینی و کەسایەتی و ڕۆشنبیران و مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کاسبکاران و تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، وەک دەزانن ماوەیەکە لەشاری کەرکوک ستەمێکی زۆر لە هاوڵاتیانی شارەکە دەکرێت، بەتایبەتی لەدیاریکردنی نرخی مۆلیدە و وەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاک بە بێ هیچ یاسایەک، وەک دەزانن گرووپەکەمان لەماوەکانی رابردوودا هەوڵی جدیمان داوە لەگردبوونەوە و کۆکردنەوەی هەزاران واژۆ و سکاڵا تۆمارکردن، بەڵام بەداخەوە گوێیان بۆمان نەگرت و لەبری کەمکردنەوەی نرخی مۆلیدە بە پێچەوانەوە نرخەکەیان زیاد کرد."
هەروەها مامۆستا شاهۆ وتیشی: " ئێمە وەکو گروپی شەقام بڕیارماندا، کە سبەی یەکشەممە خۆپیشاندانێکی جەماوەری گەورە و فراوان ئەنجام بدەین بۆیە داوا لەهەموو هاوڵاتیەکی بوێری شاری کەرکوک دەکەین چیتر لەئاست مافەکانی خۆیان بێدەنگ نەبن و هاوکارمان بن و سبەی ڕۆژی یەکشەممە بڕژێنە سەرشەقام و لەبەردەم قائیمقامیەتی کەرکوک ئامادەبن."
ز.ش