لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و تیمێکی حکومی ئامادەبوون.
لەمیانی پرسیارەکاندا، بەشێک لە پەرلەمانتاران پرسیاری هەڵوێستی حکومەتی هەرێمیان کرد سەبارەت بە بۆردوومان و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان.
لە وەڵامی ئەو پرسیارانەدا مەسرور بارزانی، پاساوی بۆ داگیرکاریی و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک هێنایەوە و وتی: هۆکاریی بوونی هێزێکی بەرهەڵستکاری تورکیایە لەو سنوورانە کە تورکیا بۆردوومان دەکات، ئەو هێزەی لەو سنوورانەیە بووەتە هۆکاری ئەوەی ٨٠٠ گوندی ئێمە خزمەتگوزاریی پێنەگات و جوتیارەکانیان نەتوانن بچنە سەر کێڵگەکانیان.
مەسرور بارزانی، لەبری داواکردنی هاوکاریی بۆ دەرکردنی سوپای تورک لە هەرێمی کوردستان وتی: داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم هاوکاربن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێنینەوە و کۆتایی بەوە بهێنین کە لە هەرێمی کوردستانەوە هەڕەشە بۆسەر ئەمنی نیشتیمانی وڵاتێکی دراوسێ دروستبێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، کە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لەهەوڵی کۆتایی هێنان بە بۆردوومانەکاندان.
ئەم قسانەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، کە فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک چەندین جار بە مەبەست هاوڵاتیانی مەدەنی هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج و شەهیدیان کردوون، هەروەها لە ساڵی ١٩٨٣وە بەردەوام دەوڵەتی تورک هێرشی کردووەتە سەر سنوورەکانی باشوری کوردستان، کە لەوکاتەدا پەکەکە هێشتا شەڕی چەکداریی ڕانەگەیاندبوو، هەروەها هیچ گەریلایەک لە سنوورەکاندا نەبووە.
ف.ق