هەپەگە یادی شەهیدانی ئامانۆسی کردەوە
ناوەندی راگەیاند و چاپەمەنی هەپەگە یادی سێ گەریلای کردەوە کە لە مانگی ئابدا لە ناوچەی هاسای شاری هاتای لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی سوپای داگیرکەری تورکدا شەهید بوون.
ناوەندی راگەیاند و چاپەمەنی هەپەگە یادی سێ گەریلای کردەوە کە لە مانگی ئابدا لە ناوچەی هاسای شاری هاتای لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی سوپای داگیرکەری تورکدا شەهید بوون.
لەم بارەیەوە ناوەندی راگەیاندی و چاپەمەنی هەپەگە راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە:
"٢٢ی ئاب لە گۆڕەپانی دندکی سەر بە ناوچەی هاسای شاری هاتای لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی سوپای داگیرکەری تورک، سێ لە هاوڕێکانمان بە ناوەکانی حسێن فورات، عەلی نۆرشین و جیگەر ئامەد شەهید بوون. زانیاریەکان لە بارەی ناسنامەی هاوڕێ شەهیدەکانمان بەم شێوەیەیە:
نازناو: حسێن فورات
ناوی تەواو: جیهان ئەرباش
شوێنی لەدایکبوون: مەلەتی
ناوی باوک و ناوی دایک: زیادە - محمد
شوێنی و بەرواری شەهیدبوون: ٢٢ی ئابی ٢٠٢٠ / هاتای
نازناو: عەلی نورشین
ناوی تەواو: شەفیق کۆرمان
شوێنی لەدایکبوون: بەدلیس
ناوی باوک و ناوی دایک: پەریشان - عبدولباری
شوێنی و بەرواری شەهیدبوون: ٢٢ی ئابی ٢٠٢٠ / هاتای
نازناو: جیگەر ئامەد
ناوی تەواو: سەرحات ئایکول
شوێنی لەدایکبوون: ئامەد
ناوی باوک و ناوی دایک: سولتان - ئەحمەد
شوێنی و بەرواری شەهیدبوون: ٢٢ی ئابی ٢٠٢٠ / هاتای
هاورێ حسێن کە لە ساڵی ١٩٨٣ لە ناوچەی دوغان شەهیری سەر بە مەلەتی لەدایک بوو، لە ناو خانەوادەیەک لە لادێ بە پاکی و رەنجدەری گەورە بوو. هاورێ حوسێن لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی، نرخ و شکۆمەندیەکانی ژیانی گوند و رەنجدەری و هەروەها جیاوازی نێوان چینە کۆمەڵایەتیەکان زیاتر تێدەگەیشت و زیاتر پێشوازی لە گرنگی فیکری چەپ و سۆسیالیست دەکرد و بەمەش تێگەیشت کە گەلی کورد ئازاری زۆری بینیوە، بۆیە خۆی لە بزوتنەوەی ئازادی کوردستان نزیک کردەوە. کاتێک لە زانکۆی بۆغازیچی دەیخوێند، بە هەلی زانی کە تێکۆشانی پەکەکە زیاتر بناسێت. لە ماوەیەکی کەمدا ئاشنایی بە ئایدۆلۆجیای پەکەکە و رێگای تێکۆشانی ئاپۆیی پەیدا کرد و لەسەر ئەم بنەمایە دەستی لە پڕۆسەی خوێندنی سیستمی دەوڵەتی تورک هەڵگرت کە ئامانج لێی تواندنەوە و بە تورککردنە، لەبەرامبەردا دەستی بە شۆڕشگێری پرۆفیشناڵ کرد. لەگەڵ کاروخەباتی گەنجانی خوێندکاری وڵاتپارێز لە ناوچەکانی تورکیا، چەندین ساڵ لە ناو کاروخەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسیشدا جێی گرت. ماوەیەکیش بە هێرشە فاشیستەکانی رژێمی ئاکەپە لە زینداندا مایەوە و تێکۆشانی کرد و لەوێش زیاتر لە راستیەکانی دوژمن تێگەیشت و رێبازەکانی تێکۆشانی لە دژی دوژمن بەهێزتر کرد.
هاوڕێ حسێن لە ساڵی ٢٠٠٨ بەشداری لە ریزەکانی گەریلادا کرد. لە ناو ریزەکانی گەریلادا بە رەنجدەری و فیداکارانە، هاوکات بەو بڕوایەی هەیبوو بۆ سەرکەوتنی تێکۆشان، بوو بە خاوەن ئیدیعا و رێگای پەیوەندی هاورێەتی و ژیانی پەکەکەی گرتەبەر. لە ماوەیەکی کەمدا بوو بە فەرماندە و سوودی لە ئەزمونەکانی پەکەکە وەرگرت و وەکو خەباتەکانی ناو تورکیا و باکوری کوردستان، لە ناو ریزەکانی تێکۆشانی ئازادیشدان چەندین گەریلای پەروەردە کرد و کردینی بە خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایین. لەم چوارچێوەیەدا یەک بە یەک پەیوەندی بە هاوڕێکانیەوە دروست کرد و هەڤاڵانی بۆ تێکۆشان ئامادە کرد و بوو بە خاوەنی رەنجێکی گەورە لەم رووەوە.
لەو رۆژەوەی بەشداری لە تێکۆشاندا کرد، بەڵێنیدا کە رێبەر ئاپۆ و شەهیدانی شۆڕش و گەلە وڵاتپارێزەکەمان بۆ ساتێکیش لە بیر نەکات و رێگای کاروانی تێکۆشانی گرتەبەر. لەسەر ئەم بنەمایە رووی لە ئامانجەکانی پارتەکەمان پەکەکە کرد و تەنها سەرکەوتنی بۆ خۆی بە بنەما گرت. هاوڕێ حسێن لە دڵەوە بڕوای بەوە هێنا کە رزگاریی گەل، بە رێکخستنبوونێکی بەهێزی هاوتەریب لەگەڵ تێکۆشانی گەریلاکاندا بەدی دێت. لە رووی بەرێکخستنبوون و خۆپاراستنی گەلی کوردستاندا قوڵبووەوە و لە بەرێکخستنکردنی یەپەسەشدا رۆڵێکی چالاکی بینی. دواتر بە پێی پێویستیەکانی تێکۆشانمان لە ناو ریزەکانی گەریلادا، رووی لە شاخەکانی ئامانوس کرد و لەوێ ئەرکی فەرماندەی گۆڕەپانی ئامانۆسی گرتە ئەستۆ و چەندین ساڵ کاروچالاکیی گرنگی ئەنجامدا. هاوڕێ حسێن لە ٢٢ی ئابدا لەگەڵ ٢ لە لە هەڤاڵانی لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا، چوونە ریزی کاروانی شەهیدانەوە. هاوڕێ حسێن هەمیشە لە لایەن هاوڕێکانیەوە یادی دەکرێتەوە، لەگەڵ ئەو تایبەتمەندیە رەنجدەرانە و کەسایەتە سۆسیالیست و فەرماندەییە ئاپۆییەکەی و بە بڕیارداری و ئیرادەکەیەوە، هەمیشە وەکو ملیتانێکی نمونە یادی دەکریتەوە.
هاوڕێ عەلی لە بەدلیس لەدایک بووە، کردەوەکانی قڕکەر و تواندنەوەی دەوڵەتی فاشیستی تورکی لە نزیکەوە بینی. کاتێک دەچێتە زانکۆ لەدژی کردەوەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک دەست بە تێکۆشان دەکات. هاورێکەمان لەو سەردەمەدا فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دەناسێت و بینی کە تاکە ڕێگا بۆ ڕزگاری بەرخۆدانی گەریلایە، بۆیەش ساڵی ٢٠١١ لە ئامەد بەشداری لە ڕیزەکانی بەرخۆداندا کرد. لە ماوەیەکی کەمدا بووە گەریلایەکی شارەزا، بووە خاوەنی ئەزموون و مۆری خۆی لەژێر سەرکەوتنەکاندا. هاوڕێ عەلی لەو ڕۆژەوەی بەشداری لە ڕیزەکانی گەریلادا کرد و تا دوایین ساتەکانی ژیانی لە بەرەی پێشەوەی بەرخۆداندا جێی خۆی کردووەتەوە، بە ئیرادەیەکی بەهێز و ڕێبازی فیدایی ئاپۆیی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە لەبەرانبەر هەموو جۆرە زەحمەتیەک وەستایەوە. هاورێکەمان عەلی بە ئیرادەی بەهێز و دڵسۆزی خۆی تێکۆشانی کرد و هەموو کاتێک بۆ بەرخۆدانی گەریلا دەبێتە سەرچاوەی سوودوەرگرتن و ڕێگای سەرکەوتنمان هەموو کاتێک ڕۆناک دەکاتەوە.
هاوڕێێکەمان جیگەر لە ئامەدی پایتەختی کوردستان لەدایک بوو و لە ناو خانەوادەیەکی وڵاتپارێزدا گەورە بوو. لە دژی کردەوە قڕکەرەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەڵوێستی شۆڕشگێری پیشاندا و لە ساڵی ٢٠١٣دا بەشداری لە ڕیزەکانی گەریلادا کرد. لە قۆناغی پەروەردەدا کە بۆ ماوەیەکی کەم شارەزا بوو و لە ساڵی ٢٠١٤ دا لەگەڵ گروپێک لە گەریلای تر لەدژی کۆمەڵکوژی دڕندانەی چەتەکانی داعش، بۆ ڕزگارکردنی شەنگال کەوتەڕێ. وەک سەربازێکی میلیتانی ئاپۆیی بەرپرسیاری ویژدانی و مێژوویی خۆی بە شێوەیەکی گەورە ئەنجامدا. دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە مامۆستای چەتەکانی داعشە و پشتگیری لێدەکات، ناتوانێت خۆی بەرانبەر تێکچوونی داعش بە دەستی قاڕەمانانی کورد رابگرێت و ئەو شتەی کە داعش نەیتوانی بکات، لە ساڵی ٢٠١٥ دا بە دەستی خۆی کردی. هاورێکەمان جیگەر ساڵی ٢٠١٦ داوای کرد بچێتە ئامانۆس و بۆ ئەوەی دەوڵەتی داگیرکەر کە خاوەنی هەمان عەقڵیەتی دوژمنی مرۆڤایەتیە تێک بشکێنێت، بە شێوەیەکی زۆر گەورە جێی خۆی لەناو شەڕە قوڕسەکانی باکووری کوردستاندا گرت. هاوڕێکەمان جیگەر بە بریارەوە و بە هەڵوێستێکی گەورە فیدایی هەموو کاتێک یادی دەکرێتەوە. بووە خاوەن هەڵوێستێکی میلیتانی ئاپۆیی و لەگەڵ دوو هاوڕێکەی بە شێوەیەکی قاڕەمانانە شەڕی کرد و کاتێک خەریکی جێبەجێکردنی ئەرکەکەی بوو، شەهید بوو.
هاوڕێکانمان حسێن فورات، عەلی نۆرشین، جیگەر ئامەد لە تێکۆشاندا مۆری خۆیان لەژێر سەرکەوتنی گەورەدا و وەک قاڕەمانەکانی گەلی کورد یادیان دەکرێتەوە. ئێمەش ئالای تێکۆشانیان بەرز دەکەینەوە و دەگەینە سەرکەوتن و لە کوردستانێکی ئازاد یادییان دەکەینەوە.
سەرەخۆشی خۆمان لە سەرەتادا ئاڕاستەی خانەوادەی بەشەرەفی شەهیدانمان و گەلی کوردی وڵاتپارێز دەکەین و بەڵێن دەدەین، بە تێکۆشانمان خاوەنداری لە یادەوەری شەهیدان بکەین."
ز.ش