پیتە کوردییەکانى فەرهاد کورتای

چیرۆکی ئەو پیتە کوردییانە، کە فەرهاد کورتای لە زینداندا لە ژێر قورسترین ئەشکەنجەکاندا کێشاونی و چیرۆکە پڕ لە ئازار و ژانەکەى بنەماڵەى کورتای و چیرۆکی وێنەکانی نازانرێن...

فەرهاد کورتای لەگەڵ ٣ هەڤاڵیدا لە ١٨ی ئایاری ١٩٨٢ لە زیندانی ئامەد ئاگریان لە جەستەى خۆیان بەردا و وەک "شەوی چواران" لە مێژووی کورداندا ناو و جێگەی خۆیان تۆمار کرد.

 شۆڕشگێڕی کورد، ئەندازیار، وێنەکیش و چیرۆکنووس فەرهاد کورتای بۆ ئەوەی هەڤاڵەکانى فێری نووسینی کوردی بکات لە قاوشی زیندانی ئامەددا هەوڵی بەردەوامی دەدا. ٢٧ پیتی کوردی، هەر یەکەیانی لەسەر کاغەزێکى ئەی فۆر کێشابوو. پیتی کوردیی لاتین ٣١ پیتن، بەڵام پیتەکانى (B, W, Û û Î) لە ناو پیتەکانیدا دیار نین. ئەو ئەلف و بێیە ٤٠ ساڵ لەوە پێش بۆ فێرکردن ئامادەکران و چەندین ساڵە لە ناو دۆسیەیەکدا شاردراونەتەوە. هۆکاری دیارنەمانی ئەو ٤ پیتە رەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، کە کاتی هێنانە دەرەوەیان لە زیندانی ئامەد ون بوو بێتن.

ناوی پیتەکانی (A, C, Ç, D, Ê, F, G, H û I) بە قەڵەم دار پڕکراونەتەوە، بەڵام ناوی پیتەکانى تر پڕ نەکراونەتەوە. دیارە قەڵەمەکەى بەشی پڕکردنەوەى ناوی هەموو پیتەکانى نەکردووە. ئەو پیتانە وەک میرات و کەلەپوری شۆڕشگێڕێکى خۆڕاگری راوەستاوی رێگای ئازادیی کوردستان بۆ نەوەی نوێ ماونەتەوە، بەڵام دیارە بە باشی نەشاردراونەتەوە.

شۆڕشگێڕ، ئەندازیار، وێنەکێش و چیرۆکنوس فەرهاد کورتای کاتێک لە زیندانی سەربازیی ژمارە ٥ی ئامەد بە قورسترین و دڕندانەترین شێوە ئەشکەنجە دەکرا، ئەو پیتانەی بۆ فێرکردنی کوردی هەڤاڵەکانی ئامادە کردووە تاوەکو بە کوردی بخوێننەوە و بنووسن.

بیر  و هۆشی وڵاتپارێزیی قۆسەرە

فەرهاد کورتای ساڵی ١٩٤٩ لە گوندی خوسرێ لە ناوچەى قۆسەری مێردین لە دایکبووە. قۆسەر سەدان ساڵە لانکەیەکی خوێندن و ناوەندەکانى خۆێندن بووە، یەکێک لەو ناوچانەیە، کە بە پاراوترین و جوانتری شێوە بە کرمانجی قسەى تیادا دەکرێت. بێگومان ئەوە بە رێککەوت نییە، کە چەندین کەسایەتیی هێژای ئەدەب و وێژەی کورد خەڵکی ئەو ناوچەیەن. حەسەن کورتای باوکی فەرهاد کورتای یەکێک لە وڵاتپارێزە ناسراوەکانی ناوچەکەى خۆیان بوو، مەلایەک بوو کە خوێندنی خوێندنگەکانی تەواو کردبوو. مەلا حەسەن دواى لە دایکبوونی فەرهادا لەگەڵ ٣ کوڕ و ٢ کچەکەیدا کۆچ دەکات بۆ ناوەندی قۆسەر. مەلا حەسەن مەلایی دەخاتە لایەکەوە و دەست بە بازرگانی دەکات. قورسایی دەخاتە سەر پەروەردەکردنی منداڵەکانی. ماوەیەک فەرهاد دەنێرێت بۆ لای مامەکەى لە گوند تاوەکو پەروەردەی ئایینی ببینێت. دوای ئەوانە فەرهاد کورتای خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە قۆسەر تەواو کرد.

خوێندنی زانکۆی تەواو کرد و لە سەربازیش هەڵهاتبوو

حەسەنی باوکی فەرهاد، فەرهادی کوڕی بۆ خوێندی ئامادەیی رەوانەى ئیستانبول دەکات. فەرهاد کورتای دواى تەواوکردنی خوێندین قۆناغی ئامادەیی دەچێتە زانکۆی تەکنیکیی قەرەدەنیز و بەشی ئەندازیاریی کارەبا تەواو دەکات. دواى ئەوە دەڕوات بۆ ترابزۆن و دوای تەواوکردنی خوێندن لە زانکۆ دەبێتە ئەندازیاری ئیلکترۆنیک و کارەبا. بە پاساوی ئەوەى "زانکۆت تەواو کردووە، بۆ هاوسەرگیری ناکەیت" لەلایەن بنەماڵەکەیەوە گوشاری لێدەکرا بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری، لە تەمەنی گەنجیدا لەگەڵ کچە خالەکەیدا هاوسەرگیری دەکات. دوای ئەوە دەڕوات بۆ سەربازی، هەر چییەک بووە لە کاتی سەربازیدا روویدا بوو و فەرهاد بە بۆچوونە کوردایەتییەکەى خۆی بزووتنەوەى ئاپۆیی لەو کاتەدا دەناسێت.

رابیعە کورتای خۆشکی فەرهاد باسی ساڵانى سەربازیی فەرهادی برای دەکات و دەڵێت "مامەم و مامۆژم و پورم بڕیاریاندا بچن بۆ سەردانی فەرهاد لە سەربازیدا. سەرباری ئەوەى کە چووبوون بۆ سەربازگەکە، بەڵام فەرهاد لەوێ نەبوو. بەرپرسان پێیان وتبوون 'ئێمە نازانین لە کوێیە'. سەربازێک بە رێککەوت پێی وتبوون 'چەند رۆژ لەوە پێش فەرهاد چەکەکەى لە ژوورەکەیدا داناوە و بەبێ مۆڵەت رۆیشتوە، زۆر دوای بابەتەکەدا مەڕۆن'. ئەوانیش چاوەڕێ دەکەن بگەڕێتەوە، بۆیە چەند رۆژێک لە ئۆتێلێک دەمێننەوە تاوەکو تەنها چاویان پێی بکەوێت. لە دوا رۆژی مانەوەیاندا و بە هیوای ئەوەى فەرهاد گەڕابێتەوە و چاویان پێی بکەوێت جارێکیتر دەچن بۆ بنکە سەربازییەکە، بەڵام کاتێک دەچن بۆ سەربازگەکە دیسانەوە پێیان دەڵێن، فەرهاد لێرە نییە.

کاتێک دێنە دەرەوە لە ناکاو فەرهاد دەبینین و پێی دەڵێن 'ئێمە چەند رۆژە لێرەین، بلیتی گەڕانەوەمان کڕیوە و بە داخەوە دەبێت بگەڕێینەوە'. فەرهادیش نایەوێت خێرا بڕۆن و ئەویش پێیان دەڵێت 'وەرن هەندێک دانیشن و من خواردنێکیتان پێدەدەم'، ئەوانیش دەڵێن برسیمان نییە، ئیتر فەرهاد دۆندرمە و ئەزبەریدیان بۆ دەکڕێت و پێکەوە دەیخۆن. کاتێک فەرهاد پێش ئەوەى بچێتە ناو سەربازگەکە لە دوورەوە دەستیان بۆ بەرز دەکاتەوە و ماڵئاواییان لێد ەکات. مامەم و مامۆژم و پورم ساڵەهای ساڵە بە گریانەوە باسی ئەو ساتە دەکەن. لەو کاتەدا هەستیان بەوە کردبوو فەرهاد گۆڕانێک تیادا روویداوە، بەڵام نەیانزانیبوو چی روویداوە. دواتر ئێمە تێگەیشتن فەرهاد چەند رۆژێک لە سەربازی هەڵهاتووە و چووە بۆ ئەنقەرە بۆلای ئاپۆییەکان".

ناوی کوردیی حیزبەکەی دانا

فەرهاد کورتای ساڵی ١٩٧٧ بووە شۆڕشگێڕێکى پرۆفیشناڵ و لێهاتوو و بەشداری بزووتنەوەى ئاپۆیی بوو. لە مێردین دەستی بەکاری رێکخستن کرد. لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ١٩٧٨ لە گوندی فیس لە ناوچەى لیجەى ئامەد بەشداریی کۆنگرەی دامەزراندنی حیزب بوو. ناوی حیزب کە 'کوردستان ئیشچی پارتیسی' ی بۆ دانرا، لەلایەن فەرهاد کورتاییەوە کرا بە کوردی و ناوی حیزبەکە بوو بە 'پارتیا کارکەرێن کوردستان (پەکەکە)'. فەرهاد کورتای زۆر خاکی بوو. خوشکەکەى باسی ئازار و ژانێکى دەکات و دەڵێت:

"کاتێک بەشداری پارتی بوو، هاوسەرەکەى دوگیان بوو، بەڵام فەرهاد ئاگادار نەبوو. منداڵەکەیان زوو لە دایکبوو بوو، کۆرپەکە لەسەرە مەرگدا بوو، لەو کاتەیا مەلا داودی برام هەستا و وتی 'من ئەو منداڵە دەبەم بۆ دکتۆر بۆ ئەوەى چاک بێتەوە و ئارامی و ئاسوودەیی بگرێت'. کۆرپەکەى برد بۆ ئامەد. کۆرپەکە لە لە رێگەی ئامەد و پێش ئەوەى بگاتە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا، بێگومان ئێمە هەموومان زۆر پێی بێتاقەت بووین.

فەرهاد لە کاتی دەرچوونی بڕیاری دەستگیرکردن بۆی و سەرباری ئەوەى لە هەموو شوێنێکدا بە دوایدا دەگەڕان، رۆژێک هاتەوە بۆ ماڵەوە. دایکم کە لەگەڵی دانیشتبوو دەستیکرد بە گریان. فەرهاد وتی 'تۆ بۆ ئەگریت؟ لە خۆشیا دەگریت؟'. دایکم وتی، 'خودا کوڕێکى پێدایت، بەڵام ئێمە نەمانتوانی رزگاری بکەین، لەبەر ئەوە دەگریم'. فەرهاد قەت ورەی بەرنەدا و فرمێسکیش بە چاویدا نەهاتە خوارەوە و هەرگیز ئەو ساتەم لە بیر ناچێت کە وتی 'دایە خۆت بێتاقەت مەکە، ئەم گەلە ژمارەیەکى زۆر منداڵی هەیە'. ئیتر ئەوە دوایین جار بوو کە هاتەوە بۆ ماڵەوە".

براکەیان کوشت

فەرهاد لەلایەک لە بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمیی کارەبا وەک ئەندازیار کاری دەکرد و لەلایەکی تریشەوە لە دەشتی قۆسەری مێردین وەک کادیرێکى پەکەکە کاری رێکخستنى دەکرد. دواتر ئاشکرا بوو و بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو. هێزە ئەمنییەکان کاتێک بۆ بڕیاری دەستگیرکردنەکەی بە دوایدا دەگەڕان و نەیاندۆزییەوە، مەلا داودی کاکەیان لە بەردەم ماڵەکەیاندا گرت و کوشتیان.

هێزەکانى دەوڵەتى تورک لە تشرینی دووەمی ١٩٧٩ دا لە ناوچەکانى دەورووبەری قۆسەر شوێنپێی فەرهاد کورتای و پێشەنگێکى تری پەکەکە بە ناوی محەمەد خەیری دورمش دەدۆزنەوە، بەڵام لە دوا ساتدا رزگاریان دەبێت و ناتوانن دەستگیریان بکەن، بەڵام سەربازەکان هەر بە دوایانەوە بوون. کورتای لە ناوەندی شار دەچێتە ماڵی حەجی عەلیی خاڵۆی. دواى ئەوەى نان دەخۆن، سەربازەکان شەو دەوری ماڵەکە گەمارۆ دەدەن و دواتر ئەو ٢ کەسایەتییە دەستگیر دەکرێن و بە بەرخودانەکەیان لە زیندانی ئامەد دا مێژووی نوێیان نووسیەوە.

فەرهاد کورتای ئیدی لە زینداندایە

دواى دەستگیرکردنی ئیدی زیندانیکردنی لە "زیندانی سەربازیی ژمارە ٥ی ئامەد" دەستپێدەکات، کە بە ناوەندی دڕەندیی و بەرخودان لە بیر و هۆشی گەلی کورد دا دەناسرێت. فەرهاد کورتای لەو زیندانەدا کە هەرگیز ئەشکەنجە تیایدا تەواو نەدەبوو، دەستیکرد بە وتنەوەى وانە و وێژەی کوردی بە هەڤاڵەکانی. بە کوردی چیرۆکێک بە ناوی "شۆڕشگێڕی بێ ناو" دەنوسێنێت. ئەو چیرۆکە لە قاوشەکەدا بۆ هەڤاڵەکانى خۆی دەخوێنێتەوە، هەمووان گوێی لێدەگرن و زۆر پێی کاریگەر دەبن. بەپێشەنگایەتیی مەزڵوم دۆغان و کورتای رۆژنامەیەک بە ناوی "هاوار" لە زینداندا دەردەکەن.

لە ژێر دڕندەیی و ئەشکەنجەدا وانەى کوردی دەڵێتەوە

لە کاتی دڕندەیی و ئەشکەنجەی قورسی ناو ئەو زیندانەدا هەڤاڵەکانى لە قاوشەکەدا کۆ دەکاتەوە و هەوڵ دەدا فێری کوردییان بکات. پیتە لاتینییەکانى کوردی کە یەکەمجار لە ١٥ی ئایاری ١٩٣٢ لەلایەن جەلادەت عالی بەدرخانەوە لە شام لە دەرکردنی گۆڤاری "هاوار" دا بەکارهێنران، دوای نیو سەدە لە شاری دێرینی ئامەد و لەو زیندانەدا، کە داگیرکەر بۆ کۆتایهێنان بە کوردایەتی دروستیکردبوو و تیایدا  دروشمی 'بە تورکی قسە بکە، زۆر قسە بکە' بەسەر زیندانییەکاندا دەسەپێنرا و بەرەنگاری زمانی کوردی دەبوونەوە، بەڵام لەلایەن دەستەیەک شۆڕشگێڕەوە زمانی کوردی و ئەلف و بێی کوردی و پیتی کوردی بەکارهێنرا. فەرهاد کورتای لەسەر کاغەزی ئەی فۆر (A4) پیتەکانى زمانی کوردیی کێشایەوە. هەر یەک لە ٣١ پیتەکەى زمانی کوردی لەسەر یەک لاپەڕەی ئەی فۆڕێدا کێشایەوە. فەرهاد کورتای لەبەر ئەوەی هاوکات وێنەکێش بوو پیتەکانى زۆر بە جوانی کێشابوویەوە. کورتای دەچێتە بەر دیوارێک و باسی ئەوە بۆ هەڤاڵەکانى دەکات کە پیتە کوردییەکان چۆن دەخوێنرێنەوە.

فەرهاد کورتای لەو کاتەدا تەمەنی ٣٣ ساڵ بوو. لە ١٨ی ئایاری ١٩٨٢ لەگەڵ هەڤاڵەکانیدا محەمەد زەنگین، ئەشرەف ئانیک و نەجمی ئۆنەر، کە لە هەمان کاتدا شاگردی وانەى کوردیی کورتای بوون جەستەى خۆیان دایە بەر ئاگر. ئەو ئیدی "مامۆستای" زیندانی ئامەدە.

وەرگرتنەوەی تەرمەکەى

رابیعەى خوشکی فەرهاد کورتای بە دەم رشتنی فرمێسکەوە باسی بردنی تەرمی فەرهاد کورتای برای دەکات، کە بوو بووە تۆپەڵێک لە ئاگر و وتی "کوێخوا و ئەنجومەنەکەمان پێی وتین، فەرهاد شتێکى بەسەردا هاتووە بڕۆن بۆ ئامەد. نەیدەتوانیى بڵێت چی بووە. بێگومان کاتێک ئێمە بەڕێکەوتین باوکم خۆی ئامادە کردبوو، کە تەرمەکەى فەرهاد وەربگرێتەوە. کاتێک لەگەڵ مامەمدا گەیشتنە بەردەم زیندانەکە، گروپێک کەس لەوێ بوون، باوکم یەکڕاست تێگەیشت و فرمێسکی باراند، قسەی نەکرد و تەنها چووە گۆشەیەک و دانیشت و جگەرەیەکی داگیرساند. بۆ ماوەى نیو کاتژمێر هیچ ناڵێت، تەنها دانیشتبوو تاوەکو ئەو کاتەى تەرمەکەیان لە زیندان هێنایە دەرەوە و پێیاندایەوە".

ئەم دۆسیەیە و پیتە کوردییەکانیشیان پێدەدەنەوە

لەگەڵ تەرمەکەى فەرهاد کورتایدا، کاتژمێرێکی نیوە سوتاو و دۆسییەک، کە پیتە کوردییەکانى فەرهاد کورتایین بە باوکی دەدەنەوە. رابیعەى خوشکی فەرهاد کورتای ئەو دۆسیەیە بۆ ساڵەهای ساڵ دەشارێتەوە و دواتر رادەستی رێکخراوە کوردییەکانى دەکات، دواى ماوەیەک لە ناو ئارشیڤەکاندا ون دەبێت.

ژ.ت