کۆپتەرە جەنگییەکانى تورکیا برادۆستیان بۆردومانکرد

کۆپتەرە جەنگییەکانى سوپاى تورکی داگیرکەر چەند شوێنێکى ناوچەى برادۆستیان لە سنووری پارێزگاى هەولێر بۆردومانکرد.

کۆپتەرە جەنگییەکانى سوپاى تورکی داگیرکەر ئێوارەى دوێنێ لە کاتژمێر ٠٤:٠٠ بۆ ٠٥:٠٠ سنووری هەر یەک لە گوندەکانى کەندەگەری، بێسنۆک و چیادێل-یان بۆردومانکرد.

بۆردومانەکە زیانێکى زۆری بە لەوەڕگە و سروشتى ناوچەکە گەیاندووە. لە ئێستادا هاووڵا تییانى ئەو سنوورە بۆ بژێویى ژیانیان روو لە کوێستانەکان دەکەن و لەو کوێستانانەدا مەڕ و ماڵاتەکانیان دەلەوەڕێنن، بەڵام بۆردومانەکانى سوپاى تورکی داگیرکەر هاوکات لەگەڵ زیان گەیاندن بە سروشتى ناوچەکە، زیانیش بە سەرچاوەى بژێویى ژیانى هاووڵاتییان دەگەیەنێت.

سوپاى تورکی داگیرکەر ماوەى زیاتر لە ساڵێکە ناوچەى برادۆستى داگیرکردووە و ژمارەیەک بنکەى سەربازیى تیادا دروستکردووە و بە بەردەوامى ئەو سنوورە بۆردومان دەکات. لە بۆردومانەکانیدا هاووڵاتییانى ئەو سنوورە، سەرچاوەکانى ژیانى هاووڵاتییان، شوێنە مەدەنی و کشتوکاڵییەکان، شوێنەوارە مێژووییەکان بۆردومان دەکات. ئامانجی ئەوەیە هەموو شوێنەوار و مۆرکێکى ژیان لەو ناوچەیە بسڕێتەوە و هاووڵاتییان ئەو ناوچەیە بۆ تورکی داگیرکەر چۆڵ بکەن، بەڵام سەرباری هەموو ئەو گوشارانەى سوپاى تورکی داگیرکەر هاووڵاتییان بە پێداگرییەوە بەردەوامى بە ژیان دەدەن لە سەر زەوی و زار و ماڵ و موڵک و زێد و نیشتمانى خۆیاندا.

ر.م