فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ناوچەی سیدەکانیان بۆردومانکرد

ئەمڕۆ هاوکات لەگەڵ رۆژی ژینگە فڕۆکە جەنگییەکانى سوپاى تورکی داگیرکەر سنووری ناوچەی سیدەکانیان بۆردومانکرد و بەهۆی بۆردومانەکەوە ئاگر بەربووەتە ژینگە و سروشتى ناوچەکە و زیان بە لەوەڕگەکان و ژینگەى ناوچەکە گەیشتووە.

فڕۆکە جەنگییەکانى سوپاى تورکی داگیرکەر کاتژمێر ٠٧:٠٠ بۆ ٠٨:٣٠ی سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ ھەر یەک لە چیادێل و خواکورک  و بێسنۆک-یان بۆردومان کرد. ئەو بۆردومانە زیانێکی زۆری بە ژینگە و سروشتى ئەو ناچەیە گەیاندووە.

هاوکات ئەمڕۆ رۆژی ژینگەیە لە هەرێمى کوردستان و چەندین چالاکى بۆ پاراستنى ژینگە ئەنجام دەدرێن، بەڵام دەوڵەتى تورکی داگیرکەر بە فڕۆکەی جەنگی، کۆپتەر، تۆپخانە، هاوەن و دۆشکا و چەندین جۆر چەکى تر بە بەردەوامى زیان بە ژینگە و سروشتى کوردستان دەگەیەنێت.

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر سیاسەتى بە سوتماککردنى خاک و ژینگە و سروشتى کوردستان بەڕێودەبات و بەپێى زانیارییەکان تەنها لە ماوەى ٤ مانگی سەرەتاى ئەمساڵدا نزیکەى ٥٠٠ شوێن، دۆنم، زەوی، لەوەڕگە و پاوانە و پۆش، باخ و رەز و دارستان و درەختى هاووڵاتییان کراونەتە ئامانجی بۆردومان و تۆپخانەکانى سوپاى تورکی داگیرکەر و لەناوبراون.

ر.م