کەجەکە: هەواڵی "گەریلا لە ئەرمینیا شەڕ دەکات" درۆیە

سەردەم وتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە رایگەیاند، رژێمی ئاکەپە – مەهەپەی فاشیست بەهۆی شەڕی ئازەربایجان – ئەرمینیاوە لەبارەى بزووتنەوەکەمانەوە هەواڵی درۆ بڵاودەکەنەوە و دەیانەوێت لە دژی گەلەکەمان و گەلان دوژمنایەتی قوڵتر بکەنەوە".

رۆنی سەردەم وتەبێژی کۆمیتەى پەیوەندییەکانی دەرەوەى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، ناڕەزایەتیی توندی نیشانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دا، کە بە ناردنی چەتەکان بۆ ئازەربایجان شەڕی ئازەری – ئەرمەنی قوڵتر دەکاتەوە. هەروەها هەواڵ و زانیاری لەبارەی ئەوەى کە گوایە، شەڕڤانانی بزووتنەوەى ئازادیی کورد رۆیشتون بۆ ئەرمینیا و شەڕ بۆ ئەرمینیا دەکەن، بڵاو دەکاتەوە، بەڵام ئەو هەواڵانە درۆن.

رۆنی سەردەم وتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، دەوڵەتی تورک درۆ بڵاودەکاتەوە و تەنانەت لایەنگرانی ئاکەپەش بڕوای پێناکەن.

سەردەم ئاماژەى بەوەکرد، دەوڵەتی تورک لەسەر بنەمای هاندان و ئامادەکاری و پلانەکانی لە هێڵی قەوقازیا بەرەیەکی نوێی شەڕی کردووەتەوە و وتی، "ئەوانەى دەستیان بە شەڕکردووە نە لایەنگر و نە گەلی ئەرمنی و نە ئازەرین. ئەو دۆخە، کە وەک شەڕی ئازەربایجان – ئەرمینیا دەناسرێت، لە راستیدا شەڕی دەوڵەتی تورکە و بەشێکە لە پرۆژەی عوسمانی و ئامانجەکانی ئامانجەکانی ئەو پرۆژەیە. بەرێوەبەریی ئاکەپە ماوەیەک لەوە پێش نەخشەیەکی تورکیای بڵاوکردبووە، کە ئەو ناوچەیەی لە خۆ دەگرت، کاتێک ئەوە سەرنجی بدرێتی، ئەوا تێگەیشتن لە دۆخەکە باشتر و روونتر دەبێتەوە".

سەردەم رایگەیاند، دەوڵەتی تورک شەڕی بردە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باکووری ئەفریقا و چەندین شوێنی قەوقاز، ئەو شەڕەش چەتەکان و چەندین هێزی چەتەکانی تورکیای تیادایە و وتی، "هەموو دونیا چاوی بەرامبەر بە کۆمەڵکوژکردن و کوشتاری گەلان لەسەر دەستی ئەو گروپە چەتانەی دەوڵەتی تورک داخستووە، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پارێزگارییان لێدەکرێت، پشتیوانییان لێدەکات و لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی تورکدان. ئاژانسەکانی هەواڵ و گرنگترین رۆژنامەکانی جیهان ئەوەیان بڵاوکردەوە، کە دەوڵەتی تورک بۆ دەستپێکردنی شەڕ و بەڕێوەبردنی ئەو شەڕە هەزارانەى چەتە میلیشای لە سوریاوە بردووە بۆ ئازەربایجان و ئەوەشیان بە بەڵگە خستەڕوو. چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ ئەو چەتانە و دیمەنی چەتەکان، کە لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە نێردراون بڵاوکرانەوە. دەوڵەتی تورک پلانە چەپەڵەکەى ئاشکرا بوو، ئێستاش دەیەوێت لەسەر بزووتنەوەکەمان هەواڵی درۆ بڵاوبکاتەوە.

کۆماری تورکیا سەرەتا بە دەستی خۆی لەسەر ئەکاونتەکانی سەر بەخۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەوەى بڵاوکردەوە، کە گەریلاکانی پەکەکە رۆیشتوون بۆ ئەرمینیا و کاتێک بڕوایان پێ نەکرا، ئینجا خۆیان راستەو خۆ، واتە دەوڵەتی تورک و حکومەت دەستبەکاربوون و خواستیان رەسمیەت بە درۆکانیان بدەن. لە هەر جوگرافیایەکدا، کە دەیانەوێت داگیری بکەن و شەڕ بکەن، بە پاساوی ئەوەى پەکەکە و کوردی تیادایە دەست دەکەن بە هێرشی داگیرکەری و بەوەش بۆ هێنانەدیی ئامانجەکانی خۆیان، ئاستی درۆ گەورەکانیان و هەروەها دوژمنیایەتیان بەرامبەر بە کورد دەخەنەوەڕوو. ئەو پڕوپاگەندانە بابەتەکانی سیاسەتی شەڕی تایبەتن. رژێمی ئاکەپە – مەهەپەی فاشیست بەهۆی شەڕی ئازەربایجان – ئەرمینیاوە، لەبارەى بزووتنەوەکەمانەوە هەواڵی درۆ بڵاودەکاتەوە، بەوەش دەیەوێت لە پێش هەموو شتێکەوە لە دژی گەلەکەمان و گەلان دوژمنایەتی قوڵتر بکاتەوە. هاوکات دەیەوێت، لەناو گەل دا ناکۆکی، شەڕ و ئاڵۆزی و قەیران زیاتر بکات.

دەوڵەتی تورک لە مێژووی خۆیدا تاوەکو ئێستا کوشتار و کۆمەڵکوژیکردن و پاکتاوکردن بەرامبەر بە گەلان ئەنجام دەدات، لەبەر ئەو سیاسەتە نەژادپەرەستانە و فاشیستییانە، کورد، ئەرمنی، رۆمی، ئاسووری – سوریانی و گەلانی تری بە دوژمن زانیوە و هێرشیان دەکاتە سەر. بە تایبەتی لەم ساڵانەی دوایدا عەقڵییەتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە لە سەرەتای هەموو مانگێکدا دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی نێونەتەوەیی و بووە بە بەڵا بەسەر هەموو گەلانی جیهانەوە.

ئیدی دۆخەکە بەوە گەیشتووە، کە رژێمی تورکی شەڕانگێز شەڕ دەباتە هەموو شوێنێک و نائارامی دروست دەکات و دەبێتە هۆی داگیرکەری، ئیدی کاتی ئەوە هاتوە مرۆڤ لەو رژێمە تورکە فاشیستییە دەسەڵاتپەرەستە شەڕانگێزە رزگاری ببێت. کاتی ئەوە هاتووە ئیدی رژێمی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە لەبەر یەک هەڵبوەشێنرێتەوە. کاتی ئەوە هاتووە، کە مرۆڤ بە داگیرکەری و شەڕانگێزیی دەوڵەتی تورک بڵێت "راوەستە"، بۆیە داوا لە هەموو گەلان و هێزە دیموکراسییەکان دەکەین، کە لە دژی سیاسەتی شەڕانگێزانە و شەڕ و نەژادپەرەستیی دەوڵەتى تورک هەڵوێستی روون و ئاشکرایان هەبێت".

ژ.ت