کەنەکە: پێویستە دوژمنان حسابی جینۆسایدی دێرسیم بدەن

دەستەى بەڕێوەبەری کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە) لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیى دێرسیم دا ئەو کۆمەڵکوژییەى ئیدانەکرد و رایگەیاند، نابێت ئەو کۆمەڵکوژییە لەیاد بکرێت. راشیگەیاند "پێویستە دوژمنان حسابی جینۆسایدی دێرسیم بدەن".

دەستەى بەڕێوبەریى کەنەکە بە بۆنەی ٨٢هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیى دێرسیم-ەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و کۆمەڵکوژکردنەکەى ئیدانە کرد و رایگەیاند "کۆمەڵکوژییەکە و جیۆناسایدەکە بە شێوەى فەرمی و بە بڕیارى دەوڵەت و حکومەت و بە بەڵگەوە ئەنجامدرا و ناوی دێرسیمیشیان گۆڕی بۆ تونجەلی".

دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە

لە یادی کۆمەڵکوژی دێرسیمدا

٨٢ ساڵ لەمەوبەر لە دێرسیم خەڵکی کورد هەر لە حەوت مانگانەوە تا ٧٢ ساڵیی کۆمەڵکوژ کران. کۆمەڵکوژییەکی جەرگبڕ و تاوانێکی وێرانکار بەرامبەر دێرسیم و دێرسیمەکان کرا. لە ٤ی گوڵانی ١٩٣٧ دا بە بڕیاری فەرمیی حکومەت و دەوڵەتی تورکیا هێرشێکی سەربازی گەورە بە ئامانجی لەناوبردنی خەڵک کرایە سەر دێرسیم.  دەوڵەت و حکومەتی تورک بە رق کینەی تۆڵەسەندنەوە لە زەوی و ئاسمانەوە پەلاماری دێرسیمیان دا. بە هەزاران دێرسیمییان کوشت، لەو ژمارەیەش زیاتر برینداربوون، هەزارانیشیان دەربەدەرکرد و لە رێدا فەوتان.

 کوشتوبڕێک، کۆمەڵکوژییەک بە بڕیاری فەرمی دەوڵەت و حکومەت و بە بەڵگەوە ئەنجامدرا. شتێکی لەو چەشنە تا ئەو کاتە لە هیچ شوێنێکی دنیادا رووی نەدابوو. ئەوەی دەوڵەت و حکومەتی تورک بەسەر خەڵکی کوردیان لە دێرسیم هێنا، هیچ دەوڵەتێک بەرامبەر دوژمنە هەرە گەورەکانیشی نەیکردبوو.

 سەرەڕای کوشتوبڕ و دەربەدەرکردن و ماڵوێرانیی، یاسایەکی تایبەتیشیان دەرکردو ناوی دێرسیمیان گۆڕی بۆ تونجەلی.

 دڵی کوردستان بەو کۆمەڵکوژیە داغان بوو، هەرگیز لە بیر نەکراو، نابێ هەرگیز لە بیریش بکرێت. ئەبێ کورد هەرگیز بکەری ئەو تاوانەو تاوانەکەش لەیاد نەکەن. پێوستە لە هۆش و ویژدانی خۆیاندا هەڵیکۆڵن بۆئەوەی بۆ هەمیشە نەسڕێتەوە.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە هەموو هێزی خۆی ئەو جینۆسایدە شەرمەزار ئەکات کە لە ٤ی گوڵاندا و پێش ٨٢ ساڵ بەسەر خەڵکی ئێمەدا لە دێرسیم هات. بەرپرسانی دەوڵەت و حکومەتی خوێنرێژ هەرچیەك بڵێن، سیاسەتی گشتی هەر ئەنجامێک بدا بە دەستەوە، هیچ لەو پرسە ناگۆڕێ.

 ئەو دڕندایەتیەی بەرامبەر خەڵکی ئێمە کرا، لاپەڕەیەکی رەشی ترە لە مێژووی خوێناوی دەوڵەت و حکومەتی تورکیادا.  پێویستە خەڵکی ئێمە بە رێبەرو پێشەنگ و تێکۆشەرانی بزووتنەوەی نەتەوەیی و نیشتیمانیەوە،  لە هەموو یادێکی ئەو رۆژە خەمناک و دڵتەزێنەدا، یادەوەریی خۆیان روون و گەش راگرن و بۆ بەدواداچوون و حساب خواستن لەو دوژمنانەی ئەو کارەساتەیان ئەنجامدا، سست و لاواز نەبن.

پێویستە دوژمنان حسابی جینۆسایدی دێرسیم بدەن. جینۆسایدی دێرسیم لە یاد ناکرێ و نابێ هەرگیز لە یادیش بکرێت.

ر.م