یەکینەکانی تۆڵەسەندنەوە لە شاری وان زنجیرە چالاکیەکیان ئەنجامدا

یەکینەکانی تۆڵەسەندنەوەی شەهید باران دەرسم رایگەیاند لە شاری وان چالاکیان ئەنجامداوە.

یەکینەکانی تۆڵەسەندنەوەی شەهید باران دەرسم لە راگەیێنراوێکدا بانگەوازیەکی ئاڕاستەی گەنجانی کورد و بە گشتی گەلی کورد کرد کە بە جۆش و خرۆشێکی گەورەوە بەشداری لە 'کاروانی مۆعجیزە'دا بکەن.

لە راگەیێنراوەکەی یەکینەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە، لە ٣٠ی ئەیلولدا لە ناوچەی ئارتەمێتانی شاری وان لە دژی ئۆتۆمبیلێکی سەربازی بە تەقەمەنی دەستی و چەکی سووک، چالاکیەکیان ئەنجامداوە و دوای چالاکیەکەش سەربازانی دوژمن ترساون و زیان بەر ئۆتۆمبیلەکەیان کەوتووە.

هاوکات باس لەوەش کراوە کە لە ١ی تشرینی یەکەمیشدا لە گەڕەکی ئیسکەلەی ناوچەی توشبای وانیش ئۆتۆمبیلێکی جاشەکانی دەوڵەتی تورک سووتێنراوە، هەمان رۆژ لە گەڕەکی شەمسیەی ناوچەی توشبا وێستگەیەکی کارەبا و ناوەندێکی بازیش سووتێنراون.

لە راگەیێنراوەکەدا یەکینەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە، لە بەرواری ٢ی تشرینی یەکەمیشدا لە گەڕەکی ستەسیۆنیش کۆگایەکی سوتەمەنی سووتێنراوە و زیان بەر بازاری لیرە کەوتووە.

٢ تشرینی یەکەم لە ناوچەی ئەکرەمیتیش دوو کەس، کە لە دژی خەڵکی ناوچەکە لە بەرژەوەندی دوژمن دەجووڵانەوە سزا دران.

لە کۆتایی راگەیێنراوەکەشدا یەکینەکە بانگەوازیەکی ئاڕاستەی گەلی کورد و بە تایبەت گەنجان کرد کە بەشداری لە 'کاروانی مۆعجیزە'دا بکەن کە ئامانج لێی تۆڵەسەندنەوە لە دوژمن.

ز.ش