بۆ رێگریکردن لە سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقام، شارەوانی سلێمانی لیژنەیەک پێکدێنێت
عوسمان عارف: “لیژنەیەک بۆ رێگریکردن لە سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەکان پێکهاتووە بۆ ئەوەی سەرپێچیکاران رووبەڕووی یاسا بکەنەوە".
عوسمان عارف: “لیژنەیەک بۆ رێگریکردن لە سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەکان پێکهاتووە بۆ ئەوەی سەرپێچیکاران رووبەڕووی یاسا بکەنەوە".
عوسمان عارف بەڕێوەبەری بەشی لادانی زیادەڕۆیی لە شارەوانی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند:" لەسەر راسپاردەی سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بەشداریمانکرد لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەوانی سلێمانی وە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیادرا بە دروستکردنی لیژنەیەک بۆ لابردنی تەواوی ئەو شوێنانەی کە ئاژەڵ لەسەر شەقام سەردەبڕن".
هەروەها عوسمان عارف ئاشکراشی کرد:" لیژنەکە لە ئەمڕۆوە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دەست بە کارەکانی دەکات و رێککاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەموو ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە لەسەر شەقامەکانی سلێمانی ئاژەڵ سەردەبڕن، چونکە ئەو کارە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پیسبوونی ژینگەی شارەکە".
هەروەها ناوبراو تیشکی خستەسەر مەترسی نەخۆشی بەهۆی پاشماوەی ئاژەڵەکان و پابەند نەبوون بە ڕێنەماییەکانی تەندروستی و شارەوانی وو ووتی:" لە ئێستادا تای خوێنبەربوون لە ناوچەکەدا بڵاوبوەتەوە تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون لە سلێمانی تۆمارنەکراوە، ئێمە هەوڵدەدەین رێگری لە بڵاوبونەوەی ئەو نەخۆشییە بکەین لە شارەکە".
لە کۆتایدا ئەو بەڕێوەبەرەی بەشی لادانی زیادەڕۆیی لە شارەوانی سلێمانی ڕایگەیاند:" لە ماوەکانی ڕابردوودا هەرکەسێک بەهۆی سەربڕینی ئاژەڵەوە لەسەر شەقامەکان دەستگیربکرایە بە بارمتە(کەفالە) ئازاد دەکرا، بەڵام ئێستا لە هەوڵی ئەوەداین بەپیی یایسا هەرکەسێک بەوهۆیەوە دەستگیرکرا رێگری لە ئازادبوونی بکرێت تاوەکو دوای جەژنی قوربان".
هـ . ب