به شێوەیەکی جەماوەری سەردانی پرسەی گەریلای شەهید ئادەم ئۆزکان کرا

به شێوەیەکی جەماوەری مەراسیمی پرسەی گەریلای هەپەگە ئادەم ئۆزکان (زەردەشت سوروچ) کە لە چیای باگۆکی ناوچەی نسێبین لە مێردین شەهید بوو بەڕێوە چوو.

گەریلا ئادەم ئۆزکان لە ١ی ئەیلول لە داوێنی چیای باگۆک ​​لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورک دا شەهید بوو. لە گەڕەکی زۆنجکی ناوچەی پرسوسی شاری ڕوحا لە ماڵی بنەمەڵەکەیدا مەراسیمی پرسەی بۆ دانرا.

بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی کولتوور و پشتیوانی و هاوکاری بنەماڵە و خزم و کەسی ونبووەکان (KATDER)، بە کۆمەڵ سەردانی پرسەکە کرا.

لە سەردانەکەدا فەریت شەنیاشار، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان دەم پارتی شاری ڕوحا، ئەندامانی ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی شاری ڕوحا، بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوەکانی دەم پارتی و خەڵکێکی زۆر بەشداری مەراسیمەکە بوون.

جەماوەر لە ناوچەیەکی نزیک ماڵی شەهید کۆبوونەوە و بە دروشمی "شەهیدان نامرن" بەرەو شوێنی پرسەکە ڕێپێوانیان کرد.

هەروەها جەماوەر لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەی شەهید ئۆزکانەوە پێشوازییان لێکرا، لە مەراسیمەکەد بۆ ئەو کەسانەی لە تێکۆشانی ئازادیدا گیانیان بەخت کردووە ڕێز دانرا.