بنەماڵەی شەهید دیار خۆشناو: درێژە بە تێکۆشانی شەهیدان دەدەین

لە گۆڕستانی شەهیدانی بالیسان مەراسیمێک بۆ یادکردنەوەی شەهید دیار خۆشناو بەڕێوەچوو، تیایدا بنەماڵەکەی بەڵێنیاندا درێژە بە رێگای شەهیدان بدەن.

رۆژی هەینی لە شارەدێی بالیسانی سەربە پارێزگای هەولێر، مەراسیمی ماڵئاوایی بۆ شەھید دیار محمد خۆشناو لە گۆڕستانی شەھیدانی بالیسان سەر بە شارۆچکەی شەقڵاوە لەسەر مەزاری فەرماندە شەھید مەلانەجم، بەئامادەبوونی بنەماڵەی شەھیدان و ژمارەیەک لە ھاوڵاتیانی وڵاتپارێز مەراسیمێکی بەشکۆ بەڕێوەچوو.

مەراسیمەکە لە سەرەتادا، بە وەستانی بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەھیدان دەستی پێکرد و دواتر غازی رەفعت لەسەر ناوی بنەماڵەی شەھید چاوان ناسراوبە ھەڤاڵ دیار قسەی کرد و ڕایگەیاند: کە بنەماڵەکەمان خاوەنی چەندین شەھیدە لە پێناوی ئازادی و دۆزی ڕەوای گەلی کورد شەھید دیاریش بەردەوامی درێژەپێدەری ئەو شەھیدانەیە.

هەروەها، وەستا ئیبراھیم پەیامی نوێنەری کۆمیتەی شەھیدانی پێشکەش کردو وتی: ئەو ھەڵوێست و ئیرادەیەی ئێوە سورترمان دەکات بۆ تێکۆشان و  بەردەوامی دان بەڕێبازی شەھیدان.

لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا، محەمەد خالید باوکی شەھید دیار سوپاسی ئامادەبوونی کرد و ڕایگەیاند: "ئێمە خاوەنی چەندین شەھیدی وەک مەلا نەجم و ئەو پۆلە شەھیدانەین کەئێستا لەسەر مەزارەکەیان وەستاوین، شەھید چاوانیش یەکەم و دوا شەھیدی ئێمە نابێت، شەھید دیار بۆ ئێمە و گەلەکەی سەر بەرزیە، و سەرەخۆشی لە هەڤاڵانی دەکەم".

مەراسیمەکە بە وتنەوەی دروشمەکانی، “شەھید نامرن،  بژی بەرخۆدانی گەریلا” کۆتایی ھات.

هـ . ب