بەسێ هۆزات: پیلانگێڕان هەرچییەکیان کرد نەیانتوانی ئامانجەکانیان بپێکن

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەسێ هۆزات رایگەیاند، گۆشەگیری ٢٦ ساڵە بەردەوامە و وتی: "لەم ٢٦ ساڵەدا بە تایبەتی بەرخودانی رێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی کاریگەری گەورەی کردە سەر گەلی کورد و گەلانی هەرێمەکە. پیلانگێڕان هەرچییەکیان کرد، نەیانتوانی سەربکەون".

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەسێ هۆزات کە بەشداری لە بەرنامەی تایبەتی ستێرک تیڤی کردبوو، سەبارەت بە پیلانگێڕی ٩ی تشرینی یەکەم لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەڵمەتی 'ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی کورد' هەڵسەنگاندنی کرد.

هۆزات بە بیری هێنایەوە کە پیلانگێڕی لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ ئەنجامدرا کە بە پێشەنگایەتی ئەمریکا، ئیسرائیل و بەریتانیا بە ئەنجام گەیشت و دەستنیشانی کرد کە پەدەکە و بارزانییەکانیش بە شێویەکی چالاک لە ناو پیلانگێرییەکەدا بەشداربوون. بەسێ هۆزات ئەوەی خستەڕوو کە پیلانگێری لە ئەنجامی تێکۆشانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، پەکەکە، گەلی کورد و دۆستانیان پوچەڵکراوەتەوە و وتی، "هێزە پیلانگێڕەکان پلانی ئەوەیان هەبوو لە لە دوو ساڵدا رێبەر ئاپۆ لە رووی جەستەییەوە لەناوببەن و پەکەکە پاکتاو بکەن. بەڵام لە ئەنجامی تێکۆشاندا لە رووی جەستەییەوە نەیانتوانی رێبەر ئاپۆ لەناوببەن، تائەمرۆکەش نەیانتوانیوە پەکەکە پاکتاو بکەن، نەیانتوانی ئیرادەی کوردانی ئازاد بشکێنن، نەیانتوانی چۆکی پێدابدەن. گەلەکەمان تێکۆشانی گەورەیان کرد، هەربۆیە پیلانگێڕی ئامانجەکانی نەپێکا".

هەڵسەنگاندنەکانی هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە بەسێ هۆزات لەسەر پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەم و هەڵمەتی 'ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی کورد' بەم جۆرەیە:

پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەم ٢٦ ساڵی تێپەڕاند. ئەو پیلانگێڕییە لەسەر رێبەر ئاپۆ و گەلی کورد هێشتاش بەردەوامە. ئامانجی پیلانگێڕیی چیبوو و ئەمڕۆ بە چ شێوازێک بەردەوامە؟

پێدەنێینە ساڵی ٢٧ەمینی پیلانگێڕی، سەرەتا هێزە پیلانگێڕەکان بە توندی شەرمەزار و بە نەفرەت دەکەم. من هەموو شەهیدانی ئازادی  بە رێز و پێزانینەوە بە بیردەهێنمەوە. لە تێکۆشانی ٢٧ ساڵە لە بەرامبەر پیلانگێڕیدا زۆر هاوڕێی هێژامان، گەل و دۆستانمان قوربانیان دا، شەهیدمان بەخشی، بەدەیان هەزار کەس راپێچی زیندان کران. ئازاری زۆرمان چەشت، بەڵام لە ئەنجامی پیلانگێریدا نەگەیشتە ئامانجەکانی. ئەوە زۆر گرنگە. ئێمە زۆرجار ئامانجی پیلانگێریمان هەڵسەنگاند. بەرفراوانترین هەڵسەنگاندنیش لەلایەن رێبەر ئاپۆوە لە پارێزنامەدا ئەنجامدرا. بێگومان لەگەڵ پیلانگێڕی شەڕی جیهانی ٣هەمینیش دەستیپێکرد. هێزە نێونەتەوەییەکان بە سەرکردەیی ئەمریکا ویستیان بە بەرفراوانی دەستوەردان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام بدەن. رێبەر ئاپۆ و پەکەکەیان وەک بەربەستێک لەبەردەم ئەو دەستوەردانەدا بینی. بۆچی؟ چونکە رێبەر ئاپۆ کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر گەلی کورد هەبوو. گەلی کوردیش گۆڕانکاری و وەرچەرخانی گەورەیان بینی. دەستی بە تێکۆشانی ئازادی کردبوو کە چەق و ناوەندەکەی کوردستانە. هێزە نێونەتەوەییەکان بزوتنەوەیەکی روون و شەفافی وەک پەکەکەیان بۆ سەرخۆیان بە مەترسی دا. لە بەر ئەوە بە سەرکردەیی ئەمریکا، بەریتانیا و ئیسرائیل لە دژی رێبەر ئاپۆ پیلانگێرییان خستەڕێ. زۆر هێزیش لەناو ئەو پیلانگێرییەدا بەشداربوون. هەموو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بە تایبەتی یۆنان و ئەڵمانیا لەو پیلانگێرییەدا بەشداربوون. کاتێک رێبەرایەتی چووە ئەوروپا مافی پەنابەریی سیاسییان پێنەدا. رێبەرایەتی داوایکرد دادگایی بکرێت، بەڵام نەیانکرد. لەبەر ئەوەی ئەگەر بچووبایە بەردەم دادگا، پرسی کورد هەم دەبووە رۆژەڤی ئەوروپا و هەمیش دەکەوتە ناو رۆژەڤی رای گشتیی نێونەتەوەییەوە. لە رێگەی پێنەدانی مافی پەنابەری سیاسی و دادگایی نەکردنی ویستیان رێگە لەبەردەم لەناوبردنی بکەنەوە. گوشار خرایە سەر ئیتاڵیا و رێبەرایەتیش ناچارکرا ئیتاڵیا جێبهێڵێت. هێزە هەرێمایەتیەکانیش لەو پیلانگێڕییەدا بەشداربوون. میسریش لە پیلانگێڕییەکەدا تێوەگلا، ئێرانیش لەوانەیە کە لە سنووردا رۆڵی گێڕابێت، رووسیاش لە پیلانگێڕییەکەدا رۆڵی هەبوو. تێگەیشتن کە ئەگەر رێبەر ئاپۆ و پەکەکە بێکاریگەر نەکرێن ناتوانن دەستوەردان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن.

ساڵی ٢٠٠١ دوای پیلانگێڕی قاعیدە هێرشی کردە سەر ئەمریکا و دواتر ئەمریکا ئەمەی وەک دەرفەت بینی و دەستوەردانی لە ئەفغانستان کرد. ئەمریکا لە مانگی ئاداری ٢٠٠٣ دەستوەردانی لە عێراق کرد. سەدام لەناوچوو، شەڕی ناوخۆ لە عێراق دەستی پێکرد. بە تێپەڕبوونی کات لە باشووری کوردستان فیدڕالی دامەزرا. ئەوان دەیانویست هێڵێکی هاوکاری و خائین لەگەڵ پەدەکە لە باشووری کوردستان دابمەزرێنن. بەم شێوەیە ئامانجیان ئەوەبوو هەموو شتێک بخەنە ژێر کۆنترۆڵ و رکێفی خۆیانەوە.  پەدەکە-بارزانی بەشدارییەکی زۆر چالاکانەی لەو پیلانگێڕییەدا کرد. پەکەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی، دیموکراسیک، سۆسیالیستی زۆر بەهێزە کە پێشەنگایەتی گەل دەکات. والێکیان دەدایەوە کە لەو گێژاوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دێتەئاراوە، دەرفەت دەڕەخسێت بۆ ئەوەی پەکەکە سوودی لێوەربگرێت، زیاتر گەورە بێت، ئازادیی کوردان هەمیشەیی بکات و ئازادی کوردستان بە پێشەنگایەتی پەکەکە حەتمی و بێ ئەملاولا بێت. هەم لە کوردستان شۆڕش روویدەدا و هەمیش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شۆڕشێکی دیموکراتیک دەهاتەکایەوە و بەوەش لێکدانەوە، پلان و کۆنسێپتی پیلانگێڕان بێ ئەنجام دەبوو. چونکە گەل هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی ناوێت و لە دژی رادەپەڕێت، هێزی هەژمونگەرا و داگیرکەر قەبوڵ ناکات. بۆ ئەوەی بەر بەوە بگرن پیلانگێڕییان ئەنجامدا.

نەیانوێرا لە رووی جەستەییەوە رێبەر ئاپۆ لەناوببەن

ئەوەش گرنگە، رێبەرایەتی لەو قۆناغەدا ئاگربەستی راگەیاندبوو. لە ساڵی ١٩٩٨ دا رێبەرایەتی بەر لەوەی لە سوریا بچێتەدەرەوە، ئاگربەستی راگەیاندبوو. رێبەرایەتی دەیویست لە رێگەی سیاسی و دیموکراتیکەوە پرسی کورد چارەسەر بکات. لەسەر ئەو بنەمایە بۆ دانوستانی دیپلۆماتیک بانگەوازی ئاراستەی دەوڵەتی تورک کرد. هێزە هەژمونگەراکانیش ئەوەیان بە مەترسی لەسەر خۆیان دانا. کاتێک پرسی کورد بەو جۆرە چارەسەر بوایە، نەیاندەتوانی دەوڵەتی تورک بە پێی بەرژەونەدی خۆیان بەکاربهێنن. لەبەر ئەوەش دەستوەردانیان کرد و رێگرییان لە چارەسەری دیموکراتی، سیاسی کرد کە لەلایەن رێبەرایەتیەوە پێشخرابوو. پیلانگێرییەکە لە کەسایەتی رێبەرایەتیدا پیلانگێڕییە لە دژی گەلی کورد، گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژنان. رێبەر ئاپۆ ئازادی گەلی کورد، گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، ژنان وێنا و نوێنەرایەتی دەکات، هەرگۆیە لە کەسایەتی رێبەرایەتیدا گەلی کورد، گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژنان کرانە ئامانج. بێگومان رێبەر ئاپۆ بە هەڵوێستی خۆی هێرش و داوەکانی بەرامبەر بە خۆی یەک لە دوای یەک پوچەڵ کردەوە. گەلەکەمان هەر زوو درکی بە راستیەکە کرد، هەڵسایە سەرپێ و لە ٤ پارچەی کوردستان ودەرەوەی وڵات ملیۆنان کەس راپەڕین.

گەلەکەمان، دۆستەکانمان، هێزە دیموکراتیکەکان و هەموو ئەوانەی کە لە مەترسی پیلانگێڕییەکە تێگەیشتبوون بەتایبەت ژنانی کورد هەڵسانەسەرپێ. چەندین چالاکیی فیدایی ئەنجامدران، زۆرێک لە هەڤاڵان و وڵاتپارێزەکانمان ئاگریان لە خۆیان بەردەوا و بۆمبیان لە خۆیان بەست و خۆیان تەقاندەوە. پیلانەکە رووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی گەورەی گەلەکەمان، گەریلا و ژنانەوە بووەوە. ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر هێزە پیلانگێڕەکان هەبوو. بۆیە نەیانوێرا بە جەستەیی رێبەرایەتی لەناو ببەن. هەروەها رێبەرایەتی ڕێوشوێنی گرتەبەر، لەسەر بنەمای سیاسەتێکی ستراتیژی و ئەمەش پیلانگێڕییەکەی هەڵوەشاندەوە. کاتێک هێزە پیلانگێڕەکان نەیانتوانی بە شێوەیەکی جەستەیی رێبەرایەتی لەناوببەن، بە ڕێگەی گۆشەگیری درێژەیان بە پیلانگێڕییەکە دا. ئەوان دەیانویست لە ڕێگەی گۆشەگیرییەوە ڕێبەرایەتی بێکاریگەر بکەن، پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا بپچڕێنن و نەهێڵن دەنگی بگاتە گەل. ٢٦ ساڵە گۆشەگیرییەکی بەردەوام لەسەر ڕێبەرایەتی هەیە. ناوبەناو خەباتەکە بە شێوەیەکی زۆر بەرفراوان بەڕێوە دەچوو، هەموو قۆناغێک، هەموو ساڵێک هەڵمەتێک دەست پێدەکرا. بۆ نموونە هەڵمەتی 'ئیتر بەسە' کاریگەرییەکی زۆری هەبوو. بۆیە کاتێک دوژمن لە ژێر گوشارێکی زۆردا بوو، هەندێک جار گۆشەگیری سووک دەکرد. هەندێک جاریش بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئەو کارە دەکەن.

پیلانگێڕی لە رێگەی هێرشی قڕکردنەوە لە دژی کوردستان بەردەوام بوو

ماوە ماوە پارێزەرانی رێبەرایەتی دەچوون دیداریان ئەنجام دەدا، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تا نیسانی ٢٠١٥ شاندەکانی هەدەپە دەچوون بۆ دیدار. دەوڵەت لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی تاکتیکی بەکارهێنا. وەک لەپێستردا وتم، جار جار گۆشەگیری سوک کرا، بەلام بە شێوەی چڕ ماوەی ٢٦ ساڵە رێبەرایەتی لە گۆشەگیریدایە. زۆرجار پاساوەکە بریتیبوو لەوەی کەشتی تێکچووە، یاخود دۆخی کەشوهەوا لەبار نییە و بەم جۆرە رێگرییان لە دیدار دەکرد. بەم جۆرە گۆشەگیرییان درێژەپێدا. زیاتر لە پێنج ساڵە سزای دیسپلینیان وەک پاساو نیشاندا. بەڵام بە زۆری کۆنسێپتێک بەڕێوەدەبەن. ئەوەش کۆنسێپتی پیلانگێڕانە. هاوکات لەگەڵ گۆشەگیری لە دژی گەلی کوردیش سیاسەتی قڕکردن پەیڕەو دەکەن. دەیانەوێت بەم جۆرە ئیرادەی گەلی کورد بشکێنن و ناچار بە خۆبەدەستوەدانی بکەن. بەمەش دەیانەوێت پیلانگێڕیی بگەیەننە ئامانجەکانی. بۆئەوەش ٢٦ ساڵە ئیمراڵییان کردووەتە ناوەند و شەڕێکی گەورە لەوێوە بەڕێوەدەبەن.

لە باکوری کوردستان ڕۆژانە شەڕی سەربازی ڕوودەدات، ئۆپەراسیۆنی قڕکردنی کولتووری و ژینگەیی لەئارادایە. ڕۆژانە هێرش بۆ نەهێشتنی شۆڕشی ڕۆژاوا ئەنجام دەدەن. داعش و ئەلنوسرە شەڕێکی گەورەیان کرد. شەڕی کۆبانێ بەشێک بوو لەوە، داگیرکردنی عەفرینیش بەشێک بوو لەو شەڕە. کاتێک نەیانتوانی داعش چالاکانە بەکاربهێنن، ئەمجارەیان بە دەیان هەزار بەکرێگیراوی خۆیان هێرشیان کردە سەر گەلی کورد. هێرشیان کردە سەر عەفرین، سەرێکانی و گیرێ سپی. داعش هێرشی کردە سەر مەخمور و شەنگال. ماوەی ٤-٥ ساڵە هێرشی داگیرکەری لە باشووری کوردستان درێژەی هەیە. پلانی میساقی-میلییان هەیە. شەڕەکە هەرگیز نەوەستاوە. پیلانەکە بەردەوام بووە. ئەم هێرشانە درێژەی پیلانگێڕیین. هەروەها ئەو هێزە نێونەتەوەییانەی بەشدارییان لەو پیلانگێڕییەدا کردووە، هاوبەشن لەو هێرشانەدا و پشتیوانی لە دەوڵەتی تورک دەکەن.

دەوڵەتی تورک پشتیوانی و هاوکاری لە ناتۆ و ئەمریکا وەردەگرێت. لەمڕۆکەشدا ئەم هێرشانە نەوەستاون و بەردەوامن. بۆ نموونە شەڕ لە باکوور، باشوور و ڕۆژئاوا بەردەوامە. دەوڵەتی تورک لەم شەڕەدا تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات، بەڵام کەس دەنگی لێوەنایات، تەنانەت پاڵپشتیش دەکرێت. ئێستاش دەوڵەتی ئیسرائیل سیاسەتی قڕکردن و جینۆساید لە دژی گەلی فەلەستین و گەلی لوبنان بەڕێوە دەبات و دەوڵەتی تورکیا ١٠٠ ساڵە ئەم کارە دەکات. لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا ئەم شەڕە زۆر دژوارتر بووە. ئیسرائیل لەم هێرشانەدا دەوڵەتی تورکی کردووە بە نمونە بۆخۆی. یەک عەقڵیەت و یەک تێگەیشتن و یەک سیاسەتیان هەیە.

ئێوەش باستان کرد؛ رێبەر ئاپۆ، گەلی کورد، گەریلا، دۆستانی گەلی کورد هەرگیز چۆکیان بەرامبەر بە پیلانگێڕیی دانەدا و لە دژی پیلانگێڕیی تێکۆشانێکی بەردەوامیان گرتەبەر. ئێوە ئەو تێکۆشانەی لە دژی پیلانگێری بەردەوام چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئەگەر دەوڵەتی تورک لە ٢٦ ساڵە لە دژی ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد شەڕ دەکات، هۆکاری ئەوەیە کە ئەو پیلانگێڕییەی کە لە ٩ی ئۆکتۆبەری ١٩٩٨ دەستی پێکرد، نەگەیشتووەتە ئەنجام. لە ساڵی یەکەمی پیلانگێڕیەکەدا ویستیان ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی جەستەیی لەناوببەن و پەکەکە پاکتاوبکەن. بەم شێوەیە ئامانجیان ئەوەبوو کۆنسێپتی قڕکردن بگەیەننە ئەنجام. ئامانجیان ئەوەبوو لە ماوەی ٢ ساڵدا زۆرترین ئەنجام بەدەست بهێنن. چونکە بەرخۆدانێکی گەورە لە دژی پیلانگێڕییەکە هەبوو، ئامانجەکەیان نەهاتەدی. گەلەکەمان هەمیشە لە هەموو بوارێکدا لە دۆخێکی خۆڕاگریدا بوو، بۆیەس پیلانگێڕییەکە شکستی هێنا. بۆ نمونە نەیانتوانی ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی جەستەیی لەناوببەن، تا ئەمڕۆ نەیانتوانی پەکەکە پاکتاو بکەن، نەیانتوانی ئیرادەی کوردانی ئازاد بشکێنن و نەیانتوانی چۆکیان پێدابدەن.گەلەکەمان تێکۆشانێکی گەورەی پەیڕەو کرد، هەربۆیە پیلانگێری ئامانجەکانی نەپێکا. کاتێک هەڵسەنگاندن بۆ ئەو ٢٦ ساڵە دەکەین؛ بەتایبەتی بەرخودانێک کە رێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی پەرەی پێدا، کاریگەری گەورەی لەسەر گەلەکەمان و گەلانی هەڕێمەکە هەبوو.

ڕێبەر ئاپۆ لە هەلومەرجی ئەشکەنجە و گۆشەگیریدا لە ئیمراڵی، پەرەی پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیکدا. ٥ پارێزنامەی نووسیوە کە مافەکانی گەلی کورد، ژنان و مرۆڤە ستەملێکراوەکان دەپارێزن و بەرگریی لە بەها مرۆییەکان لە هەموو ڕوویەکەوە دەکەن. رێبەرایەتی لەپێناو ئازادی گەلی کورد، گەلان و ژناندا لایەنە تیۆری، فەلسەفی و ئایدۆلۆژییەکانی پارادایمەکەی پەرەپێدا. گەلی کورد، بزوتنەوەکەمان و هەڤاڵانمان پارێزنامەکانیان خوێندەوە و هەڵیانسەنگاند و ئەمەش زانستێکی گەورەی ئافراند. بۆیە پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک پیلانگێڕی نێونەتەوەیی تێکشکاند، چونکە مەبەست لەو پیلانگێڕییە هەڵگیرسانی شەڕێکی بێکۆتایی بوو لە نێوان کورد و تورک، لە نێوان گەلی کورد و گەلی عەرەب، لە نێوان گەلی کورد و گەلی فارس. بە کورتی دەیانویست هەموو خەڵکی ناوچەکە لەسەر ڕەگەزپەرستی و ئایین دوژمنایەتی یەکتر بکەن و بەشەڕبێن.

پیلانگێڕییەکە داو و تەڵەیەکی بەو جۆرەی بۆ گەلان دانابوو. پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک ئەم پیلانگێڕییەی پوچەڵکردەوە. پارادایمی نەتەوەی دێموکراتیک لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی هەموو گەلان لە سیستەمێکی یەکسان، ئازاد و دیموکراتیکدا دامەزراوە. سیستەمی نەتەوە-دەوڵەت بە شێوازی 'پەرت بکە، دابەش بکە و حکومڕانییان بکە' بەردەوامە. ڕێبەر ئاپۆ بە پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک ئەم سیستەمەی ئاشکرا کرد و لەقاویدا. گەلەکەمان لە چوارچێوەی پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیکدا تێکۆشانی کرد. لەسەر ئەو بنەمایە شۆڕشێکیان لە ناوچەکەدا سازکرد. گۆڕانکارییەکی زۆر گەورەی لە هۆشمەندیدا دروستکرد، گۆڕانکارییەکی زۆر گەورەی لە گەلدا دروستکرد. شۆڕشی ڕۆژاوا دەرئەنجام و بەرهەمی ئەمەیە. شۆڕشی ڕۆژاوا کاریگەری زۆری لەسەر گەلانی سەرتاسەری جیهان هەبوو. ئەمە زۆر گرنگە. گێژاوێک و هەژانێکی گەورەی لە سیستەمی نەتەوە-دەوڵەتدا دروست کرد. سیستەمی لاواز کرد و ژیانێکی ئازاد، دیموکراتیک و یەکسان بۆ گەلان بونیادنا.

گەلەکەمان رێگە نادات پیلانگێڕی سەربگرێت

گەلەکەمان لە چوارچێوەی ئەم تێکۆشانەدا شۆڕشێکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ساز کرد. تێکۆشانی گەلی کورد کاریگەری زۆری لەسەر گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە. بناغەیەکی زۆر بەهێزی بۆ دیموکراتیزەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بونیاتناوە. لەو چوارچێوەیەشدا بەرخۆدان بەردەوامە، هێرشیش لە دژی ئەوە بەردەوامە. بەهۆی ئەوەی بەرخودان لەدژی خۆیان وەک هەڕەشەیەک دەبینن. هەر بۆیەش درێژە بە گۆشەگیری دەدەن. بەو پێیەی پلانی پیلانگێڕان ناگات ئەنجام، رێبەرایەتی هەموو پلانەکانیان ئاشکراکرد. گەلەکەمان بە خۆڕاگری خۆی هەموو ئەمانەی پوچەڵ کردەوە. بۆیە هێزە پیلانگێڕەکان هەرچییەکیشیان کردبێت، پیلانگێڕی بەئاکام نەگەیشت. لە هەموو قۆناغێکدا پیلانگێڕی شکستی هێنا. لەمرۆدا پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک، سیستەمی کۆنفیدراڵی دیموکراتیک بۆتە ئەڵترناتیڤێکی ژیانی ئازاد بۆ گەلی کورد، گەلانی ناوچەکە و هەموو گەلان.

لە ئەنجامی تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ، گەلەکەمان و دۆستەکانمان بۆ ماوەی ٢٦ ساڵ لە دژی دەوڵەتی تورک، دەمامکی هێزەکانی مۆدێرنیتە سەرمایەداری لادرا، ڕووخساری ڕاستەقینەیان دەرکەوت. بەهۆی ئەمەوە شێت و هار بوون  و قین و توڕەییەکی گەورەیان هەیە. بەم توڕەییەوە هێرش دەکەنە سەر ڕێبەرایەتی و گۆشەگیری ڕەها جێبەجێ دەکەن. دوژمنایەتی رێبەرایەتی، کوردانی ئازاد و بزووتنەوەکەمان و کوردستان دەکەن. هەر بۆیەش هێزە پیلانگێڕەکان پشتیوانی دەوڵەتی تورک دەکەن. بەڵام بەرخۆدان لە دژی بەردەوامە. هەرچییەک بکەن، ئاکامێکیان دەست ناکەوێت. بۆ ماوەی ٢٦ ساڵ گەلەکەمان، دۆستەکانمان و ژنان بەرەنگاری بوونەوە و پیلانگێڕیەکەیان تێکشکاند و نەیانهێشت ئەم پیلانە بگاتە ئامانجەکەی. کاریگەری ڕێبەر ئاپۆ لە سەر گەلان ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زۆرترە.

ڕێبەر ئاپۆ ئێستا لەم دۆخەدا بووەتە رێبەری گەلان و کاریگەرییەکەی بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە. بزووتنەوەی ئازادی بە هەموو هێزی خۆیەوە لەسەر پێیە و بە گیان و خوێن تێدەکۆشێت، گەلەکەمان لەسەر پێیە و تێکۆشان دەکات. هێزە پیلانگێڕەکان دۆڕاندیان، هێزی ئازادی، گەلانی خۆڕاگر سەرکەوتن. سەرباری درێژەدان بە پیلانگێڕی، ئەمڕۆ بەرخۆدان بەردەوامە، بەرخۆدانی ڕێبەرایەتی بەردەوامە. لە ئەنجامدا ئەم پیلانە پووچەل بووەوە. چەندە بیانەوێت سەرکوتکاری و بیشارنەوە بکەن، ناتوانن. پیلانگێڕیەکە تا ئێستا بەئەنجام نەگەیشتووە و لە داهاتووشدا ناگاتە ئەنجام. گەل و گەلانمان ناهێڵن پیلانگێڕییەکە سەربکەوێت.

هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی کورد ساڵێکی پڕکردەوە، لەماوەی ئەو ساڵەدا کاریگەری و دەستکەوتەکانی هەڵمەتەکە کامانە بوون؟

ئەوە هەڵمەتێکی زۆر گرنگ بوو. هەڵمەتەکە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دا دەستیپێکرد. لەماوەی ساڵێکدا بەرخودانی زۆر گەورە گیرایەبەر. ئەو بەرخودانە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە پەیڕەوکرا و ئەنجامی گرنگی لێکەوتەوە. ئەو هەڵمەتە بە پێشەنگایەتی دۆستانمان سازکرا. لەبەر ئەوەش کاریگەری بەهێزی لەسەرتاسەری جیهان دروستکرد.

. پارێزنامەکانی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو جیهان خوێندرایەوە، ئەمە بۆ تێگەیشتن و ناسینی راستی، پارادایم و ئەندێشەکانی ڕێبەر ئاپۆ زۆر گرنگ بوو. داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ کرا و خاوەنداری بەهێز هاتەکایەوە ڕوویدا. زۆر کۆنفرانس بەڕێوەچوون، ئەکادیمیسیان، هونەرمەندان و ڕۆشنبیران باسیان لە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ کرد و وتاریان نووسی. ئەم چالاکییانە زۆر کاریگەر بوون. ئەم چالاکییانە زۆر گرنگن. بۆ نمونە کۆنسێرت هەبوو، هونەرمەندان پشتگیری ئەم هەڵمەتەیان دەکرد، دەنگیان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەرزکردەوە و بە ئاشکرا داخوازی خۆیان دەربڕی. ٦٩ خاوەن خەڵاتی نۆبڵ نامەیان بۆ کاربەدەستان نووسی و دەنگیان بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ هەڵبری.

دیسان زیاتر لە ١٥٠٠ پارێزەر لەپێناو ڕێبەر ئاپۆ نامەیان نووسی، لێدوانیان دا و بانگەوازیان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد. سی پی تی ناچار بوو زۆر جار لێدوان بدات، لەم دواییانەدا دامەزراوەکانی ئەنجومەنی ئەوروپا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان کرد و زۆر جاریش لێدوانیاندا. هۆکاری هەموو ئەمانەش ئەو بەرخۆدان و تێکۆشانەیە کە گیراوەتەبەر. ئەوەش هەڵمەتی ئازادیی رێبەر ئاپۆی بە جیهانی کرد. ئەمە زۆر گرنگ بوو. دەتوانین بڵێین ئەو هەڵمەتەی کە بە داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکرد، سنوورەکانی کوردستانی تێپەڕاند و خاوەنداری و پاڵپشتییەکی گەورەی لە هەموو جیهاندا هێنایە ئاراوە. سەندیکاکانی بەریتانیا و سکۆتلەندا کە هەزاران ئەندامیان هەیە، بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ راگەیەندراویاندا. لە ٤ پارچەی کوردستان بە تایبەتی لە باکوور و ڕۆژاوا و دەرەوەی وڵات گەلەکەمان بێ پسانەوە لەسەرپێ بوو.

گەلەکەمان تێکۆشانێکی زۆر کاریگەریشی بەرێوەبرد. چەندین ساڵ بەم شێوەیە بووە، بەڵام بە تایبەت لەم ١ ساڵەی دواییدا تێکۆشان هێندەی تر گەورەتر بووە. تێکۆشانی کۆمەڵایەتی، تێکۆشانی یاسایی، تێکۆشانی ئایدیۆلۆژی، بڵاوبوونەوەی پارادایم، تێکۆشانی سیاسی و دیپلۆماسی ئەنجامێکی بەهێزی لێکەوتەوە. ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر گەیشتووەتە بنبەست. ئەم هەڵمەتە پیلانگێڕانیشی تووشی کێشە کرد، ناچار بوون یەک لەسەر یەک لێدوان بدەن. بۆیە هەڵمەتەکە زۆر سەرکەوتوو بوو، زۆر گرنگ بوو و ئەو ئەنجامانەی کە دەیھێنێتە ئاراوە زۆر گرنگن. ئەمڕۆ پێویستە لەسەر بنەمای ئەم ئەنجامانە مامەڵە بکەین و ئەوەی چۆن دەتوانین ئەم هەنگاوە سەرکەوتووتر بکەین. دەرفەت و هەلومەرج بۆ سەرکەوتنی هەنگاوەکە لە هەموو ڕوویەکەوە لەبارە.

نوێدەکرێتەوە..