بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەشداری لە بەرنامەی تایبەتی تەلەفزیۆنی میدیا خەبەر دا کرد.
هۆزات سەرەتا سڵاوی لە بەرخۆدانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمراڵی کرد و وتی: "ماوەی ٢٤ ساڵە بەرخۆدانێکی گەورە و شکۆمەند لە ئارادایە. شەڕێکی چەندلایەنە لە دژی ڕێبەر ئاپۆ بەرێوەدەبرێت. ئیمراڵی سیستمی ئەشکەنجەیە، نەک گۆشەگیریی ئەم ٥-٦ ساڵەى ئەمدواییە، بەڵکو ماوەی ٢٤ ساڵە گۆشەگیری و گوشار و ئەشکەنجەی سەخت لە ئیمراڵیدا هەیە. کۆمیتەى پێشگرتن لە ئەشکەنجەی ئەنجوومەنی ئەوروپا (سی پی تی)، یەکێتیی ئەوروپا و ئەنجومەنی ئەوروپا و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاش بەشدارن لەو ئەشکەنجە و گۆشەگیرییەدا. هەر لەسەرەتاوە سیاسەتی دووڕووییان پەیڕەو کرد. ئەوان ئاگاداری هەموو ئەو شتانەن، کە لە ئیمراڵی ڕوودەدەن. ئەوان خۆیان بەرپرسن لە ئیمراڵی. ئیمراڵی سیستمێکی نێونەتەوەییە. ئەوانەی ئەو سیستەمەیان دروستکردووە ئەمریکا، ئینگلتەرا، ئەڵمانیان. بەگشتی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرپرسن لەو سیستمە. ڕێبەرەکەمان لەلایەن ئەمریکا و ئینگلتەرا و موسادەوە ڕفێنرا و ڕادەستی تورکیا کرا. تورکیا ڕۆڵی پاسەوانی پێدرا. تورکیا لە ئیمراڵی سیستمی گۆشەگیریی پەیڕەو دەکات. لە کەسایەتی ئیمراڵیدا کۆمەڵگەی کورد، کۆمەڵگای تورکی خستووەتە ژێر سیستەمی ستەم و گوشار و ئەشکەنجەوە.
ئەوەی لە ئیمراڵی دەکرێت فاشیزمە و ئەوەیان بە سەرتاسەری کوردستان، تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوکردووەتەوە. هەموو هێزە نێونەتەوەیەکان دەزانن لەئیمراڵی چی ڕوودەدات. چەند ڕۆژێک پێش ئێستا سی پی تی سەردانی ئیمراڵی کرد و ڕایگەیاندبوو، دوای ٦ مانگ ڕاپۆرتەکەیان بڵاو دەکەنەوە، بۆچی دوای ٦ مانگ بلاوی دەکەنەوە؟ دوای ٦ مانگ داوا لەتورکیا دەکات و ٦ مانگی تریش کات بە تورکیا دەدات تاوەکو وەڵامی ڕاپۆرتەکە بداتەوە، واتە ئەم پرۆسەیە ساڵێک دەخایەنێت. لەو رێگەیەوە درێژە بە گۆشەگیری و ئەشکەنجە دەدرێت و ماوەکەى درێژ دەکرێتەوە. ئەوان هەر خۆیان سزاکانی دیسیپلین دەسەپێنن، کە ماوەی ٢ ساڵە بە بەردەوامی ئەو سزایە دەسەپێنن بەو پاساوە ڕێگە نادرێت پارێزەران و بنەماڵەکان بچنە ئیمراڵی. سزای دیسیپلین سیاسەتێکی ئەنقەست و پلانە بۆ رێگریکردن لە جێبەجێکردنی یاسا و مافە نێونەتەوەییەکان و ئەمەش بەڕەزامەندی و زانیاری هێزەنێونەتەوەییەکان دەکرێت، بۆیە ئەوە سیاسەتێکی نێونەتەوەییە.
گەلەکەمان ساڵەهای ساڵە لە دژی ئەوە چالاکی و خۆپیشاندانی بە هێز ئەنجام دەدەن و ناڕەزایی دەردەبڕن. ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بووەتە بەرنامە و ڕۆژەڤی هەموو گەلانی جیهان. بووە بە داواکارییەکی زۆر گەورە. پێویستە بە بەهێزی بەردەوام بێت. ئەگەر ئێمە گوشارێکی بەهێز و قورس لە سەر هێزە نێونەتەوەیەکان دروست نەکەین، دۆستان و ڕای گشتیی دیموکراتیک و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەموویان پێکەوە بەشدار نەبن، ئەگەر ئێمە ناڕەزاییەکی جدی دروست نەکەین، ئەوا ئەم سیاسەتە دووڕووییە بەردەوام دەبێت. ئەم سیاسەتە دووڕووییەی ڕۆژئاواش پەسندکردنی سیاسەتی جینۆسایدی کوردە و تورکیا پشت بەو سیاسەتە دەبەستێت و ئەو سیاسەتە، کە لە ئیمراڵی بەڕێوەی دەبات هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ سیاسەت و شەڕی پاکتاوکردن و سڕینەوەی گەلی کورددا نییە. ئەو سیاسەتە، کە لە ئیمراڵی بەڕێوەی دەبەن بە سەرانسەری کوردستان و لە ناو کۆمەڵگەدا سەپاندویانە. ڕێبەر ئاپۆ ڕێبەری گەلێکە و لەلایەن ملیۆنەها کەسەوە بە ئیرادەی خۆیان قبوڵ کراوە. نەک تەنها کوردان، بەڵکو کۆمەڵگەی دیموکراتیکی تورکیا و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژنان رێبەر ئاپۆ بە رێبەری خۆیان قبوڵ دەکەن.
'ڕێبەر ئاپۆ بە ناوی بەها مرۆڤایەتییەکانەوە دیلکراوە!'
ئێمە دەبێت تێکۆشانێکی بەهێز لە دژی گۆشەگیریی بەرپا بکەین. ڕێپێوانەکەی گەملیک گرینگ بوو. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا پارێزەران لێدوانیان دا و داوای چاوپێکەوتناین کرد، هەموو ئەمانە گرنگن، دەبێت هێشتا ئەوانە بە بەهێزی ئەنجام بدرێن. کۆنسێرتێکی گرنگیش لە ئیتالیاش ساز کرا. دەبێت هەموو کەسێک پشتیوانی لە ڕێبەر ئاپۆ بکات، چونکە ڕێبەر ئاپۆ بە ناوی بەها مرۆڤایەتییەکانەوە دیلکراوە! تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ گەلان هۆشیار و زانا دەکات، دەیانکات بە خاوەنی ئیرادە، چاوی مرۆڤایەتی دەکاتەوە، بۆیە ترسی ئەوەیان هەیە، کە بیر و ڕامان، وتەکانی ڕێبەرایەتی بێتە دەرەوە و بگاتە کۆمەڵگا. ئەوان دەزانن، کە هەر وتەیەکی لە نێو کۆمەڵگادا دەبێتە هۆی ڕووناککردنەوە و ڕۆشنبیری، هۆشیاری، ژیانەوە و بەرخودان. ئەمەش دەسەڵات دەهەژێنێت، سیستەم دەهەژێنێت، مۆدێرنیتە لەبەر یەک بڵاو دەکاتەوە، بۆیە هەموویان پێکەوە کۆ بوونەوە و دەستیان دایە دەستی یەک ئەو سیستەمەی گوشار و ئەشکەنجەیە لە ئیمراڵی بەڕێوەدەبەن.
بۆیە گرنگە تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ بەرفراوانتر بکرێت. ئەنجومەنی ئەوروپاش شانۆگەری دەکات. بۆ مافی ئومێد و دەستپێشخەرییان داوەتە دەستی تورکیا. پێیان ووت: "دوای ٢٤-٢٥ ساڵ ئێوە سەیری دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان بکەن، ئەگەر بارودۆخێکی باش هەبێت، لەوانەیە کار بۆ یاسای مافی ئومێد بکرێت، ئەگەریش نەبێ ئەوا ناکرێت یاسای مافی ئومێد جێبەجێ بکرێت". بۆیە تورکیا زیاتر لە دوو ساڵە بە ئەنقەست یەک لەسەر یەک سزای دیسیپلین دەسەپێنێت. دەیانەوێت ئەوە نیشان بدەن، کە بارودۆخیان خراپە. بۆ ئەوەی مافی ئومێد بۆ ڕێبەرایەتی جێبەجێ نەکرێت، هەوڵیان ئەوەیە زەمینەیەکی شەرعی و ڕەوا بەو سزا دیسپلینییانە دروست بکەن. سیاسەتێکی پیسی لەو جۆرە بەڕێوەدەبەن.
هەروەک چۆن گەلەکەمان تا ئێستا ئەم چەمکەیان پووچکردووەتەوە، لە ئێستا بەدواوەش دەتوانین بە تێکۆشانی خۆیان پووچی بکەنەوە و ئازادیی جەستەیی ڕێبەرایەتی مسۆگەر بکەین و پلانی جینۆسایدکردنی کوردان بەتەواوی پووچ و بێکاریگەر بکەین. ئەمە بە تێکۆشان دەکرێت، بە چاوەڕوانیکردن ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر نابێت، پلانی قڕکردنی کوردان لەناو ناچێت. هەموو ئەمانە تەنها بە تێکۆشان پوچەڵ دەکرێنەوە، بۆیە پێویستە تێکۆشانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە باکور و تورکیا و چوارپارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات بەهێزتر بکرێت".
'ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانیش تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن'
بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە بەردەوامی وتەکانیدا باسی لە شەڕی ٦ مانگی ڕابردوو لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا کرد و بەمشێوەیەی هەڵسەنگاندنی بۆ کرد.
بەسێ هۆزات وتیشی: "تێکۆشانێکی بێوێنە هەیە، کە ٦ مانگی تێپەڕاندووە. شەڕێکی زۆر قورس هەیە. دەوڵەتی فاشیستی تورک یاسا نێونەتەوەیەکانی قبوڵ نییە و کاریان پێ ناکات. دەوڵەتی تورک بەشێکە لە ئەنجومەنی ئەوروپا، ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە. چەندین رێککەوتننامەی نێونەتەوەیی ئیمزاکردووە. لە هەموو ئەو ڕێککەوتنانەدا بەکارهێنانی چەکی کیمیایی قەدەغەیە، بەڵام دەوڵەتی تورک هەرچەندە ئەو ڕێککەوتننامانەشی واژۆکردووە، بەڵام هەموو کارێکی دژ بە یاسا نێونەتەوەییەکان ئەنجام دەدات، نە ئەنجومەنی ئەوروپا دەنگ دەکات و نە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش، کە گوایە خۆی بە هاواری دێموکراسی پێناسە دەکات بەرامبەر ئەوە بێدەنگە. دەوڵەتی تورک شەڕێکی بەشێوەیە بەدەر لە هەموو یاسا و مافەکان، لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات، ئەوانە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین، بەڵام کەس دەنگ ناکات. ئەو هەڵوێستە دووڕووییانە، هەڵوێستی ئەو هێزانە کە پشتبەستووە بە بنەمای بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسی، شەرمەزار دەکەم.
لەبەر چاوی جیهان ڕۆڵەکانئ کورد بە گازی کیمیایی شەهید دەبن و کەس هەڵوێستی نییە. ئامار، بەڵگە ، وێنە ، بەڵگەنامە زۆر دەربارەی جۆری غازەکانەوە هەیە. هەروەها پێشێلکاریەکان پێشکەش بە رێکخراوی نێودەوڵەتی رێگریکردن لە چەکی کیمایی کرا؛ گوایە ئەمە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە کە دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەجەنگێت.هیچ هەڵوێستێک نیشان نادەن. هەمووان تەماشای کۆمەڵکوژی کورد دەکەن، بێدەنگ دەبن، بەشداری تێدا دەکەن. خۆی تاوان لەدژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات. بۆیە دەبێت گەلەکەمان قیامەت هەستێنێت. هەروەها ڕەخنە لە هەڵوێستی گەل دەگرم. ئەم گەنجانە کە بە گازی کیمیایی و ئەتۆمی تاکتیکی و چەکی قەدەغەکراو شەهید دەبن، ڕۆڵەی ئەم گەلەن. بەنرخترین ڕۆڵەی ئەم گەلەن. چونکە هەڵبژێردەن و بەشداریان لەم خەباتەدا کردووە. ئەگەر ژیانێکی ئاسایییان هەڵبژاردایە، لە هەلومەرجێکی وا سەختدا بەشداریان لەم خەباتەدا نەدەکرد. ڕۆڵەکانی ئەم گەلە بۆ ئازادی گەل خەبات دەکەن ، بۆ قەوارەی سیاسی، بۆ کوردستانێکی ئازاد، بۆ ژیانێکی پێکەوەیی گەلان لەسەر بنەمای ئازادی و دیموکراسی خەبات دەکەن. گیانی خۆیان دەکەنە قوربانی. ناڕەزایی کۆمەڵگا جددی نییە. وەک ئەوە وایە هەمووان سەیری بکەن. گەل دەڵێت 'گەریلا و دەوڵەتی تورک شەڕ دەکەن، گەریلا لەم شەڕەدا سەردەکەوێت، با چاوەڕێ بین ئەنجامەکەی دەبینین. بەپێی ئەم ئەنجامە بە ئاسوودەیی دەژین'. وا نییە. ئەم دۆخە دۆخێکی شەرمەزارییە. بێگومان من ناڵێم گەلەکەمان شەڕ ناکات، بەرەنگاری ناکات، باج نادات. ئەگەر بەم شێوەیە بگوترێ نادادپەروەرییەکی گەورە دەبێت. ئەم خەباتە تەنیا بە خەباتی گەریلا نەگەیشتە ئەم ئاستە. بە خۆڕاگری گەورەی گەل، بە خەباتی گەل، بە باجی قورس گەیشتووەتە ئەم ئاستە. شەهید بوونی ڕۆڵەکانی ئەم گەلە، بەشداریی دەیان هەزاریان لەم خەباتەدا، دەرئەنجامی خەباتی ئەم گەلەیە. ئەم کەسانە لەلایەن ئەم گەلەوە پەروەردە دەکرێن. لە نێو کورددا نەریتێکی گەورەی نیشتمانپەروەری هەیە، نەریتێکی لەم جۆرە هەیە. گەلی کورد ساڵانێکە خەبات دەکات، بەڵام ئاستی خەباتی ئێستا جیاوازە. ئاستی ئێستای خەبات لە بەرزترین ئاستدایە. ئێستا کێشەی کورد لەدوا قۆناغی خۆیدایە.
'توڕەیی کۆمەڵگا بۆ بەرخۆدان گۆڕاوە'
ئەم پرسە لەسەر بنەمای دیموکراسی چارەسەر دەبێت، یان چارەسەر دەبێت. ئەم گەلە لە سەدەی بیست و یەکدا دەبێتە خاوەنی پێگەی سیاسی خۆی. دۆخی پێچەوانە بە واتای سیاسەتی قڕکردن دێت کە سەدان ساڵە بنیات نراوە. هیچ شتێک نامێنێ بە ناوی کورد. کورد لەناودەبەن و ئەوانەشی کە دەمێنن مەحکومی ژیانێکی ئاژەڵیان دەکەن. مەترسی لێرەدایە. دەوڵەتی تورک دەڵێ لە سەدەی بیست و یەکدا، لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا ئەم کارە تەواو دەکەین. سۆیلوی نامەرد هەموو ڕۆژێک هەڵدەستێت؛ دەڵێت ئەمە سیاسەتێکی دەوڵەتی تورکە. لە یادی ١٠٠ ساڵەی لۆزان و كۆماردا دەیانەوێت پەكەكە لەناوببەن و گەلی كورد قڕبكەن و سیستەمی نەتەوەیی فاشیستی تورك دابڕێژنەوە. لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ئەمە ڕادەگەیەنن، بۆیە گرنگە. بەڵام لە بەرامبەر ئەمەدا هیچ بەرخۆدانێکی کۆمەڵایەتی لە ئارادا نییە. بەرخۆدانی گشتگیر ئەنجام نادرێت.
لە ڕۆژئاوا بە بەردەوامی گەل لەسەرپێیە، لە ئەوروپا گەلەکەمان لەسەر پێیە، لە باکوور تا ڕادەیەکی دیاریکراو بەرخۆدان هەیە، بە هەمان شێوە لە ڕۆژهەڵات. لە باشوور خەڵک زۆر تووڕەن لە سیاسەتی قڕکردن، بەڵام ئەمە ناگۆڕێت بۆ بەرخۆدانی کۆمەڵایەتی. ئەگەر بگۆڕێت بۆ بەرخۆدانی کۆمەڵایەتی، فشارێکی زۆر دەخاتە سەر ئەو وڵاتانەی جیهان کە ئەم سیاسەتە قڕکردنە پەسەند دەکەن، دەوڵەتی تورک زیاتر تەشهیر دەبێت، ئاکەپە – مەهەپە لە دەسەڵات دەکەون. خۆی لە قۆناغی لەناوچووندایە. بە هێزی ڕەگەزپەرستی-نەتەوەپەرستی، خۆی لەسەر پێی دەهێڵێتەوە. بەرخۆدانی گەریلا لە بەرامبەر ئەمە جێگای شانازییە، بێ کەموکوڕییە، قسەی لەسەر ناکرێت. دەژمن دە هەزار جار گەریلای بە تانک و فڕۆکە بۆردومان کرد، چ هێزێک دەتوانێت بەرامبەر ئەمە بوەستێتەوە؟ ئەگەر هێرشێکی وا بەرفراوان بکرایە سەر دەوڵەتێک، تەمەنی ئەو دەوڵەتە هەفتەیەک دەبوو، ئەو دەوڵەتە نەدەما. سەیرکەن؛ داعش هێرشی کرد، عێراق هەڵوەشایەوە، سوریا هەڵوەشایەوە، کەوتنە چ دۆخێکەوە. دەوڵەتی تورک هەموو جۆرە تەکنیکێکی ناتۆ بەکاردەهێنێت، بە هەموو شێوەیەک چەکی قەدەغەکراو بەکاردەهێنێت؛ سەرەڕای ئەمەش زیاتر لە ٦ مانگە گەریلاکانی ئازادی بەرخۆدانێکی زۆر گەورە بەڕێوە دەبەن. پێویستە گەل لە تەمەن ٧ بۆ ٧٠ ساڵ لە دژی ئەم دڕندەییە بوەستنەوە.
'پەدەکە رێگە نادات تاوانە جەنگیەکان ئاشکرا بکرێن'
لایەنێکی دیکەی ئەم هێرشانە هێڵی هاوکاری-خیانەتە. ئەگەر هێڵی هاوکاری-خیانەت پاساو بۆ ئەم هێرشە قڕکردنەی دەوڵەتی تورک نەهێنابایە، ئەگەر سیاسەت و پراکتیکێکی لەو شێوەیەی پەیڕەو نەکردبایە، دەوڵەتی تورک نەیدەوێرا بەم شێوەیە هێرش بکات. نەیاندەتوانی لەدژی گەریلا چەکی کیمیایی و چەکی ئەتۆمی تاکتیکی و بۆمبی گەرمی بەکاربهێنن. هێڵی هاوکاری-خیانەت بە هەر شێوەیەک دەرفەت بۆ ئەمە دەڕەخسێنێت. لەڕووی سیاسیشەوە پاساو بۆ لێدوان و وتارەکانیان دەهێننەوە. دەڵێن 'کێشەی دەوڵەتی تورک، کێشەی ئاکەپە-مەهەپە لەگەڵ کورد نییە، لەگەڵ پەکەکە'. ئەم پرسیارە دەبێ لە نێو کورددا بکرێت؛ ئایا پەکەکە كێیە؟ پەکەکە ڕۆڵەی ئەم گەلەیە، لە پێناو ئازادیی ئەم گەلە، بۆ پێگەی سیاسی، بۆ ئازادیی کوردستان، گیانی خۆی دەبەخشێت، بۆ مرۆڤایەتی تێدەکۆشێت.
پەدەکە ئێوە چی دەکەن؟ ئێوە هاوکاری تورک دەکەن، خیانەت دەکەن، بەهاکانی ئەم گەلە دەخەنە بەردەم دەوڵەتی فاشیستی ڕەگەزپەرستی تورک. پێشکەشی ئاکەپە-مەهەپەی دەکەن. دەبنە هۆکاری قڕکردنی بژاردەترین ڕۆڵەی کورد. ئەم کۆمەڵکوژییە لە جیهاندا بە ڕەوا پیشان دەدات. ئەگەر هێزە نێودەوڵەتییەکان لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا ئەوەندە بێدەنگ بن، هۆکارەکەی هەڵوێستی پەدەکەئە. هەڵوێستی پەدەکە دەبێتە پاساو بۆ ئەم هێرشانە. لە گۆڕەپانەکەدا پێکەوە کار دەکەن. ڕێگاوبان و بنکە و لۆجستیک و تەقەمەنی و پێداویستی و سەرباز بۆ دەوڵەتی تورک دروست دەکات و بریندارەکانیان چارەسەر دەکات و جلوبەرگیان پێدەدات. بەم شێوەیە دەوڵەتی تورک دەگاتە ئەو شوێنانەی کە ناتوانێت پێی بگات. پەدەکە هەستیاری ئەوەی 'شەڕێ ناوخۆیی روونەدات' بە خراپی بەکاردەهێنێت. پەدەکە ئەم هەستیارییەی بزووتنەوەکەمان بەخراپی بەکاردەهێنێت و بەهەموو شێوەیەک کاری قێزەون دەکات. بۆیە هەڵوێستی پەدەکە لە پێگەی هاوکارییدایە لە هێرشەکانی قڕکردندا. لەم پرسەدا پێویستە ناڕەزایەتییەکی توند لە ڕای گشتی کوردستاندا دروست ببێت. ناڕەزایی هەیە، بەڵام لاوازە.
وتیان، ' لە ژمارەیەک دەمامکمان دەست کەوتووە'. با بڵێین دەمامکەکە بۆ گەریلا دەچوو، بۆچی دەستی بەسەردا دەگریت؟ بۆ نموونە ئەگەر ئەو دەمامکە لە دەستی گەریلادا بووایە، ڕەنگە ئەوەندە شەهید نەبوایە. شاندەکان دەیانەوێت بچنە ئەو ناوچانەی کە چەکی قەدەغەکراویان تێدا بەکارهاتووە، بەڵام رێگە بە شاندەکە نادرێت. شاندێک هات و ناڕەزایەتییەکی جددی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، بەڵام رێگەیان نەدا. شاندەکە ناچار بوو لە ئامێدیەوە گەڕایەوە بۆ سلێمانی. لە دەستی ئەوانیشدا بەڵگەی زۆر هەیە. پەدەکە رێگە نادات ئاشکرا ببێت. کێ دەزانێت لە بواری دیپلۆماسیدا چی دەکەن و چی دەڵێن. دیپلۆماسییەکی زۆر چالاک بەڕێوەدەبات”.
لەبارەی بەرژەوەندییەکانی پەدەکە لەم بابەتەدا بەسێ هۆزات ئەم هەڵسەنگاندنەی کرد: "بەم شێوەیە گیرفانی خۆی زیاتر پڕدەکاتە. پەدەکە، بنەماڵەی بارزانی بەم شێوەیە پشت بە تورکیا دەبەستن و دەسەڵاتی بنەماڵەکەیان لەسەرپێ دەهێڵنەوە، پارەکانیان زیاد دەکات و سەرمایەی زیاتر بەدەست دەهێنن. ئێمە پێشتر وتمان کە وەبەرهێنانێکی زۆریان لە وڵاتانی کەنداو، ئەمریکا و تورکیا کردووە، بەم شێوەیە بەهاکانی کوردستان پێشکەش دەکەن. بەمەش دەسەڵاتی بنەماڵەکەیان و سەرمایەیان زیاد دەکەن. هەوڵدەدەن لەسەر پێ بمێننەوە. باشوری کوردستانیان کردووە بە ویلایەتێکی تورکیا و ئەویش بووەتە پارێزگارەکەی.
ژ.ت / ف.ق