" پێویستە لە پەروەردەی خێزانەوە توندوتیژی دژی ژن بنبڕ بکەین"
چالاکوانی بواری ژنان دەڵێن: "پێویستە بە فشاری سەرجەم لایەنەکان و ڕێکخراوەکان چاکسازی لە یاساکانی عێراق بکرێت بۆ پاراستنی ژن لە توندوتیژی".
چالاکوانی بواری ژنان دەڵێن: "پێویستە بە فشاری سەرجەم لایەنەکان و ڕێکخراوەکان چاکسازی لە یاساکانی عێراق بکرێت بۆ پاراستنی ژن لە توندوتیژی".
سەبارەت بە دۆخی ژنان، توندوتیژی دژی ژن و ئەو بەربەرست و ڕێگریانەی لەبەردەم ڕێکخراو و چالاکوانانی بواری ژنان هەیە کە وادەکات نەتوانن ژنان بپارێزن و هاوکارییان بکەن، ژمارەیەک لە چالاکوانانی ئەو بوارە لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) دوان.
" ژنان ناچار دەکرێن پەنا بۆ خۆکوشتن ببەن"
بێخاڵ فەوزی ژنە چالاکوانی شاری کەرکوک و ئەندامی دەستەی باڵای ژنانی زەحمەتکێشانی کوردستان سەبارەت بەدۆخی ژنان، وتی: "توندوتیژی دژی ژنان لەسەرتاسەری جیهان بەردەوامە، بەڵام لەم وڵاتەدا زیاترە بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگاکە کۆمەڵگایەکی ئاینییە و عەقڵیەتی پیاوسالاری بەسەریدا زاڵە، توندوتیژی تەنها جەستەیی نیە بەڵکو ڕێگری کردن لەچوونەدەرەوە لە ماڵەوە و کەمکردنەوەی ئازادییەکانیش بۆخۆی جۆرێکە لە توندوتیژی دژیان، رۆژانە لەم شاری کەرکوکە دەبیستین کە ژنان لەلایەن باوک و براو دەکوژرێن و ئازار دەدرێن، چونکە عەقڵیەتی پیاوسالاری بەسەر کۆمەڵگا زاڵە کاتێک پیاو توندوتیژی بەرامبە هاوژینەکەی دەکات، بنەماڵەکان خاوەنداری لە کچەکانیان ناکەن بۆیە ژنان ناچار دەبن پەنا بۆ خۆکوشتن بەرن".
"دەسەڵات ڕێگرە لە پاراستنی ژنان"
هەروەها بێخاڵ فەوزی ووتیشی: "ئێمە وەکو ڕێکخراوەکانی ژنان لە شاری کەرکوک هەوڵماندا شەڵتەر "پەناگە"ی ژنان بکەینەوە بۆ پاراستنی ژنان لە کوشتن، کە بینای شەڵتەرەکە تەواوبووە بەڵام چەندین ساڵە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ڕێگەنەدراوە بکرێتەوە، بەردەوام کۆڕ و سیمینار دەکەین بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا بەگشتی نەک تەنها ژنان، چونکە ئێمەی ژنان دەزانین ئازارەکانمان چیە، پێویستە ڕەگەزی بەرامبەریش بەشداری سیمینار و کۆڕەکانی هۆشیاری کردنەوە بن تاوەکو تێبگەن ژنان هین ئەوەنین بەزەییان پێبێتەوە بەڵکو دەبێت ڕێز لە ژنان بگرن".
"ژنی کورد قارەمانە بەدرێژایی مێژوو جەنگاون و خەباتیان کردووە"
لە کۆتایی قسەکانیدا بێخاڵ فەوزی چالاکوانی بواری ژنان، پەیامێکی ئاڕاستەی ژنان کرد، وتی: "ژنی کورد ژنی قارەمانن بەدرێژایی مێژوو ژنی کورد خەباتی کردووە و جەنگاوە و لە هیچ سڵ ناکاتەوە، بەڵام ئایا باوک و براکانمان دان بەو ڕاستیە دەنێن، بەحوکمی ئەوەی ئاین زاڵە بەسەر کۆمەلگاکەمان گرنگە پیاوانی ئاینی لە وتارەکانیان باس لەبوون و گەورەیی ژن بکەن".
"بەداخەوە ئەو ژنانەی لەناوەندەکانی بڕیارن کار بۆ ژنان ناکەن"
ئەسمەر لەتیف، ژنە چالاکوانی شاری کەرکوک و بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتی ژنانی کوردستان لە شارەکە، باسی لە هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان کرد و ڕایگەیاند: "توندوتیژیەکان بەرامبەر ژنان زۆرە و بەردەوامە لە هەڵکشان، تاکی کۆمەڵگا زۆر بەئاسانی لە بازاڕەکان ئەتوانێت چەکی دەست بکەوێت و لە کردەوە توندوتیژییەکانی کۆمەڵگا بەکاری دەهێنێن، توندوتیژی تەنها جەستەیی نیە، بەڵکو لەڕیگەی قسەی ناشرین و کەم کردنەوەی ئازادییەکانیش ڕوودەدات، ئێمەش وەکو چالاکوان و ڕێکخراوەکانی بواری ژنان هەوڵدەدەین توندوتیژی دژی ژنان نەهێڵین، بەڵام بەداخەوە ئەو ژنانەی لەناوەندەکانی بڕیارن کار بۆ ژنان ناکەن، لە پەرلەمان و دادگاکان ژنان هەن بەڵام کار بۆ ژنان ناکەن، هەروەها لە ناوەندەکانی پۆلیس ژنانی پۆلیس نیە ئەمەش کێشەی بۆ ئەو ژنانەی تووشی توندوتیژی دەبن ناتوانن باسی ئەو توندوتیژیانە بکەن کە بەرامبەریان کراوە".
"پێویستە لە پەروەردەی خێزانەوە جیاوازی نێوان کوڕ و کچ نەهێڵین"
هەروەها ئەسمەر لەتیف ژنە چالاکوان، پەیامێکی ئاڕاستەی خێزانەکان کرد، وتی: "بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ژنان پێویستە سەرەتا لە پەروەردەی ناو خێزانەکانەوە دەستپێبکەین، پێویستە لەسەر دایک و باوک، کچان و کوڕانی ناو خێزانەکەیان بەیەک چاو و یەکسان تەمەشا بکەن تاوەکو جیاوازی نەمینێت، چونکە جیاوازی کردن لەنێوان کوڕان و کچان لەناو خێزان هۆکارە بۆئەوەی توندوتیژی زیاتر بێت بەرامبەر ژنان".
"تا ئاستێک هۆشیاری تاک دەربارەی توندوتیژی دژی ژنان زیادی کردووە"
لەلای خۆیەوە، نەجلا سەڵاح ژنە پارێزەر و چالاکوانی بواری ژنان، باسی دۆخی ژنان کرد لە سایەی نەبوونی یاسایەک بۆ پاراستنیان و ئاشکرای کرد: "بەراورد بە ڕابردوو ئەتوانم بڵێم گۆڕانکاری کراوە و توندوتیژی دژی ژنان سەڕەڕای ئەوەی بەردەوامە بەڵام کەمتر بووە، لە ئیستادا بەهۆی ئەوەی ڕێکخراو و چالاکوانانی بواری ژنان بەردەوام کۆر، سیمینار و خولی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا پێشکەش دەکەن، بۆیە تائاستێک هۆشیاری تاک دەربارەی توندوتیژی دژی ژنان زیادی کردووە".
"فشار لە عێراق بکەین بۆ چاکسازی لە یاساکانی پاراستنی ژن"
هەروەها ئەو ژنە پارێزەرە باسی لە یاساکانی عێراق کرد لە بابەتی پاراستنی ژنان لەو توندوتیژییەی کە بەرامبەریان دەکریت، ڕایگەیاند: "ئەو یاسایانەی لە عێراق هەیە بۆ پاراستنی ژنان و خێزان پێویستی بە هەموارکردنەوە و گۆڕانکاری هەیە، بەڵام گۆڕانکاری بەرەوە باشتر، ئەگەر بڕیاری "١٣٢٥" جێبەجێ بکرێت ئەوکاتە ژنان مافیان لەئیستا زیاتر زەوت دەکرێت و دەفەوتێت، بۆیە هیوادارم بە فشاری سەرجەم لایەنەکان و ڕێکخراوەکان چاکسازی لە یاساکانی عێراق ڕووبدات بۆ پاراستنی ژنان".
"دەنگی خۆیان بەرزبکەنەوە بەرامبەر پێشەڵکاری و زەوتکردنی مافەکانیان"
لە کۆتایی قسەکانیدا نەجلا سەڵاح، پارێزەر و چالاکوانی بواری ژنان، ووتی: "پەیامم بۆ کۆمەڵگا ئەوەیە، کە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بتوانن داوای مافەکانی خۆیان بکەن، کە بتوانن دەنگی خۆیان بەرزبکەنەوە بەرامبەر پێشێڵکاری و زەوتکردنی مافەکانیان و داوای مافەکانیان بکەن، پێویستە هیچ کچێک بەبێ خوێندن نەمینێت، هیوادارم ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی زیاتر پێشکەش بە گەنجان بکەن تاوەکو بتوانین زیاتر پێشبکەوین و سەرجەم مافە ڕەواکانمان بەدەست بهێنین".