بوڵدان: تێکۆشان بەردەوام دەبێت لەپێناو شکاندنی گۆشەگیری
هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە پەروین بوڵدان، گوتی: "سەختترین گۆشەگیری لەسەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان هەیە، بێگومان درێژە بە تێکۆشان دەدەین لەپێناو شکاندنی ئەم گۆشەگیرییە".
هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە پەروین بوڵدان، گوتی: "سەختترین گۆشەگیری لەسەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان هەیە، بێگومان درێژە بە تێکۆشان دەدەین لەپێناو شکاندنی ئەم گۆشەگیرییە".
هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە، پەروین بوڵدان بەشداربوو لە بەرنامەی ئاهەنگگێڕان بۆ جەژنی قوربان لەلایەن هەدەپەوە لە وان لەبەردەم باخچەی بارەگای پارتەکە، بە ئامادەبوونی پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان.
پاش پیرۆزبایکردن لە ئامادەبووان، گوتی: "ئەم قۆناغە پێویستی بە ئاشتییە، بەهیواین جەژن بێتە مایەی ئازادی و ئاشتی، بەڵام ناتوانین بە دڵخۆشییەوە پیرۆزبایی جەژن بکەین، چونکە ستەم لە کورد دەکرێت و ستەمیان لێ دەکرێت".
بوڵدان ئاماژەی کرد بە هەڵبژاردن و گوتی: "سەرباری ئاستەنگەکان تێکۆشانمان بەردەوامە، هیوادەکەین هەموو گەلانی چەوساوە بە ئاشتی و ئازادی بژین، پێش هەمووان گەلی کورد، لەم ڕەوشەدا ناتوانین بڵێین ئاکەپە و مەهەپە براوە بوون، هەڵبژاردنەکان لە کەشێکی دیموکراتیک ئەنجام نەدران، ئاکەپە هەموو توانایەکی دەوڵەتی بەکارهێنا و ستەمەکەی سەریگرت، ئێمە لێرەین و لەتەنیشت گەلەکەمانداین، لەپێناو شکاندنی فشار تێدەکۆشین، دژی ستەمی نکۆڵیکردنی ئاکەپە.
پاشان ئاماژەی کرد بە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: "ناتوانن بە فشار و هەڕەشە و ترساندن لە ڕێگەکەمان دوورمان بخەنەوە، ڕۆژنامەوانێک بەهۆی گوتنی "لە وڵاتدا گۆشەگیری هەیە" دەستگیرکرا، ئەمە بەڵگەیە بۆ تەشەنەکردنی گۆشەگیری، نەوەک هەر لە ئیمراڵی، بەڵکو لە گشت لایەکی وڵات، بەڵام توندترین گۆشەگیری لەسەر بەڕێز ئۆجالانە، بێگومان درێژە بە تێکۆشان دەدەین لەپێناو شکاندنی گۆشەگیری، وڵات ڕادەستی ستەمی ئاکەپە ناکەین، تێکۆشان فراوانتر دەکەین، داوادەکەم هەمووان پشتگیری ئەم تێکۆشانە بکەن، ئەم ڕەوشی بێ مافی و ستەمە لە وڵات کۆتایی پێ دەهێنین، جەژن لە گەلەکەمان پیرۆزبێت، ئێمە لە جەژندا لە هەموو شوێنێک لەگەڵ گەلەکەمان کۆدەبینەوە".