چارەنووسی ١٦ هاوڵاتی مەخموری لە زیندانەکانی پەدەکەدا نادیارە
لە ماوەی مانگێکدا زیاتر لە ٢٠ هاوڵاتی کامپی پەنابەرانی مەخمور لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی پەدەکەوە لە هەولێر دەستگیرکراون، کە چارەنووسی ١٦ کەسیان نادیارە.
لە ماوەی مانگێکدا زیاتر لە ٢٠ هاوڵاتی کامپی پەنابەرانی مەخمور لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی پەدەکەوە لە هەولێر دەستگیرکراون، کە چارەنووسی ١٦ کەسیان نادیارە.
بەم دواییە، ئاسایشی پەدەکە شاڵاوێکی ڕەشبگیریی چالاکوانان و سیاسەتمەدارانی لە هەولێر و دهۆک دەستپێکرد، لە ناویاندا ٢٠ هاوڵاتیی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی- مەخمور، لە ماوەی نزیکەی مانگێکدا دەستگیرکران.
بەپێی زانیارییەکان، تا ئێستا تەنیا چوار کەس لەو دەستگیرکراوانە سەربەست کراون و چارەنووسی ١٦ کەسی دیکەیان نادیارە و نازاندرێت لە کوێ ڕاگیراون.
ئەو کەسانەی سەربەست کراون، ئاماژەیان بەوەداوە کە لە زیندانەکانی پەدەکەدا، قسەی ناشرین، بێڕێزیی و سووکایەتییان بەرامبەر کراوە و لەو شوێنانە زیندانیی کراون، کە چەتەکانی داعش تێدابوون و هەندێک جاریش خراونەتە ژووری تاکەکەسییەوە.
پێشتر کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کامپی مەخمور، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون، ١٥ـیان کرێکار و پێنجی دیکەشیان خوێندکاران، کە لە ڕۆژی جیاوازدا دەستگیرکراون، لە کۆی ئەو ٢٠ کەسەش پێنجیان ژنن، کە هەندێکیان لە کاتی ڕۆشتنیان بۆ هەولێر و هەندێکیشیان لە شوێنی مانەوەیان لەناو شار دەستگیرکراون.
پەیوەندیدار بە بابەتەکەوە، کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کامپەکە، پەیوەندییان بە خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە کردبوو، بەڵام ناوەندی خاچی سوور ڕایانگەیاندبوو، کە ئاگایان لە بابەتەکە نییە و لەو بارەوە لێکۆڵینەوە دەکەن.
خانەوادەی ئەو دەستگیرکراوانەش، ڕۆژانە بۆ ئەوەی زانیارییەک لە منداڵەکانیان وەرگرن، لە هەوڵداندان و تا ئێستا هیچ ئەنجام و زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی ڕۆڵەکانیان دەستنەکەوتووە.
ناوی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون بەم شێوەیەیە:
١- حاجی یڵدرم
٢- ئایجان چەلەبی
٣- سەعید کارا عەبدوڵا
٤- عەبدولکەریم کارا یوسف
٥- سادق بولوت ئەحمەد
٦- ئایدن ئاپایدن
٧- ئورهان بلوت
٨- ڕوکەن ئوستون
٩- کارۆش ڕۆستەم
١٠- شڤان محەمەد
١١- زیلان سالح
١٢- قەدەر سالح
١٣- غوربەت تونچ
١٤- ڕوبار سادق
١٥- ئیحسان شێخ سلێمان
١٦- ناوەکەی نەزاندراوە
ز.ش