چیفتیوره‌ك: پێویسته‌ وه‌زاره‌تی داد له‌باره‌ی گۆشه‌گیری ڕوونكردنه‌وه‌ بدات

سینان چیفتیوره‌ك، په‌رله‌مانتاری پارتی چه‌پی سه‌وز لە بازنەی وان داوای له‌ وه‌زاره‌ت دادی ده‌وڵه‌تی تورك كرد، له‌باره‌ی گۆشه‌گیری ڕوونكردنه‌وه‌ بدات.

سینان چیفتیوره‌ك، په‌رله‌مانتاری وانی سه‌ر به‌ پارتی چه‌پی سه‌وز ڕایگه‌یاند، ده‌بێت ده‌ستبه‌جێ گۆشه‌گیری نایاسایی و ناڕه‌وای سه‌ر ڕێبه‌ری گه‌لی كورد، عه‌بدوڵا ئۆجالان كۆتایی پێبهێندرێت.

چیفتیوره‌ك له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی فورات (ANF) ڕایگه‌یاند، مافێكی یاساییه‌، كه‌ عه‌بدوڵا ئۆجالان بتوانێت چاوی به‌ بنه‌ماڵه‌و پارێزه‌رانی بكه‌وێت، به‌ڵام ڕێگه‌ی پێنادرێت، وتیشی: ئۆجالان گۆشه‌گیر كراوه‌، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت به‌ پێویستی نازانێت له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ بدات.

ئه‌و پارله‌مانتاره‌ی پارتی چه‌پی سه‌وز ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، چه‌ند مانگ جارێك سزای دیسیپلین به‌سه‌ر ئۆجالان ده‌سه‌پێندرێت، ئه‌وه‌ش ناڕه‌وایه‌. دووپاتیشیكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ ناو گۆشه‌گیریدا گۆشه‌گیری به‌كاربهێندرێت، پێویسته‌ ئه‌وه‌ بۆ بنه‌ماڵه‌ و پارێزه‌ره‌كانی ئاشكرا بكه‌ن، به‌ڵام ته‌نانه‌ت له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كیش ناده‌ن.

گۆشه‌گیری په‌یوه‌ندی به‌ ته‌واوی ڕای گشتییه‌وه‌ هه‌یه‌

له‌ وه‌ڵامی پرسیاری "ده‌وڵه‌ت ده‌یه‌وێت چی بكات، بۆچی پێداگری له‌سه‌ر گۆشه‌گیری ده‌كات؟ چیفتیوره‌ك وتی: ده‌وڵه‌ت ئه‌و گۆشه‌گیرییه‌ وه‌ك ئامرازێك بۆ دروستكردنی گوشار له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا به‌كارده‌هێنێت، خاڵی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بنه‌ماڵه‌ و پارێزه‌رانی و هه‌روه‌ها ڕای گشتی بێبه‌ش ده‌كات كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌باره‌ی فكری ئۆجالان بزانن. ئه‌گه‌ر سیاسه‌تمه‌دارێك زیندانی بكرێت، پێویسته‌ بتوانێت چاودێری و به‌دواداچوون بۆ سیاسه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی زیندان بكات. ئه‌و گۆشه‌گیرییه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ته‌واوی ڕای گشتییه‌وه‌ هه‌یه‌.

چیفتیوره‌ك جه‌ختیشیكرده‌وه‌، ده‌بێت ده‌ستبه‌جێ ئه‌و گۆشه‌گیرییه‌ ناڕه‌وایه‌ كۆتایی پێبهێندرێت. هه‌روه‌ها پێویسته‌ وه‌زاره‌تی داد هۆكاری گوشه‌گیری بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكات. مافی ئۆجالانه‌ بنه‌ماڵه‌ و پارێزه‌رانی ببینێت، بۆیه‌ داوا له‌ وه‌زاره‌تی داد ده‌كه‌ین له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕونكردنه‌وه‌ بدات.

ژ.ن