دەبەپە: لە ئامەد لە دژی گۆشەگیری هەڵوێستی روون نیشاندرا

لیژنەی بەرێوەبەریی ناوەندیی دەبەپە سپاسی بەشداربووانی گردبوونەوەی ئازادی لە ئامەدی کرد و رایگەیاند، لە دژی گۆشەگیری هەڵوێستی روون نیشاندراوە.

لیژنەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) سەبارەت بە "گردبوونەوەی ئازادی" کە سەرباری قەدەغە و ئاستەنگییەکان دوێنێ لە ئامەد بەڕێوەچوو راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەدا کە لە سەر هەژماری دەبەپە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکسدا بڵاوکراوەتەوە، بەڵێنی گوڕدان بە تێکۆشان دووپاتکراوەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "گردبوونەوەی ئازادی لە دژی گۆشەگیری لە ئامەد، لە دژی ئەو سیستمەی گۆشەگیری کە لە کەسایەتی بەڕێز ئۆجالان دەستیپێکردووە و کاریگەری کردووەتە سەر تەواوی کۆمەڵگە، وێڕای هەموو قەدەغەکاریی، گوشار و رێگرییەکانیش بە گوێرەی ئامانجی دیاریکراوی سازکرا. گەلانی تورکیا و کوردستان جاڕێکی تر ئیرادەی خۆیان بۆ چارەسەری دیموکراتیک، ئاشتی هەمیشەیی و ئازادی نیشاندا. لەبەر ئەوەش بەنیشاندانی هەڵوێستی خۆیان لە دژی گۆشەگیری گەلان بەرپرسیارێتی مێژووییان خستە ئەستۆی بەردەنگەکانی چارەسەرییەوە. بەم بۆنەوە؛ ئێمە لەناخەوە سپاس و رێزی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەو هاوڕێیانەمان دەکەین لە بۆ دەربازکردنی وڵات لە تاریکی رەنجیان کێشاوە، ئاراستەی گەلانمان دەکەین کە شەقامیان کردە گۆڕەپانی بەرخودان، هەروەها ئاراستە هەڤاڵانمان دەکەین کە لە قۆناغی ئامادەکردنی گردبوونەوەکەدا شەو و رۆژیان خستەسەریەک و سپاسی ئەو هەڤاڵانەشمان دەکەین کە هاوکاری و یارمەتییان پێشکەش کردین و شان بە شانی ئێمە وەستانەوە. لە دژی گۆشەگیری لە هەموو گۆڕەپانێکدا تێکۆشانی ئێمە بەردەوامە، ئێمە دووبارەی دەکەینەوە، کە لە تێکۆشانی ئازادی و دادپەروەریدا هەوڵێکی کرداری خاوەنداری بەهێز دەخەینەگەڕ".