دکتۆر مەلا حەسەن گەرمیانی: دەبێت خەبات بکەین بۆ خاوەنداری لە بەڕێز ئۆجەلان
دکتۆر مەلا حەسەن گەرمیانی کەسایەتی ناوچەی گەرمیان رایگەیاند: "چونکە گەلی کورد خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکەیە بۆیە دەوڵەتی تورک هەوڵی کۆمەڵکوژی کورد دەدات".
دکتۆر مەلا حەسەن گەرمیانی کەسایەتی ناوچەی گەرمیان رایگەیاند: "چونکە گەلی کورد خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکەیە بۆیە دەوڵەتی تورک هەوڵی کۆمەڵکوژی کورد دەدات".
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتەدا لەگەڵ دکتۆر مەلا حەسەن گەرمیانی ئەندامی ئەنجومەنی پێشووی پارێزگای سەلاحەدین و نوێنەری خورماتو، هەروەها ناوبراو پێشمەرگەی دێرین و کەسایەتییەکی دیاری ناوچەی گەرمیانە، سەبارەت بە چەند پرسێکی وەکو گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد ڕێبەر ئۆجەلان، گرنگی کۆنفدڕاڵزمی دیموکراتی بۆ گەلانی ناوچەکە بەگشتی و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەریمی کوردستان بەتایبەتی و هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر گەلی کورد و خاکی کوردستان، ناوبراو بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.
دەبێت خەبات بکەین بۆ خاوەنداری کردن لە بەڕێز ئۆجەلان
سەبارەت بە ڕێبەری گەلی کورد ڕێبەر ئۆجەلان و ئەو گۆشەگیریەی سەری، دکتۆر مەلا حەسەن گەرمیانی ووتی: "وەکو ئەوەی من بزانم بەڕێز ئۆجەلان لەوکاتەوەی کە لە زیندانە تائیستا نزیکەی ١٣ هەزار لاپەرەی نووسیوە، بۆیە بەڕێز ئۆجەلان لەناو زیندان بێت یان لەدەرەوەی زیندان بێت بەرهەمی هەیە بۆ نەتەوەکەی، لەئیستادا دەیان بیرمەندی جیهانی خاوەنداری لە ئۆجەلان دەکەن بەڵام خۆشترە ئەگەر تەواوی نەتەوەکەی خاوەنداری لێبکات بۆیە دەبێت ئێمەش رۆژانە بەشێوەیەکی نەوەستاو خەبات بکەین بۆ خاوەنداری کردن لەبەڕێز ئۆجەلان، بەبڕوای من ئەگەر ئۆجەلان کورد نەبوایە ئەوە بە زانا و فەیلەسوفێکی گەورەی جیهان دەناسرا، بەڵام لەبەر ئەوەی کوردە بۆیە لە زیندانە".
ئۆجەلان دیدگایەکی باشی هەیە بۆ داهاتووی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
هەروەها دکتۆر مەلا حەسەن تیشکی خستەسەر گرنگی کۆنفیدڕالزمی دیموکراتی بۆ چارەسەری کێشەکانی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەریمی کوردستان بەتایبەتی و ڕایگەیاند: "بیری ئاپۆیی وەکو لە رۆژئاوای کوردستان دەبینین گرنگی کۆنفیدڕالزمی دیموکراتی کراوە بە سیستەم کە یەکێکە لەو دیدگا و بۆچوونانە کە بۆ تەواوی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سودمەندە، بۆیە ئەو دیدگایە بۆ کۆمەڵگای کوردەواری بەگشتی و ئەو ناوچانەی کە تێکەڵاون لەڕووی پێکهاتەوە کە لەچەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان فرە پێکهاتەیی هەیە بیری ئاپۆیی باشترین ڕێگایە بۆ بەڕێوەبردن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە باشوری کوردستانیش لە شەنگالەوە تا مەندەلی فرە پێکهاتەیە بۆیە دیدگای بەڕێز ئۆجەلان بۆ داهاتووی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین باشە".
چونکە کورد خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکەیە، تورک هەوڵی کۆمەڵکوژی دەدات
ناوبراو باسی بەردەوامی هێرش هەوڵەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی کرد لە سڕینەوە و جینۆساید کردنی گەلی کورد و ئاماژەی بەوەکرد: "تورک ماوەی هەزار ساڵە هاتوونەتە ئەم ناوچەیە، لەبەر ئەوەی ئەو شوێنەی لی نیشتەجێن خاک و ووڵاتی خۆیان نیە، بۆیە بەردەوام خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە کۆمەڵکوژ دەکەن بۆئەوەی کەس بەرهەڵستی نەکات چونکە ئەوان لە مەنگۆلیاوە هاتوون و خەڵکی ئەم خاک و ووڵاتە نین و هیچ وابەستەیەکیان نیە بەخاکەوە، پێشتریش جینۆسایدی ئەرمەنەکانیان ئەنجامدا و چەرکەس و لازەکانیشیان کۆمەڵکوژ کرد، چونکە گەلی کورد خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکەیە ئیستا تورک هەوڵی کۆمەڵکوژی کورد دەدات".
تورک هەوڵی بنبڕکردنی کورد دەدات بۆ داگیرکردنی خاکەکەمان
هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆسەر خاکی کوردستان و چۆنیەتی ڕووبەڕووبونەوەی داگیرکەر، دکتۆر مەلا حەسەن گەرمیانی، ووتیشی: "خوێندنەوە مێژووییەکان سەلماندوویەتی کە کورد کۆچی نەکردووە بۆ ئەم ناوچەیە و نیشتەنی ڕەسەنی ناوچەکەیە، بۆیە تورک دوژمنێکی زۆر هارو سەرسەختە دەیەوێت ئێمەی کورد بنبڕ بکات بۆ ئەوەی خاکەکەمان داگیربکات، پێویستە هەموو تاکێکی کورد تێکۆشەر و چەکدارێک بێت بەچەکی بیروباوەڕی نەتەوەیی و خاک پەروەری و ووڵاتپارێزی".