دەرچووانی کۆلێژی کەرکوک دژی نەبوونی دامەزراندن، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا
لە بەردەم بینای پارێزگای کەرکوک ژمارەیەک لە کچان و کوڕانی دەرچووی کۆلێژی کەرکوک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا دژی نەبوونی دامەزراندن.
لە بەردەم بینای پارێزگای کەرکوک ژمارەیەک لە کچان و کوڕانی دەرچووی کۆلێژی کەرکوک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا دژی نەبوونی دامەزراندن.
ئەمرۆ یەکشەمە لە فولکەی پارێزگا لە بەردەم بینای دیوانی پارێزگای کەرکوک، خۆپیشاندان لەلایەن ژمارەیەک کچ و کوڕی دەرچووی کۆلێژی کەرکوک ئەنجامدرا، خۆپیشاندەران داوای دامەزراندنیان لە دام ودەزگا حکومییەکان دەکرد و داوایانکرد لە دامەزراندنەکان گرنگی بە دەرچووان بدرێت کە ساڵانێکی زۆر لە رەنج و ماندوو بوون لە خۆیندن هیچ داهاتوویەکیان نیە.
بەشدار خالید دەرچوویەکی کۆلێژی کەرکوک سەبارەت بەخۆپیشاندانەکەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: " ئێمە وەکو دەرچووانی کۆلێژی کەرکوک ماوەی شەش مانگە بەردەوامین لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان، تەنها داواکاری ئێمە دامەزراندنە کە ئەوەش سادەترین مافی ئێمە وەکو دەرچوانی کۆلێژەکەیە کە ساڵانێکی زۆرە ڕەنج و ماندووبوونمان داوە لە پێناویدا."
هەروەها بەشدار خالید وتیشی: " تا ئیستا لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا کە بەردەوام بوون لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان، هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار لێمانی نەپرسیوەتەوە، بەتایبەتی پەرلەمانتارەکانی شارەکە کە ماوەیەکی دیکە کاتی هەڵبژاردنەکان و لە دەرگاکان دەدەن بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بەڵام لەئیستا هیچ داکۆکییەک لە مافمان ناکەن، بەردەوام لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی شارەکەوە بەڵێنمان پێدەدەن، بەڵام هەر جارە و بە بیانویەک بەڵێنەکان جێبەجی ناکەن."
لە کۆتاییدا بەشدار خالید وتی: " تا ئیستا چەند کەسانێکی کەم دامەزراون لەو دەرچووانەی کۆلێژەکەمان کە ئەو کەسانەش کەسوکاری بەرپرس و خزمی بەرپرسن، ئەوانەی دیکەش کە کەسوکاریان بەرپرس نین و منداڵی کەسانی هەژارن هیچ جۆرە دامەزراندنێکیان بۆ نیە."
ف.ق