بەگوێرەی زانیارییە هەرێمییەکان، دەوڵەتی تورک لە دۆڵی ساخان و شەشداران-ی سەر بە زاخۆ لە ژێر چاودێریی هێزەکانی پەدەکە و پاسەوانانی سنووردا، بەردەوامە لە بڕینەوەی دارستانەکانی ناوچەکە. بەگوێرەی ئامارێکی پارتی سەوزی کوردستانیش دەوڵەتی تورک سێ ملیۆن داری بەتەمەنی لە دەڤەری بادینان بڕیوەتەوە.
لەو بارەیەوە، د. محەمەد گەناوی، پسپۆڕی ژینگە و مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز قسەی کرد و وتی: ئەوەی دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە ژینگەی کوردستان دەیکات خراپترین کارە، لە ڕابردوودا ئەم کارە ڕژێمی سەدام ئەنجامی دەدا، کانیاوەکانی وشک دەکرد و گوندەکانی دەسوتاند. ئێستاش دەوڵەتی تورک بە مەبەستی ئەوەی سیستمی ژینگەیی وێران بکات و ژیانی تێدا نەمێنێت دارستانەکان دەبڕێتەوە. ئەوە سیاسەتێكی مەترسیدارە و لە ئێستادا کاریگەری خراپی لەسەر کوردستان هەیە، بەڵام ئەم کاریگەرییە سبەی تورکیاش دەگرێتەوە، چونکە ڕەهەندێکە لە کۆی سیستمی ژینگەی جیهانیی.
ئەو پسپۆڕە ژینگەییە وتیشی: سوتاندن و جینۆسایدکردنی ژینگە لە لایەن تورکیاوە سبەی دەبێتە مۆدێلێک و ڕەنگە وڵاتێکی دیکەش بەرامبەر تورکیا بەکاریبهێنێت. ئەوەی تورکیا دەیکات لە ڕووی ژینگەیی و مێژوویی و کولتوورییەوە کارەساتە، ئەو مرۆڤانەی لەوێ دەژین سیستمێکی ژینگەییان هەیە، ئەم سیستمە بەرهەمی هەزاران ساڵە، لەو شوێنەدا فەرهەنگ و زمان و مێژوویەک بیچمی گرتووە، کە هەمووی دەسڕێتەوە.
لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوە دا؛ ژینگە هەموومان پەیوەست دەکات و ئەرکی هەموومانە لە هەموو ئاستەکاندا هەڵویستمان هەبێت. تورکیا تاوانی ژینگەیی ئەنجامدەدات و دەبێت سزابدرێت، لانی کەم ناچاربکرێت ئەو دارانەی لەناویبردووە دووبارە بیچێنێتەوە. تورکیا ژینگەکەت وێران و خاپور و جینۆساید دەکات، ئەمە بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە کارەساتێکە. بۆیە بانگەوازیی لە هەمووان دەکەن؛ هاوڵاتی، ڕێكخراوەکان، وەزارەت و حکومەتی هەرێم وعێراق و هەتا ئاستی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانیش، بۆ پاراستنی ژینگە بەشدارییەکی چالاکانە بکەن.
ف.ق