دەوڵەتی تورک سزای ١٠ مانگ زیندانیی بەسەر ڕۆژنامەنووس ئایگوڵ دا سەپاند

دەوڵەتی تورک لەبەر هەواڵێک لەبارەی دەستدرێژیکردنە سەر کچێک لە شارۆچکەی تاتوان لە پارێزگای بەدلیسی باکووری کوردستان سزای ١٠ مانگ زیندانیی بەسەر سینان ئایگوڵ سەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی بەدلیس دا سەپاند.

سینان ئایگول سەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی بەدلیس لە ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵێک لە ئەژمارەی خۆی لە میدیای دیجیتاڵ لەبارەی دەستدرێژکردنە سەر منداڵێک دەستگیرکرا. لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢  بە بڕیاری دادگای سزاکانی تاتوان زیندانیکرا. لە ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ ئازاد کرا. دوێنێ دانیشتنی یەکەمی دۆزەکە بە تۆمەتی "بە ئاشکرا بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە" لە لقی ١ی دادگای سزا قورسەکان لە تاتوان بەڕێوەچوو.

ئایگوڵ ناڕەزایی بەرامبەر بە تۆمەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و چەواشە دەربڕی و مافی پاراستنی خۆی بەکارنەهێنا. لە بەرامبەردا داواکاری گشتی داوایکرد، ئایگول بە تۆمەتی "بە ئاشکرا بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە" سزای یەک ساڵ و سێ مانگ زیندانیی بەسەردا بسەپێنرێت. دادگا داواکەی داواکاری گشتیی پەسەند کرد و لە دوای گفتوگۆی نێوان خۆیان بڕیاری دا ١٠ مانگ زیندانی بکرێت، بەڵام دەرکردنی بڕیاری زیندانیکردنەکە دواخرا.

ئەگەر بڕیارەکە پەسەند بکرێت ئایگوڵ زیندانی دەکرێت

ئەگەر بڕیارەکە پەسەند و بڕیارەکە ڕابگەیەنرێت، ڕۆژنامەنووس سینان ئایگوڵ بۆ ماوەی ١٠ مانگ زیندان دەکرێت.

ژ.ت