دەوڵەتی تورکی داگیرکەر گوندی گوهەرزێی لە ئامێدی تۆپباران کرد

دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان، ئەمڕۆش تۆپبارانی سنووری دهۆکی کرد و گولـلە تۆپێک لە گوندی گوهەرزێ کەوتە ماڵی هاوڵاتییەکەوە، زیانی ماددیی بەدوای خۆیدا هێنا.

ئەمڕۆ، جارێکی دیکە دەوڵەتی داگیرکەری تورک، تۆپبارانی گوندی گوهەرزێ لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی لە پارێزگای دهۆک کرد.

کامەران عوسمان ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکیی لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، لە کاتژمێر ٠٢:٣٠ خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆدا، تۆپێک لە ناو ماڵەکانی گوندی گوهەرزێدا کەوتە خوارەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، هیچ زیانێكی گیانیی نەبووە، زیان بەر خانووی ئەو هاوڵاتییە مەدەنییە کەوتووە کە تۆپەکەی بەرکەوتووە.

ئەو ئەندامەی سی پی تی ئەوەشی ئاشکرا کرد، لەسەرەتای ئەمساڵەوە، ١١ جار، تۆپ کەوتووەتە ناو ماڵەکانی گوندی گوهەرزێ لە شارۆچکەی ئامێدی.

لە کۆتایشدا ڕایگەیاندووە، سوپای تورکیا لە ١٥ـی حوزەیرانی ئەمساڵەوە، دوو بارەگای سەربازیی لە پشتی گوندی گوهەرزێ دروستکردووە و بەشێکی هێرشەکەی ئەمساڵی کەوتوونەتە سنووری گوندەکە.