دژی داگیرکردنی زەوی کوردانی کەرکوک لەدادگای فیدڕاڵی سکاڵا تۆمارکرا
دوو پەرلەمانتاری کورد، لەسەر کێشەکانی زەوی کشتوکاڵی جووتیارانی کوردی کەرکوک لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵایان تۆمار کرد.
دوو پەرلەمانتاری کورد، لەسەر کێشەکانی زەوی کشتوکاڵی جووتیارانی کوردی کەرکوک لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵایان تۆمار کرد.
ئەمرۆ رۆژی دووشەممە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، هەریەکە لە دیلان غەفور پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە بازنەی کەرکوک و یوسف محەممەد، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، سکاڵایەکەیان لە دادگای فیدراڵی عێراق تۆمارکرد، دیلان غەفور لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە ماڵپەری فەرمی خۆی بڵاوی کردبووەوە ڕایگەیاند کە "حەوت مانگە سەرقاڵی ئامادەکردنی دۆسییەکەن بۆ ئەوەی بە بەڵگە سکاڵایەکی 'بەهێز' ئامادە بکەین تاوەکو بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی هەڵوەشاوە و لیژنەی ناوچەی باکوری سەردەمی رژێمی پێشووی بەعس لەسەر زەویوزارەکانی کەرکوک بە یەکجاری هەڵبوەشێتەوە".
هەروەها ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: "دادگای فیدڕاڵی سکاڵاکەی لێوەرگرتوون و لە داهاتوودا کاتی دانیشتن بۆ بڕیاردان لەسەر دۆسیەکە دیاریدەکەن".
دیلان غەفور پەرلەمانتاری شاری کەرکوک لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای کرد: "لە سکاڵاکەدا زیانلێکەوتووانی ئەو بڕیارانەی رژێمی پێشوویان کردووەتە نموونە و وەکالەتیان بۆیان کردووە تاوەکو دادگەی فیدراڵیی عێراق ئاگاداری لایەنی خراپی بڕیارەکان بێت".
جێگای باسە، ئەمرۆ هادی عامری سەرۆکى لیژنەى جێبەجێکردنى مادەى ١٤٠ی دەستور، بەپێ نوسراوێک کە ئاڕاستەى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراقی کرد، تیدا ڕایگەیاند کە تەواوى بڕیارەکانى لیژنەى (کاروبارى باکور) هەڵوەشاوەتەوە و بەوپێیەش ئەو زەویانەى لەلایەن عەرەبە هاوردەکانەوە داگیر کرابوون دەگەڕێنەوە بۆ کوردەکان.
بەپێى نوسراوەکە، لەمەودوا دەبێت کار بە بڕیارى ٢٩ى ساڵى ٢٠١٢ بکرێت کە بەوپێیە بێت تەواوى ئەو بڕیارانەى لە سەردەمى حزبى بەعسدا دراون هەڵدەوەشێتەوە کە تایبەت بوون بە بەعەرەب کردنی کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەڕیگەی سەندنەوەی زەوی لە کورد و بەخشینی بە عەرەبی هاوردە لە ڕیگەی بڕێارەکانی لیژنەى (کاروبارى باکور)ەوە.