دکتۆر یاسین سەردەشتی، مامۆستای بەشی مێژوو لە زانکۆی سلێمانی، وەک مامۆستایەک هەڵوێستی خۆی دژ بە هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک دەربڕی و ئەو هێرشانەی شەرمەزارکرد، لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و وتی: "ئەم سیاسەتە فاشیستەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەسەر دەستی ئەتاتورک دروستبووە و لەلایەن ئەردۆغانەوە بەردەوامی پێ دەدرێت، ئەم سیاسەتە دژ بە گەلانی کوردستانە و دەیهەوێت هەر هەوڵ و پێشەنگایەتییەک بسڕێتەوە، هەمان ئەو هێرشانەی کە ئێستا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەیکات، لە ساڵانی ١٩٩١ بەرامبەر بە گەلانی باشوری کوردستان لە ڕێگەی دروستکردنی شەڕی ناوخۆوە ئەنجامی دەدا، دەوڵەتی تورک ناتوانێت کەسێتی ئازاد و گەلی ئازاد قبوڵ بکات و بە مەترسی دەیبینێت بۆ سەر بەردەوامی سیستمە فاشیستە دژە مرۆڤانەکەی، هەر بۆیە من وەک مامۆستایەک بە توندی ئیدانەی ئەم هێرشانە دەکەم و دژیان دەوەستمەوە."
لای خۆشییەوە حەمەساڵح عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ناوەندی رۆشنبیری غەزەلنوس، بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیستی کرد و وتی: "دەوڵەتانی داگیرکار و بە تایبەت دەوڵەتی فاشیستی تورک هەمیشە ویستی پاکتاوکردنی گەلی کوردییان هەبووە، ئەوان ئاژاوە و کارەساتییان خستۆتە ناو ڕۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەتی ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان، ڕەنگە نەمانتوانیبێت بە پێی پیویست وەڵامی ئەم هێرشانە بدەینەوە، بەڵام با بێگومان بن لەوەی ئەم تراژیدیایە دەکەینە چیرۆک و مێژوو، بۆ شەرمەزارکردنی داگیرکەرانی کوردستان."
هەروەها پەیامێکی ئاڕاستەی گەنجان کرد و وتی: "با گەنجانمان هۆگری و ئینتمای خۆیان بۆ کورد لەدەست نەدەن و دژ بەو سیاسەتە فاشێستییە دژە مرۆڤانەیەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بۆ ئازادی کوردستان، خەبات بکەن."
هـ . ب