ئەو یەکینە گەڕۆکانەی گەریلا کە لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ دژی داگیرکەران شەڕ دەکەن، بۆ پاککردنەوەی ئەو چیایانەی کە سوپای داگیرکەری تورک بە پشتیوانی پەدەکە دەیەوێت لێی نیشتەجێ ببێت، ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕییانە ئەنجامدا.
گەریلاکانی بەشداربووی ئۆپەراسیۆنە شۆڕشگێڕییەکە، ئامادەکاری و بۆچوونەکانیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دەربڕی.
یەکێک لەو گەریلایانەی یەژاستار کە پێشەنگایەتی چالاکییەکانی گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ دەکەن، تێکۆشین بیلیکی، دووپاتی کردەوە، ڕزگاری لەڕێگەی تێکۆشانی چەکدارییەوە دەبێت. گوتی: "بەبێ تێکۆشانی چەکداری، ڕزگاری و ئازادی بەدی نایەت. لە زیلانەوە فێری فیداکاری بووین، لە ساراوە فێری پراکتیک بووین، لە بێریتانەوە فێری شەڕکردن بووین. ئەمڕۆ لە تونێلەکانی شەڕ و گۆڕەپانەکاندا زۆر هاوڕێمان هەن کە وەک ئەوان بوونەتە پێشەنگ. بەو ئیلهامەی لەوانەوە وەرمان گرتووە، ئەمڕۆ خۆمان بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە شۆڕشگێڕییە ئامادە دەکەین. گرنگترین قۆناغی شەڕ، ئامادەکارییە. ئێمە پشکنین و هەواڵگری و پلانەکانمان تەواو کرد. چەکەکانمان کۆنتڕۆڵ کردووە، لە هەمووی گرنگتر، مۆڕاڵ و پاڵنەرمان لە بەرزترین ئاستدایە. دڵنیایین لەم ئۆپەراسیۆنەدا سەرکەوتوو دەبین، باوەڕمان بە سەرکەوتنە".
"هەرچییەک دەکەن با بیکەن، لەوێ دەریان دەکەین"
گەریلای هەپەگە، چەتین سەرحەد، گوتی: "ڕێگە نادەین سەربازانی تورک بە ئاسوودەیی لە چیای ئامێدی بمێننەوە. هەروەها ناهێڵین بە ئاسانی بکشێنەوە. ساڵی ڕابردوو ئەو هەڤاڵانەی لەم گۆڕەپانەدا شەڕیان دەکرد، بە ڕوونی ئەمەیان نیشاندا. بەڵام ئەمساڵ دەمانەوێت وانەیەکی مەزنتر بدەینە سوپای تورک. ئێمە ئەمە وەک خەونێک ناڵێین، بە دڵنیاییەوە ئەنجامی دەدەین. سوپای تورکیش لای خۆیەوە لەناو ئامادەکارییەکی مەزندایە، بەڵام ئێمە هەمیشە بەدواداچوون بۆ جموجۆڵەکانیان دەکەین. گرنگ نییە چ ئامادەکارییەک بکەن، تاکتیکی گەریلا لە دژی هەموویان هەیە. ئێمە بە ئامانجی دوورخستنەوە سوپای تورک لەوێ، دەکەوینە ڕێ".
"وەڵامی پێویست دەدەینەوە"
گەریلای هەپەگە، هاوڕێ بێکەس کە بەشداری ئۆپەراسیۆنە شۆڕشگێڕییەکە بووە، پەیوەست بە قۆناغی ئامادەکاریی بۆ چالاکییەکە، گوتی: "وەک ساڵی پار، سوپای تورک ئەم ساڵیش لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، ئۆپەراسیۆنی ئەنجامدا. بەڵام مانای ئەوە نییە، داگیرکەر گەیشتۆتە ئامانجەکانی. بە هاوکاری بنەماڵەی بارزانی دەیانەوێت باشوری کوردستان داگیربکەن و بگەنە ئەو سنوورانەی کە خەونی پێوە دەبینن. ئێمەش وەک تیمە گەڕۆکەکانی گەریلا، دەمانەوێت دژی هەوڵەکانی داگیرکاری، وەڵامی پێویست بدەینەوە. لەم چوارچێوەیەدا، ئامادەکاری خۆمان دەکەین. بە ڕۆحی هێرشبردنی هەڤاڵ باران خۆمان ئامادە دەکەین کە ساڵی پار لە چالاکییەکی چیای هەکاری شەهید بوو".