گەل هەوڵ دەدات لەسەر پێی خۆی بمێنێتەوە

محەمەد کارامان کە بە خۆبەخشی هاوکاری زیانلێکەوتووانی سەمسور دەکات وتی، " گەل بە دەرفەتی خۆی هەوڵ دەدات لەسەر پێی خۆی بمێنێتەوە."

محەمەد کارامان کە بە خۆبەخشی هاوکاری زیانلێکەوتووانی سەمسور دەکات، رایگەیاند، سەربازانی تورکی لەبری ئەوەی خزمەت بە هاوڵاتیان بکەن، سووکایەتیان پێدەکەن.

یەکێک لەو شوێنانەی کە بومەلەرزەکە کاریگەریەکی زۆری لەسەر دروست کردووە، سەمسورە. محەمەد کارامان کە بە خۆبەخشی هاوکاری زیانلێکەوتووانی سەمسور دەکات بۆ ئاژانسەکەمان (ANF) قسەی کرد. کارامان باسی ئەوەی کرد کە هەر کە بیستی بومەلەرزە روویداوە، بەرەو سەمسور بەڕێکەوت و وتی، " کاتێک هاتمە نێو شارەکە سەرسام بووم. بینیم کە سەربازان سووکایەتی بە خەلك دەکەن. دەیانوت ' باشە ئێوە مرۆڤن؟. منیش دەستوەردانم کرد و وتم ، ئێوە ناتوانن بەسەر هاوڵاتیاندا هاوار بکەن. زۆربەی ئەم سەربازانەی کە رەوانەکراون، لە جێگەی ئەوەی هاوکاری زیانلێکەوتووان بکەن، زیاتر ئازاریان دەدەن."

گەل هەوڵ دەدات لەسەر پێی خۆی بمێنێتەوە

کارامان باسی ئەوەشی کرد هاوکاری لە زۆر دەڤەرەوە دێت، بەڵام رێگری لێدەکرێت و وتی، " ئافاد دەست بەسەر هاوکاریەکاندا دەگریت و لە رێگەی دەزگاکانی خۆی بڵاوی دەکاتەوە. هەدەپە ناوی خۆی لەسەر هاوکاریەکانی نانوسێت، ئەوانەی دیکە ناوی خۆیان لەسەر دەنووسن. لێرە نابێت کەس خەریکی رەنتخواردن بێت. بە تایبەتی سوپاسی دەزگا دیموکراتیەکان دەکەم. گەل هەوڵ دەدات بە دەرفەتی خۆی لەسەر پێ بمێنێتەوە. لە دەرەوەی وەڵات و لە هەرێمی کوردستانیش هاوکاری رەوانەکران."

کارامان باسی دۆخی نائاساییش کرد و وتی، " کاتێک هاتمە ئێرە، هەوڵیاندا رێگەم لێبگرن. پێویستە رێگە لە خۆبەخشەکان نەگیرێت و پێویستە کاری خۆیان بکەن."

ف.ق