هه‌واڵی به‌په‌له‌: گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی: بە ئیرادەی ئازادمانەوە چەکەکانمان لەناودەبەین
بە دیمەن

گەنجان: ئێمە پێشەنگایەتی لە دامەزراندنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکەین

ئەو گەنجانەی کە بەشدارییان لە وۆرکشۆپی 'بەگەنجانی پێشەنگ بەرەو کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ـدا کرد ئاماژەیان بەوە کرد، ئەوان لە چوارچێوەی دیدگای ڕێبەر ئاپۆدا پێشەنگایەتیی دامەزراندنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکەن.

ئەنجوومەنی گەنجانی ئامادی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) لە کوردستان و تورکیا لەژێر ناوی 'بە گەنجانی پێشەگ بەرەو کۆمەڵگەی دیموکراتیک' وۆرکشۆپێکی ڕێکخست. ئەو گەنجانەی کە بەشداریی لە وۆرکشۆپەکاندا دەکەن، بەناوی ڕۆڵێکی چالاکەوە لە پڕۆسەی ئاشتیدا سەرنج و داواکارییەکانیان ڕادەگەیەنن. ئەو گەنجانەی بەشداریی لە وۆرکشۆپەکەدا دەکەن بۆچوونەکانی خۆیان لەسەر پڕۆسەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسکرد.

'دەست لە تێکۆشان بەرنادەین'

ئاڤێستا ئاتەش ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆسەی ئاشتی پڕۆسەیەکی قووڵ و گرنگە و وتی، "ئەمڕۆ دەبینین کە لەنێو یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکانی سەردەمداین. سیستەمی کەپیتاڵیست بە تاڵانکردنی ژینگە بوونی خۆی بەردەوامی پێدەدات. ئێمە ناچارین لەبەرامبەر ئەمەدا بەرەنگاربوونەوەیەکی ئەخلاقی نیشان بدەین. لە بارودۆخێکی لەو شێوەیەدا پێویستیمان بە دیدگا و پارێزنامەکانی ڕێبەرێتی هەیە. ئەمە بۆ ئێمە دەبێتە سەرچاوەیەکی هیوا کە کۆدەکانی سیستەمەکە ئاشکرا دەکات.

بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەتایبەتی بەرپرسیارێتیی ڕێکخستنبوون دەخاتە ئەستۆی ژنانی گەنج. ئێمە وەکو ژنانی گەنج لەو چوارچێوەیەدا کاردەکەین. وەکو گەنج لەگەڵ گەنجان کۆدەبینەوە، دەخوێنینەوە و پارێزنامەکانی ڕێبەر ئاپۆ ڕادەگەیەنین. چالاکییەکانمان سەبارەت بە پڕۆسەکە بەردەوامن. ئێمە بە ئەنجامدانی وۆرکشۆپ بیرکردنەوەکانی خۆمان لەبارەی پڕۆسەکەوە نیشاندەدەین. لە چوارچێوەی دیدگای ڕێبەر ئاپۆدا، پێشەنگایەتی لە دامەزراندنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکەین. متمانەمان بە ڕێبەر ئاپۆ هەیە.

بێگومان سیستەم تا کۆتایی شەڕی خۆی دەکات؛ بەڵام ئێمە هەم گەنجان هەمیش گەل هیچ کاتێک دەست لە تێکۆشان هەڵناگرین. لێرەدا بانگەواز بۆ هەموو گەنجان دەکەم: خۆتان بە ڕێکخستن بکەن، بە ڕێکخستن بکەن!"

'بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکەوێتە ئەستۆی گەنجان'

خوێندکاری زانکۆ بەرات ئۆزدەمیر ئاماژەی بەوە کرد، وەکو گەنجان هەوڵدەدەن لە هەموو گۆڕەپانێکی تێکۆشاندا بن و وتی، "ئەو جۆرە چالاکییانە بۆ ئێمە گەلێک گرنگە تاوەکو گەنجان لە ڕێبەر ئاپۆ تێبگەن و بەشداری پڕۆسەکە بن. سەبارەت بە خاوەندارێتیکردنی پڕۆسەکەدا بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکەوێتە ئەستۆی گەنجان. لەگەڵ بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پێویستە گەنجان بە تێگەیشتنێکی بەرپرسیارانەترەوە مامەڵە لەگەڵ پڕۆسەکە بکەن. گەنجان دەیانەوێت بە بەرپرسیارێتییەکی گەورە هەڵبستن.

بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ ئاماژە بە ژیانێکی هاوبەش دەکات. گەنجان لە ئاشتیدا بە ڕۆڵی پێشەنگایەتی هەڵدەستن. دەوڵەتیش لەم بوارەدا پێویستە هەنگاوی پێویست بنێت."